ئا: هۆشمەند ڕەفیق
ڕاپۆرتێکی شیکاریی زانستی مێژوویی
پێداچوونەوەی زانستی: پڕۆفیسۆر قادر محەمەد پڕۆفیسۆر ئاکۆ بورهان
#ئاڵا# نیشانەی ناسنامەی نەتەوەیی و بوونی گەلی کوردستانە، ئاڵا پیرۆزیی خۆی لە ناو سەرجەم گەلاندا بە گەلی کوردستانیشەوە هەیە، چونکە ناسنامەی نەتەوە و خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستانە، هەروەکو چۆن ئاڵا لە جیهاندا هێمای ناسینەوەی دەوڵەت و نەتەوە و گرووپ و ڕێکخراو و پارتی سیاسی و یانەی وەرزشی و دەزگای فەڕمی و زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگە و لیوا و سوپای سەربازی و دەیان دامەزراوە و گرووپی جۆراوجۆری دیکەیە و، ڕێز و پیرۆزیی خۆی هەیە، لەلای کوردیش دوای ئەوەی لە 19/ 6/2009 #پەڕڵەمانی کوردستان# بڕیاری دا ڕۆژی 17ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک یادی ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە. بەمەش ڕۆژی 17ی کانوونی یەکەم بە ڕۆژی ئاڵا لە کوردستان دانراوە، ئەمەش دوای بڕیاری ژمارە 26ی ڕۆژی 11/11/1999 کاتێک پەڕڵەمانی کوردستان بە یاسای ژمارە 14ی ساڵی 1999 یاسای ئاڵای هەرێمی کوردستان – ئێڕاق لە 10 ماددە پێک هاتبوو، پەسەندی کرد و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش سیستمی ئاڵای کوردستانی بە بڕیاری ژمارە 2ی ساڵی 2004 دەرکرد و، تێیدا پێوانەی ئاڵا و شوێن و بۆنەکانی هەڵکردنی ئاڵای دیاری کرد، پاشان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش بە فەرمانی هەرێمیی ژمارە 60 لە #06-07-2007# شوێنی هەڵکردنی ئاڵای دیاری کرد. بۆ قسەکردن لەسەر گرنگی و پیرۆزیی ئاڵا، لەم نیمچە شیکارییە زانستییەدا باسێکی مێژووی ئاڵا دەکەم:
مێژووی ئاڵا
1. دارێکی درێژ چەقێنراوە و نیشانەیەکی پێوە لکێندراوە، بۆ ئەوەی خێزانەکەیان بە شوێنی کارکردنەکەیان بزانێت.
2. 4000 ساڵ پێش زایین لە خاکی میزۆپۆتامیا (کوردستان) هەڵدراوە، ئەمەش لەلایەن ئاشوورییەکان و سەفەوییەکان و ساسانی و میدیاکان و سۆمەرییەکان و پاشان شارنشینە یۆنانییەکان و قەیسەرەکانی ژاپۆن و چین، لەو سەردەمەشدا ئاڵا بۆ یەکەمین جار لە پێستی ئاژەڵ درووست کراوە. هەندێک سەرچاوەش بەکارهێنانی ئاڵا بۆ میسرییە کۆنەکان دەگەڕێننەوە.
لە مێژووی نوێدا بۆ یەکەمین جار دانیشتوانی دوورگەی هیندی ڕۆژهەڵات و چینییەکان ئاڵایان بە شێوەی قوماش بەکار هێناوە.
ئاڵا بۆچی بەکار دێت؟
ئاڵا بۆ زۆر مەبەست و ئامانج بەکار هێنراوە، کە گرنگترینیان بۆ جەنگ و جەژن و بۆنەکان و ناسینەوەی وڵات و کاری دیپلۆماسی بووە، بەو پێیەی ئاڵا ڕەمز و شەرەف و شکۆمەندی و مێژووی نەتەوەیە.
ڕەنگەکانی ئاڵا
لە هەموو دونیادا بەپێی جوگرافیا و نەتەوە و مێژووی ئەو گەلە، ڕەنگەکانی ئاڵا کۆمەڵێک مانا و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، دەکرێت ڕەنگەکان بەم شێوەیە جیا بکرێنەوە:
ڕەنگی سوور نیشانەیە بۆ شۆڕش و ئازایی و هێز و خوێنڕژان لە جەنگدا.
ڕەنگی زەرد نیشانەیە بۆ ڕووناکی و درەوشانەوە و ئاگر و وریایی.
ڕەنگی شین نیشانەیە بۆ ئاو و دەریا و ئاسمان و ئازادی و پاکی.
ڕەنگی ڕەش بۆ پرسە و مەرگ و نەمری بەکار دەهێنرێت.
ڕەنگی سپی نیشانەیە بۆ ئاشتی و ئارامی و ئاگربەست.
ڕەنگی پرتەقاڵی بۆ ئازایی و خۆبەختکردن و قوربانیدانە.
ڕەنگی سەوز بۆ بووژانەوە و ئازادی و پاراستن و گەنجی و کشتوکاڵ بەکار دەهێنرێت.
مێژووی ئاڵای کوردستان
سەرچاوە مێژووییەکان مێژووی ئاڵای کورد بۆ سەردەمی دەوڵەتی ماد بۆ 700 ساڵ پێش زایین دەگەڕێننەوە، دواتر ئاڵای دەوڵەتی ئەیوبی (سەلاحەدینی ئەیوبی) لە ساڵی 1138-1193 زایینی، ئاڵای ئەتابەگیەی هەولێر (سوڵتان موزەفەرەدین کۆگبۆری) ساڵی 1189 لە ئەتابەگیەی مووسڵ جیا بووەتەوە و، ئاڵای دەوڵەتی زەند لە ساڵانی نێوان 1750-1794ی زایین (کەریم خانی زەند) درووستی کردووە، لە دوای ئەمەش ئاڵای میرنشینی سۆران دێت، کە لە ساڵانی نێوان 1399-1835 حکومەتێکی کوردی بووە کە لە ساڵی 1816 دا سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندووە و لە ساڵی 1835 لەسەر دەستی هێزەکانی دەوڵەتی عوسمانی ڕووخێندرا، ئەو میرنشینە لەسەر دەستی پاشای گەورە دامەزرا، ئەو کات پایتەختەکەی ڕەواندز بووە.
ئاڵای ڕاپەڕینی بەدلیسی لە ساڵی 1914 کە ڕاپەڕینێکی ڕێکخراوی نهێنی بوو (ئیرشاد) لە کوردستانی باکوور، بە سەرۆکایەتیی مەلا سەلیمی بەدلیسی، شێوەی ئاڵاکەی لەسەر پارچە قوماشێک بە ئایەتی قورئانی پیرۆز ڕازاندرابووەوە. هاوکات ئاڵای قورچگیری لە ساڵانی 1919-1921 لە شۆڕشی قۆچگیری لە ناوچەی دەرسێم و خوزات بەرپا بوو، ئەمەش دوای ئەوەی کورد ئامادە نەبوو بچنە ژێر ڕکێڤی کەمالییەکانەوە.
لە دوای ساڵی1920 شێوەی ئاڵای کوردستان دەرکەوت، کە بۆ یەکەمین جار ئاڵای کوردستان لە ساڵی 1919 بە سەرۆکایەتی ئەمین عالی بەدرخان درووست کراوە، کە بە ئاڵای کۆمەڵەی خۆیبوون و شۆڕشی ئاگری لە ساڵی 1920 ناسراوە، ئاڵای کۆمەڵەی تەشکیلاتی ئیجتیماعیی کوردستان، ئەو ئاڵایە هەمان ئاڵای ئێستای هەرێمی کوردستانە لە (باشووری کوردستان) کە لەلایەن کەسێکەوە بەناوی (زین العابدین) لە ساڵی 1920 درووست کراوە و، سوودی لە ڕەنگە پیرۆزەکانی ماددەکانی وەرگرتووە (سوور، سپی، زەرد و سەوز).
گۆڕانکاری لە ئاڵای کوردستاندا
دوای ئەم ئاڵایە کۆمەڵێک ڕووداو و گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستان ڕوویان دا و شێوەی ئاڵاکە گۆڕانکاریی کەمی لەسەر کرا، نەک لە ڕەنگەکان، بەڵکوو زیاتر لە وێنەکانی سەر ئاڵاکە، بۆ نموونە: ئاڵای کۆماری ئارارات لە ساڵانی نێوان 1927-1930 کە کەوتبووە باکووری کوردستان و پارێزگای ئاگری پایتەختەکەی بووە، لە لایەن کۆمەڵەی خۆیبوونەوە سەرکردایەتی دەکرا، بە ڕابەرایەتیی (ئیحسان نووری پاشا) و لە ساڵی 1927 سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند (هەرچەندە قسەی زۆر لەسەر ئاڵاکە هەیە بەوەی ڕاست نەبێت) بەڵام لە ناو ڕۆژەکەدا وێنەی دوو چیای کوردستان بە ڕەنگی سپیی بە بەفر داپۆشراو هەیە.
هەرچی ئاڵای حکومەتەکەی شێخ مەحموودی حەفیدیشە لە ساڵانی نێوان 1922- 1924 ڕەنگی مانگێکی سپی لە ناو خۆرێکی ڕەنگ سوور، لە ناو ڕەنگێکی سپیدا هەبووە، بە هەمان شێێوە ئاڵای شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925 دا ئاڵایەکی سەوزە و خۆرێکی ڕەنگ زەردی تێدایە، ئاڵای حزبی ئازادیی کوردستانیش لەنێوان ساڵانی 1941- 1942 کە ئەو کات لە ورمێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕاپەرینێک سەری هەڵدا، بەپاڵپشتیی حزبی ئازادیی کوردستان لە دژی دەسەڵاتدارانی ئێران لە سەردەمی عەلی سهیای سەرۆک وەزیرانی فارس.
ئاڵای کورد لەسەردەمی کۆماری کوردستان – مەهاباد 1946
حکومەتێکی کوردیی کەمتەمەن لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دامەزرێندراوە، کە تەمەنی 11 مانگ بوو، پایتەختەکەی شاری مەهاباد بووە، لە ڕۆژی 15/12/1945 ئاڵای ئێران لەسەر باڵەخانەکان لەلایەن ڕاپەڕیوە کوردەکانەوە داگیرا، لە ڕۆژی 17/12/1945 بەرانبەر 26ی سەرماوەرزی ساڵی 2645ی کوردی، لە ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆ و بە ئامادەبوونی قازی محەمەد و مەلا مستەفا بارزانی سەرکردەی نەتەوەیی کورد و شۆڕشگێڕانی پارچەکانی دیکەی کوردستان، بە فەڕمی ئاڵای کوردستان هەڵکرا، ئاڵاکە لە مەیدانی چوارچرا کاتژمێر 10ی بەیانی لەسەر شانی شەهید کەریمی نازمی لە ناو ئاپۆرای جەماوەردا، بەرەو باڵەخانەکە بە خۆشی و هوتاف کێشان و شادییەکی زۆرەوە و لە ناو دەنگی قرمەی تفەنگی سەدان بڕنۆ هەڵکرا، دواتر ڕاستەوخۆ ئاڵاکە لە سەرجەم شار و شارۆچکە و ناوچەکانی ژێر سنووری دەسەڵاتی کۆماردا هەڵکرا.
هەژار موکریانیی شاعیر لە ڕێوڕەسمی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ئەم هۆنراوەیەی خوێندەوە:
بیبینێ ئەو کەسەی پێی وابوو کورد سەرناکەوێ
کێ بوو پێی وابوو تەمی نیگبەت لەسەرمان ناڕەوێ
داری ئاڵام وەکوو چقڵە لە بۆ چاوی عەدوو
هەر دڵێ خۆشی نەوێ، ڕەبینی وەبەر کەوێ
قازی محەمەدی وتەیەکی بەهێزی لە ڕۆژی دادگاییکردنیدا هەیە، دەڵێت: (هەرگیز دەستتان ناگات بە ئاڵای کوردستان، ڕۆژێک دێت ئەو ئاڵایە لە سەر بینای ئەم دادگایەی کە تیایدا دادگایی دەکرێم، بەرز دەکرێتەوە و دەشەکێتەوە).
ئاڵای کوردانی باکوور و ڕۆژاوای کوردستانیش بە سێ ڕەنگی زەرد و سوور و سەوز دانراوە، تەنیا ڕۆژەکەی و ڕەنگە سپییەکەی تێدا دانەنراوە.
لە ئێستادا دروشمی نەتەوەیی ئاڵای کوردستان خۆری زێڕینە کە 21 تیشکی یەکسان و هاوشێوەی هەیە، کە مانای 21ی مانگی ئادار دەگەیەنێت، بە پێی ساڵنامەی زایینی نەک کوردی. هاوکات سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب لە لایەن شاعیری گەورەی کورد پارێزەر یونس ڕەئووف ناسراو بە (دڵداری شاعیر) لە ساڵی 1940 دانراوە و، بووەتە بەشێک لە کەلتوور و فەرهەنگی میللەتی کورد (کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە، زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان)، جوگرافیای باشووری کوردستانیش پارێزگاکانانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و کەرکووک و هەڵەبجە لەخۆ دەگرێت.
ئاڵاکەش بەپێی یاسای ژمارە 14ی ساڵی 1999ی یاسای ئاڵای هەرێمی کوردستان- ئێڕاق ڕێک خراوە، کە جەخت لەسەر کۆمەڵێک ماددەی یاسایی و بڕگە دەکاتەوە، لەوانە:
لە ماددەی یەکەمدا هاتووە: هەرێمی باشووری کوردستان ئاڵایەکی شێوە لاکێشەیی دەبێت، پانییەکەی سێ یەکی درێژییەکەی دەبێت و بەسەر سێ لاکێشەی ئاسۆیی یەکسان لە درێژی و پانیدا دابەش کراوە و بەم شێوەیە پێک هاتووە:
1. لاکێشەی سەرەوە ڕەنگی سوورە، هێمایە بۆ شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد.
2. لاکێشەی ناوەڕاست سپییە، هێمایە بۆ ئاشتی و ئازادی و دیموکراتی و لێبووردەیی، کە گەلی کوردستان دەیەوێت.
3. ناوەڕاستی لاکێشە سپییەکە خۆرێکی تێدایە بە ڕەنگی زەرد، کە دەکەوێتە خاڵی یەکتر بڕی ڕووبەری لاکێشەکە، کە 21 تیشکی سێگۆشەی یەکسانی لێ دەردەچێت و هێمایە بۆ بەردەوامبوونی ژیان و مەعریفە و هیوا و گەشبینی و 21 تیشکەکەش هێمایە بۆ بۆنەی نەتەوەیی نەورۆز، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوە و ڕاپەڕین و شۆڕش و ڕزگاری لە زوڵم و ستەم و چەوساندنەوە.
4. لاکێشەی خوارەوە ڕەنگی سەوزە، هێمایە بۆ کشتوکاڵ و سرووشت و ژینگەی کوردستان.
هەرچی ماددەی دووەم هەیە، جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە بەنیزام ئەو باڵەخانانە دیاری دەکرێت، کە ئاڵاکەیان لە سەر بەرز دەکرێتەوە.
ماددەی سێیەم بەرزکردنەوە و داگرتنی ئاڵاکەی دیاری کردووە، کە بەرزکردنەوەی ئاڵا لە کاتی خۆرهەڵاتدا دەبێت و، داگرتنیشی لە کاتی خۆراوابووندا دەبێت. بۆ درووستکردن و چاپکردن فرۆشتنی ئاڵاکەش، ماددەی چوارەم دانراوە، کە دەسەڵاتەکانی داوە بە وەزارەتی ڕۆشنبیری.
لە ماددەی پێنجەمدا قەدەغەی کردووە ئاڵا بەرزکردنەوە لە ئاهەنگە نەتەوەییەکان و نیشتمانییەکان بەکار بێت، ئەگەر ئاڵاکە شایەنی بەکارهێنان نەبێت، وەکوو گۆڕینی ڕەنگ و خاوێنی و دڕان.
لە ماددەی شەشەمدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئاڵا لە تەنیشت ئاڵای ئێڕاق بەرز دەکرێتەوە.
بۆ ئاسانیی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لە ماددەی حەوتەمدا هاتووە، ئەم ئەرکە دەکەوێتە سەرشانی ئەنجومەنی وەزیران، کە ڕێسایەکی تایبەت بۆ ئاسانیی جێبەجێکردنی دابنێت، لە ماددەی هەشتەمیشدا هاتووە کە لەسەر ئەنجومەنی وەزیرانە ئەم یاسایە جێبەجێ بکات، لە ماددەی نۆیەمدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە کار بە هیچ دەقێکی دیکە ناکرێت کە پێچەوانەی ئەحکامەکانی ئەم یاسایە بێت، لە ماددەی دەیەمدا جێبەجێکردنی یاساکەی لە ڕۆژی دەرچوونیەوە داوە و لە ڕۆژنامەی فەڕمی بڵاو کراوەتەوە.[1]