قۆناغەکانی کێشەی خێزانی
#هێشو کەریم#
مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، بۆیە ژیان بە تەنیا قورسە، ژیان بە تەنیا چێژێکی ئەوتۆی نابێت، بەپێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە، ئەو مرۆڤانە ی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان زۆرە دەروونێکی ئاسوودە یان هەیە و تەمەنیان درێژترە، بۆ بەردەوامبوونی ژیان یەکێک لە ڕێگەکانی درووستکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان(شووکرن و ژنهێنان)ە، کەواتە بۆ درووستکردنی ژیانێکی هاوبە ش و وەچە خستنەوە و بەردەومیدان بە مرۆڤایەتی، مرۆڤەکان زەماوەند دەکەن، بێگومان لە ژیانی هاوسەریدا لەگەڵ خۆشبەختی و چێژ بەدەر نابێت لە کێشە و گرفتیش لەم نووسینەدا ئاماژە بەقۆناغەکانی درووستبوونی کێشە دەکەم لەنێوان هاوسەراندا، هەر یەک لە ئێمە دەزانین کاتێک خێزانێکی بەختەوە ڕ و بێ کێشە و تەندرووست لەرووی مامەڵەوە درووست دەکرێ ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دەبێت.
کاتێکیش ژن یان پیاوی ماڵ یان منداڵەکانیان کێشەیەکی خێزانی ڕوویان تێدەکات کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی خێزانی و ئەدای کارکردن و تەواوی سێکتەرەکانی ژیانیان درووست دەکات بۆ ئەوەی بەرچاو ڕوون بین و هەوڵبدەین کۆنترۆڵی خۆمان بکەین و کەمترین کێشە ڕووبەڕووی خێزانەکەمان ببێتەوە باشترە زانیاریمان لەسەر قۆناغەکانی درووستبوونی ناکۆکی نێوان هاوسەران هەبێت.
قۆناغی یەکەم هۆکار بۆ درووستبوونی کێشە یان ناکۆکی لەنێوان هاوسەراندا دەگەڕێتەوە بۆ میزاجی هاوسەران کاتێک بەهۆی شتێک لەدەرەوە یان بەهەر هۆکارێک بێت دەروونێکی ئاسوودە یان نییە، واتا ئەو کەسە ئامادەیە بۆ ئەوەی زۆر بە ئاسانی کێشە بخوڵقێنێت.
قۆناغی دووەم درووستبوونی شتێک یان ڕووداوێک کە دەبێتە هاندەرێک بۆ درووستبوونی کێشەکە بۆ نموونە منداڵەکەیان داوای شتێک دەکات دایکەکە ڕەتیدەکاتەوە بۆی بکات باوکی تەداخول دەکات.
قۆناغی سێیەم لێکتێنەگەیشتنی هاوسەرانە لەسەر ڕووداوەکە هەر یەکەیان بەپێی بیرکردنەوە و تێڕوانینی خۆی ڕووداوە کە دەبینێت، کەسیان وەک ئەوی تریان بیرناکەنەوە دیارە کە بیرکردنەوەی خانمان و پیاوان جیاوازە بۆیە گرنگە هەردوولا بتوانن ئاشنابن بە سایکۆلۆژیای ڕەگەزی بەرانبەر لەڕێی خوێندنەوەوە.
قۆناغی چوارەم شڵەژان و مناقەشەکردن درووست دەبێت و دواتر دەبێتە کێشە بێگومان ئاشنابوونی ئێمە بەم قۆناغانە یارمەتی دەردەبێ بۆ بچوکردنەوەی کێشەکان.[1]