دەستتێوەردان و بێزارکردنێکی بێ کۆتایی
بەنان فاروق
دەستتێوەردان بریتییە لە دەست خستنە ناو ژیانی تایبەتی کەسانی دی و ئەو شتانەی کە تایبەتن بە کەسێکی دیاریکراو، کە هیچ پەیوەندییەکی بەو کەسەوە نییە کە دەستێوەردان دەکات.
دەستتێوەردان یەکێکە لە کێشەکانی کۆمەڵگا و کەم کەس هەیە دەست لە ژیانی وەرنەدرابێت و بەوەش بێزار نەبووبێت، ئەو کەسانەشی ئەم خاسیەتە لەدەرونیادا هەیە و خۆیان هەڵدەقورتێننە ژیانی تایبەتی دەوروبەریان، گەر خۆشی دەست لە ژیانی وەربدرێت بێزار دەبێت پێی و بەڵام هەر دەسبەرداری ئەم خووە ناشرینە نابێت.
دەستتێوەردان لە ژیانی هەرکەسێکدا بوونی هەبووە و هەیە زۆرجار دەست لە تەمەنی منداڵییەوە دەست وەرئەدرێتە ژیانی منداڵەکە چ دایک و باوکی بن یان کەسی خزم یان بێگانە بێت، ئەمەش وا لە منداڵەکە ئەکات پشت بەخۆی نەبەستێت و ئامانج دانەنێت و هەوڵ بۆ ئامانجەکانی نەدات، ئەمەش کێشەیەکی زۆر گەورەیە کە منداڵێک پەروەردە بکرێت کە پشت بەخۆی نەبەستێت و ئامانجی نەبێت بەهۆی ئەوەی کە هەمیشە دەست لە ژیانی وەردراوە و ڕێگا نەدڕاوە بە خواستی خۆی بجوڵێتەوە و ئامانج دابنێت بۆ داهاتووی..
زۆرجار دەستوەرئەدرێتە ژیانی گەنجان و کە زۆر گەنج هەن پێی بێزار و جاڕس ئەبن، پێیان ئەوترێت ئەوە بۆ ئیشێک ناکەی؟
بۆ هەر دانیشتووی ئیشێک نادۆزیتەوە؟
ئەوە خوێندنت تەواو کرد ئیتر بەتەمای چیت.؟
ئەتەوێت کەی هاوسەرگیری بکەی؟
وا تەمەنت ئەچێتە سەرەوە کەی هاوسەرگیری ئەکەی؟
دوو ڕۆژی تر کەس نایەوێت هاوسەرگیریت لەگەڵ ناکەن بەتەمای کەیت؟
ئەمانە و چەندین پرسیاری تر کە بەم پرسیارانە دەستوەرئەدرێتە ژیانی تایبەتی کەسانەکان و قسەی خەڵکی دەستتێوەردەر هیچ کاتێک تەواو نابێت و هەر بەردەوام ئەبێت، دوای ئەوەی کەسەکەش ئیشی دەست ئەکەوێت و هاوسەرگیری ئەکات ئەڵێن بۆچی مناڵت نابێت بۆ مناڵێک ناخەیتەوە، دیارە نەزۆکی و مناڵت نابێت و هیچ هەستی کەسی بەرانبەریان لا گرنگ نییە، دواتر کە منداڵێکی ئەبێت ئەڵێن بۆچی کچت بووە دیارە ئەوجاخ کوێری، ئاخر کچ واتە ئەوجاخکوێری!؟
دواتر کە کوڕێکیشی ئەبێت ئەڵێن دوو منداڵ کەمە بۆ نایکەی بە دوو سێ؟
کە مناڵێشی زۆر ئەبێت ئەڵێن ئەﮪ برا ئەو هەموو مناڵەی بۆچییە؟ چۆن بەخێوئەکرێن و چەندین قسە و دەستێوەردانی دیکە، ئەو جۆرە قسانە نە سوود بە کەسی دەستێوەردەر ئەدات نە سوودیش بەو کەسە ئەگەیەنێت چونکە گەر تۆ بتەوێت سوودێک بە کەسێک بگەیەنیت ئامۆژگاری ئەکەیت نەک دەستوەربدەیتە ژیانی تایبەتی خەڵکی..
زۆر جار دراوسێ خەریکی تەداخولکردنی ژیانی تایبەتی دراوسێکەیەتی کە ئەمەش دیاردەیەکی زۆر بڵاو و ناشرینە.
ئەو کەسانەی کە فێری دەستتێوەردانبوون ئاسان نییە دەستبەرداری بن چونکە ڕاهاتوون لەوەی کە هەمیشە دەستوەربدەنە ژیانی خەڵکی، پێویستە خەڵکی هۆشیاربکرێتەوە و چیتر توانج لە بەرانبەرەکەی نەدات و وریایانە قسەبکات و بیر لە هەستی بەرانبەرەکەی بکاتەوە و دوو جار بیر لە قسەیەک بکاتەوە جا بیکات.[1]