ناونیشانی بابەت: خورییەکان (بەشی یەکەم)
ئامادەکردن: #سارا سەردار#
$خورییەکان فەرمانڕەوایەتییەکی کوردیی خاوەن زمان و شارستانیەتی تایبەت$
(خوری، یان حوری، یاخۆ هوری) ناوی گەلێکی کۆنی ڕەسەنی کوردستان بوو کە لە چوار ﮪەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر ناویان لە نووسینە مێخییەکاندا هاتووە.
بەپێی گوتەی هەندێ سەرچاوە، خورییەکان لە سەرەتاوە خەڵکی ناوچەکە نەبوون، بەڵکوو کۆچەر بوون و پێدەچێ شوێنی سەرەتاییان کوێستانەکانی باکوور و ناوچەکانی قەوقاز بووبێت، بەڵام دواتر لە ناوچەکانی باکووری میزۆپۆتامیا و سووریا نیشتەجێ بوون.
$لایەنی زمانەوانی و نووسین لای خورییەکان$
ئەوان ڕەگەزی سامی نەبوون و زمان و نووسینی تایبەتیی خۆیان هەبووە و دەیان دەقی نووسراویان بە زمانی خۆیان لێ بەجێ ماوە، بەڵام بەﮪۆی کاریگەری دەوڵەتە بەهێزەکانەوە زۆرجار زمانی ئەکەدی و ئاشوورییان بەکارهێناوە. بە پشتبەستن بەو پێوەندییە زمانەوانییەی لەنێوان خوری و ئورارتی هەبووە، پێدەچێت ڕەگوڕیشەیەکی کۆنی هاوبەشیان هەبێت و لەناو زمانەکاندا زمانی (خوری - ئورارتی بنە) Urartian-Hurro proto پێ دەگوترێت.
شارەزایانی بواری زمانە کۆنەکان پێیان وایە ئەم زمانە هاوبەشە کۆنە لە ﮪەزارەی سێیەمی پێش زایین بە دواوە، ئیتر بۆ دوو لقی جیای (خوری و ئورارتی) دابەش کرابێت.
خورییەکان بۆ نووسین خەتی بزماریان بەکار هێناوە، بەڵام بۆ ئەوەی لەگەڵ دەنگەکانی زمانەکەیان بگونجێت گۆڕانکارییان بەسەردا هێناوە و خەتەکەیان ئاسانتر کردووە و نیشانەکانیان کەمتر کردووەتەوە.
$ئایین لای خورییەکان$
خورییەکان وەک نەتەوە کۆنەکانی تری کوردستان، پانتیۆنیان هەبووە بۆ کۆکردنەوەی خواوەندەکانیان، زۆرجار هەندێ خواوەندی لە نەتەوەکانی تر وەرگرتووە و خستوویانەتە سەر پانتیۆنەکەی خۆیان.
گەورەی هەموو خواوەندەکانی خوری خواوەندی)با و باران) بووە کە ناوی (تێشوب) بوو، مەڵبەندی پەرستنی ئەم خواوەندە لە شاری (کوممێ) بووە، بەڵام دیار نییە دەکەوێتە چ ناوچەیەک.
لە خواوەندەکانی تری خورییەکان خواوەندی (شاوشکا)خواوەندێک بووە هاوتای (عەشتار)، کە زۆر بەرز و بەڕێز بووە لایان، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی دیجلە و مەڵبەندی پەرستنی نەینەوا بووە.
خواوەندی (کوماربی و خواوەندی خێپات)کە ئەمانە زیاتر لە باکووری سووریا و ڕۆژاوای کوردستان بوون، خواوەندی نوپاتیک، یان هەمان خواوەندی (لوباداگا)لە نووسینەکەی (تیش - ئەتال)، خواوەندی (شیمیکێ) کە خواوەندی خۆر بووە، خواوەندی (کوشواخ)خواوەندی مانگ.
(پانتیۆن کۆمەڵەی، یان ئەنجوومەنی خواوەندەکانی نەتەوەیەک، یان وڵاتێک، یان شارێکە). [1]