ناونیشانی بابەت: #ئایینی یارسان# (کاکەیی) و شوێنەوارەکانی لە کوردستان بەشی 05
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
$بیروباوەڕی یارسانەکان$
ئایینی یارسان فەلسەفە و ڕوانگەی تایبەتی خۆی هەیە، ئەوان بڕوایان بە خوای تاک و تاقانە هەیە و پەڕتووکی پیرۆزیشیان هەیە. بە بڕوای یارسانەکان، ئایینی ئەوان هەمیشەیی و نەمرە، هەر بۆیە گەیشتوونەتە دواقۆناغی تەسەوف و سۆفیگەری.
مرۆڤدۆستی و ئاشتەوایی و ڕێزگرتنی ئایینەکانی دیکە لە بنەمای سەرەکیی ئایینەکەیانە. بڕوایان بە دۆنادۆن، واتا گواسترانەوەی ڕۆح لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە هەیە. نوێژ و ڕۆژوو دوو بنەمای سەرەکیی ئەم ئایینەن، کە گرنگیی پێ دەدرێت، لە کۆتایی هەموو هەفتەیەک، واتا لە شەوی پێنجشەمەدا، بڕوادارانی ئەم ئایینە، کە جەمخانە، بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکە ئایینییەکانیان کۆ دەبنەوە.
هەروەها هەموو یارسانێک دەبێ سێ ڕۆژ لە ساڵ، واتا لە سەرەتای وەرزی زستان، بەڕۆژوو بێت و ڕۆژی چوارەم دەبێتە جەژنیان.
خواردنەوەی مەی گوناە نییە، مەگەر زیادەڕۆیی لە خواردنەوەیدا بکرێت، کە ئەو کاتە بە گوناە حیسابە. فرەژنی لای ئەهلی حەقدا نییە و ئەگەر حاڵەتی تایبەتیش ببینرێت، ئەوە بە لادان لە ئایینەکە ئەژمار دەکرێ.
$بنکە یان بارەگای پیرۆزی یارسانەکان$
بنکە و بارەگای پیرۆزی یارسانەکان (جەمخانە)ی پێ دەگوترێ، کە شوێنێکە بۆ کۆبوونەوەی یارسانەکان، بە مەبەستی بەجێهێنانی ئەرکە ئایینییەکان و مەراسیمی پرسە بۆ کۆچکردووەکان و بەجێگەیاندنی خێر.
ڕێوڕەسمی ئایینی یارسان (جەم)ی پێ دەگوترێت، کە بە واتای کۆبوونەوە دێت، کە هەموو شەوانی پێنجشەممە لە جەمخانەکان جێبەجێ دەبێت.
$جەژنەکانی ئایینی یارسان$
$جەژنی قەولتاس$
گرنگترین و گەورەترین جەژن لەم ئایینە، جەژنی قەولتاس، یان جەژنی یارانە. ئەم جەژنە هەموو ساڵە لە سەرەتای وەرزی زستان، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەست پێدەکات، لەم سێ ڕۆژەدا خەڵکی باوەڕدار بەم ئایینە بەڕۆژوو دەبن و لە ڕۆژی چوارمدا جەژن دەست پێ دەکات.
مێژووی ئەم جەژنە بۆ سەردەمی #سوڵتان سەهاک# دەگەڕێتەوە. کاتێک، کە کۆمەڵێک لە یارەکانی سوڵتان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەناو بەفر گیر دەخۆن و دواتر ڕزگاریان دەبێ. لەم جەژنەدا، یارسانەکان لە شوێنی پیرۆزی خۆیان، کە جەمخانەی پێدەگوترێ، کۆ دەبنەوە و ڕۆژوودار بە خواردنی برنج و کەڵەشێر و هەنار جەژن دەگێڕن.
$جەژنی خاوەنکار$
جەژنی خاوەنکار، یان مەڕنۆ، یەکێکە لە جەژنە تایبەتەکانی یارسانەکان و تەنیا لە لای یارسانەکانی #ڕۆژهەڵاتی کوردستان# بەڕێوە دەچێت.
خاوەنکار وەک سەرکەوتنی ڕووناکی بەسەر تاریکیدا، وەک خاڵی وەرچەرخان و بنەڕەتیی بیرۆکەی یاری، یادی دەکرێتەوە.
وشەی خاوەن بە واتای خوا و مالیک و ڕۆحی پیرۆز دێت، کە مەبەست لەمە خوا ساحێب و خاوەن هەموو گەردوون دێت.
حیکایەتی مەڕنۆ: ئەم ناوە لە دوو وشەی پێک هاتووە، مەڕ بە واتای ئەشکەوت و نۆ بە واتای نوێ دێت. کاتێک کە سوڵتان کە لە منداڵییەوە کەسایەتییەکی تایبەت و جیاواز بووە، لە لایەن کەسە نزیکەکانی خۆی و بەتایبەت دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە ڕووبەڕووی ململانێ دەبێت، بۆیە لە ناوچەکەی خۆی، کە بەرزنجە بووە، بەرەو ناوچەی هەورامان دەڕوات، بەڵام هەر لەوێ لەنزیک هەورامان لە چیای #دالاهو# لە کێوی شنروێ، هێزێکی چەکداری بە ناوی چیچەک پەلاماریان دەدەن، بۆیە سوڵتان سەهاک و یارەکانی، پەنا بەر ئەشکەوتێک بە ناوی مەڕنۆ دەبەن و دواتر بەهۆی سەرما و بەفر بارین ڕێگایان لێ دادەخرێت و مەڕنۆ ناوی ئەو ئەشکەوتەیە، کە سوڵتان سەهاک و یارانی لە دەست سوپای چیچەک خۆیان تێدا حەشار دابوو، کە بەدوایاندا کەوتبوون. [1]