دەربارەی مەکسیم گۆڕکی ڕۆمانی دەورانی منداڵیم
#گوڵزار حەمە فەرەج#
ڕۆمانی دەورانی مناڵیم یەکێکە لە ڕۆمانە سەرکەوتووەکانی نووسەر و ڕۆماننووسی ڕوسی مەکسیم گۆڕکی، حەمەکەریم عارف کردوویەتی بە کوردی، ناونیشانەکە ناوڕۆکی بابەتی ڕۆمانەکە دەدات بە دەستەوە، مەکسیم گۆڕکی لە جوملەی ئەو ئەدیب و نووسەرانەیە کە شۆرەت و نێوبانگی جیهانگیری هەیە و لە و ناوەندە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکانی سەرانسەری دونیا ناسراوە، بەرهەمەکانی بۆ زۆربەی زمانی گەلان وەرگێڕدراوە وەک ڕۆمانی دایک کە لێنین لەبارەیەوە دەڵێت: حەوت ساڵ شۆڕشێ ئۆکتۆبەری پێش خست. گۆڕکی لە سەرەتاوە بە کورتەچیرۆک هاتۆتە مەیدانی ئەدەبیاتەوە باشترین کاری خۆی لە و بوارەدا بەرهەم هێناوە، ئەسپی خۆی چالاکانە تاوداوە، هەڵبەتە گۆڕکی لەم شۆرەت و نێو بانگەدا کە پەیدای کردووە، هەم قەرزارباری هەڵوێستەکانیەتی کە لە سەنگەری میللەتدا بووە و هەم قەرزارباری بەرهەمەکانییەتی کە بەجیهانیان ناساندووە. گۆڕکی کەسێکی لیبرال سرووشت و میهرەبان بووە، لە سەرەتای شۆڕشەوە و تا ئەو کاتەی کە کۆچی دوایی کرد، هەڵوێستی مرۆڤانەی هەبووە و دانەبڕاوە. خزمەتێکی زۆری بە هاوکارە نووسەرەکانی و بە کەلتور و ڕۆشنبیری ڕوسی کردووە، بەڵام ئەوە بەمانای ئەوە نییە چاوپۆشی لە کەموکوڕی کێماسی هونەری بەرهەمەکانی بکرێت، کە ڕەخنەشی لێگیراوە، دیارە گۆڕکی نووسەرێکی فرە بەرهەم و قەڵەم بە بڕشت و پڕ کاربووە لە زۆر بواری کەلتور و ئەدەبیدا قەڵەمڕانی کردووە کە هەر یەکێک لە و بوارانە، دەکرێت لێکۆڵینەوەیەکی تێرو تەسەل و سەربەخۆی لەسەر بنووسرێت.
$ناوی تەواوی گۆڕکی$
گۆڕکی ناوی ئەلێکسی ماکسیمۆڤیچ پشکوفە، لەناو بنەماڵەیەکی نیمچە ناوەندی بچووکدا گەورە بووە، دایکی لە بنەماڵەی (خمچی) بوو بابی بالیفدروو بوو پاشان بوو بە بەرپرسی (بارەنداز) کە فەرمانگەیەکی ڕوسی بووە، دایکی گۆڕکی توانای بەخێوکردنی گۆڕکی نەبوو بە دایک و بابی خۆی سپارد تا بەخێوی بکەن، نەنکی میهرەبان بوو، بەڵام بابەگەورەی پیاوێکی سەختگیرو دڵ ڕەق و چاوچنۆک بوو، دوای ماوەیەک پێی وابوو گۆڕکی بارە بەسەریانەوە ئیتر کاتی ئەوە هاتووەپشت بە خۆی ببەستێت و نان بۆ خۆی پەیدا بکات، بۆیە لە تەمەنی یانزە ساڵییەوە دەریکرد ئاوارەی ناو ژیانێکی سەختبوو، ئیدی گۆڕکی کەوتە ژیانێکی سەختەوە دەربەدەر و سەرگەردان بوو سەرانسەری ڕوسیای تەی کرد و دەگەڕا بەدوای ناندا، هەر کارێکی بۆ هەڵبکەوتایە دەیکرد و سڵی لە هیچ کارێک نەدەکردەوە.
$ژیانی سەختی بووە خەرمانی نووسینی$
ئەنجامی گەڕان خەڵکی زۆری ناسی و لە زۆر شوێن دەمایەوە، بەهۆی جەنجاڵی و سەختی ژیانەوە، خەرمانێکی گەورەی بۆ نووسینی شانۆنامە و چیرۆک و ڕۆمان ژیاننامە و وتار و بابەتی جۆراو جۆر لەلا گەڵاڵە بوو، ژیانیکی پڕ ئەشکەنجەی بردەسەر، زۆر تامەزرۆی خوێندن بوو، خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی خوێند، بەڵام لەبەر ئەوەی لەوکاتەدا زانکۆ بە پارە بوو نەیتوانی بچێتە زانکۆ، دواتریش مردنی داپیرەی لە و سەروبەندەدا هێندەی تر ئاسۆی هیواکانی تەنی لە سۆنگەی چەرمەسەری و ژیانێکی ناکامەوە ڕەشبینی ژیانی لەلا درووستبوو ژیانی لەبەرچاوکەوت، هیوای بە تروسکایی ژیان نەما. لە ناچاریدا هەوڵێکی خۆکوشتن دەدات بەڵام سەرناگرێت، ڕۆژ دوای ڕۆژ نائومێدییەکەی درێژەی کێشا ئیدی لە و سەرو بەندەدا بەجۆشوخرۆشێکی زۆرەوە بووە هەواداری بزاڤی میللیگەرایی لە ڕوسیا و سەرەتای ئاشنابوون بە نووسین و سیاسەت.
$گۆڕکی لە ڕۆژنامە ئیش دەکات$
گۆڕکی لە ڕۆژنامەی (سامارسکایا گازتە) کەوتە کارکردن، یەکەم بەرهەمی بەناوی (ماکسیمی تاڵ) بڵاوبووە و هەر لە و ساڵەدا، گۆڕانکاری بەسەر ژیانیدا هات، زەماوەندی لەگەڵ (یکتریناپاڤلوڤنا) کرد و بوونە خاوەنی دوو منداڵ. گۆڕکی لە ساڵی 1898 یەکەمین سەرکەوتنی بەدەستهێنا نۆبەرەی نووسینەکانی لە ژێر ناوی چیڕۆک و سکێچان بڵاوبۆوە و پێشوازییەکی گەرمی لێ کراو سەد هەزار نووسخەی لێفرۆشرا و بووە هۆی سەرەتای پەیدابوونی ناوبانگێکی زۆر توانی کەسایەتییەکی ناودار بۆخۆی پەیدا بکات، دواتر خولیای شانۆی کەوتە سەر لە بواری شانۆنامەدا کەوتە نووسین و شانۆنامەی لە بنی بنەوە (مەخۆریشی) نووسی، گۆڕانکاری بەسەر باری دارییداهات، بەهۆی فرۆشتنی مافی ئیمتیازی بەرهەمەکانییەوە دەرامەتێکی زۆری دەست کەوت.
$جگە لە نووسین هیچ چەکێکی نەبوو$
لە سەرەتاوە یارمەتییەکی زۆری حیزبی سۆشیال دیموکراتی دەدا، پاشان حیزبی بوڵشەفیک بەرابەڕایەتی لینین، سەری هەڵداو هاتە مەیدان، بووە لایەنگری ئەوحزبە گۆڕکی جگە لە نووسین هیچ چەکێکی نەبوو تا داکۆکی لە خۆی بکات. لەسەر بیروڕای سیاسی چەندین جار لە زیندان گیراوە و دوورخراوەتەوە، بەڵام زیندان هەرەسی پێ نەهێناوە و ورەی نەڕووخاندوە، چەندین شانۆ نامە و ڕۆمانی نووسیوە لە شانۆنامەی (دوژمنان) کە شانۆنامەیەکی دژە سەرمایەدارییە، دەنگێکی گەورەی دایەوە، کە دەرهێنەری گەورەی ئەڵمانی ماکس ڕاینهارت دوای ساڵێک ئەو شانۆنامەیەی دەرهێناو لەسەر شانۆی (کلارینسی بەرلین) سەرکەوتوانە نمایشی کرد. گۆڕکی لە کاپری بوو چالاکانە کاری ڕووناکبیری خۆی دەکرد زۆر بەرهەمی بەپێزی نووسی لەوانە چیرۆکی بەناوبانگی بیست و شەش پیاو کیژێک و ڕۆمانی (شارەچکۆلەکەی ئوکورف) و ڕۆمانی (ژیانی ماتڤی و کوژمیاکین) پاشان شانۆنامەی (ڤاسلزنوڤا)ی نووسی کە ئەم شانۆنامەیە باسی دایکێکی دلێر و بە جەرگ دەکات پێدەچێت ئیلهامەکەی لە ڕۆمانی(دایک)ی خۆیەوە وەرگرتبێت.گۆڕکی خەڵاتی (گریبایدۆف)ی لە مۆسکۆ وەرگرت، هێندەی تر ناسرا دواتریش ڕۆمانی دانپێدانان 1908 نووسی کە زیاتر شەقڵ و مۆرکێکی مەزەبی لە خۆی گرتبوو. گۆڕکی خزمەتێکی یەکجار گەورەی بە فەرهەنگ و کەلتور و کەلەپوری ڕۆشنبیری و هونەری ڕووسی کرد ئەمە جگە لەوەی بووبووە پەناگە و داڵدەیەکی ئارام و کاراوکاریگەر بۆ زۆرێک لە نووسەران و هونەرمەندان و ڕۆشنبیرەکانی سەردەمی خۆی. زۆربەیان لە سایەی گۆڕکییەوە هەم ژیانیان پارێزراو بوو، هەم درێژەیان بە کارە ڕۆشنبیری و هونەرییەکەیان دەدا هەم کار و نانێکیشیان دەست دەکەوت، چونکە گۆڕکی سەرسەختانە پشتیوانی لێدەکردن، پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات توانی بەشی سێیەمی ژیاننامەی خۆی بە ناوی (رۆژانی زانکۆم بەشی زۆری ڕۆمانە چواربەرگییەکەی بە ناوی ژیانی (کلیم سامگین) نووسی، کە وێنەیەکی خەمناک و دڵتەزێنی ڕۆشنبیرانی ڕوسیایە، تا لە (18/6/1936) سەری نایەوە، تا ئێستاش لە ڕیزی نووسەرە ناودارەکانی جیهانە.[1]