هیچ ژنێک بە ژنی لەدایک نابێت، بەڵکوو لە پڕۆسەی پەروەردە و بە کۆمەڵایەتییکردن دا دەبێت بە ژن. ئەمە قسەی سیمۆن دیبۆڤوارە.
بێگومان هەمان قسە بۆ پیاویش درووستە، بەو واتایەی پیاویش مرۆڤە و مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی وەرگر و زیرەک لە پڕۆسەی ژیانکردندا ڕۆڵی پێ دەبەخشرێت.
کێشەی سەرەکی ئەوەیە لە دنیای پیاو سالارییدا ڕۆڵی نێرینە وا دەبیندرێت ڕۆڵێکی کاریگەرترە لە ڕۆڵی مێینە، کە لە حەقیقەتدا بەو جۆرە نییە.
بۆ نموونە؛ منداڵ لەنێوان دوو ڕەگەزی نێر و مێ درووست دەبێت.
لەناو بیر و نەریتی پیاو سالارییدا ڕۆڵی دایک نا گرنگتر دەبیندرێت لە ڕۆڵی باوک، لە کاتێکدا ڕۆڵی هیچ کامیان کەمتر نییە لەوی تریان. ئەگەر وا باوە باوک بڕیاردەرە و دایک تەنیا هەست و سۆزە لە حەقیقەتدا ئەوە ڕاستیەکە نییە، بەڵکوو دایک بە هەمان شێوەی باوک دەتوانێت بڕیاردەر و گرنگ بێت لەسەر داهاتووی منداڵ، بەتایبەتی ئەگەر ڕۆڵی کۆمەڵایەتیی دایک لە ئاستی هۆشیاریدا بەرز بێت.
بەهەمان شێوە ئەگەر باوک هەمیشە بەدوای کار و بژێویدا ڕانەکات و کاتی هەبێت بۆ پەروەردە و ئاگالێبوونی منداڵ؛ سۆز و میهرەبانیی بۆ منداڵەکەی کەمتر نابێت لە سۆزی دایک.
ئەم دایک و باوکە بۆ وا کار و ڕۆڵیان دابەش بووە؟
لە وێنە باوە گشتییەکەدا؛ پێکهێنەرەکانی درووستبوونی کەسایەتیی (پیاو) بریتین لە: هێز، نەترسان، نەگریاوی، کەم هەستیی، کەم شەرمیی، بڕیاردەریی…تاد.
لە هەمان وێنەی باوی کۆمەڵگادا؛ بەگشتیی پێکهێنەرەکانی درووستبوونی کەسایەتیی (ژن) بریتین لە: لاوازیی، ترسنۆکیی، بێ ئیرادەیی، باوەڕ بە خۆ نەبوون، خاوەندار کە لە لایەن ڕەگەزی (پیاو) خاوەنداریی دەکرێت و… تاد.
ئەم دوو وێنەیە لە هزری زۆرێک لە مرۆڤەکاندا چەسپاوە، بەهۆی پەروەردەی کولتووریی و نەریتیی و ئایینیی و کۆمەڵایەتیی، و زۆر لایەنی دیکەی ئاڵۆز کە بەشدارن لە پێکهێنانی کەسایەتیی ئەم دوو ڕەگەزەی مرۆڤدا.
بۆ مرۆڤێکی بیرکەرەوە؛ لە هەر جێیەکی ئەم سەر زەمینەدا بژی؛ دەتوانێت ئەم جیاکارییە ببینێت. بەڵگەی حاشا هەڵنەگری بوونی ئەم دنیا بینییە هەڵەیە لەناو مرۆڤەکاندا؛ کوشتنی بەردەوامی ژنانە بە بیانووی جۆراوجۆر، کە بنچینەی هۆکارەکە خودی خاوەنداریی و بە موڵک زانینی ژنە لە لایەن پیاوانی پەروەردەی بیری پیاو سالاریەوە.
ئێستا دەتوانین بپرسین: ئایا ئەم وێنانە درووستن و دەتوانن دوو مرۆڤی سالم بۆ ژیانێکی واتادار ئامادە بکەن؟
ئایا ئاوێتەبوونی پێکهاتەی کەسایەتیی ژن و پیاو کارێکی هێندە زەحمەتە؟
ئایا لەو ڕۆڵەی بە تۆی نێر بەخشراوە کە داماڵراوە لە دڵفراوانیی و نەرم و نیانی و هەست و سۆز و وەفاداریی ڕازیت؟
ئایا ئەو ڕۆڵەی بۆ تۆی ژن دیاری کراوە کە داماڵراوە لە ئیرادە و بڕوا بەخۆبوون و بەهێزبوون و کاریگەریی؛ پێی ڕازیت؟ [1]
#هاوژین زیبا#