ناونیشانی بابەت: ئەرێ بەراست میوە ژەهرە؟
ئامادەکردن: د. #ئیسرا کەمال شا محەمەد#
ئەمە نموونەی ئەو پرسیارەیە کە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە! لە زانستی پزیشکیدا کاتێک ئێمەی پزیشک وەڵامی چارە خوازێک دەدەینەوە دەبێت لەسەر ڕێنمایی توێژینەوەی زۆر باوەرپێکراو و گایدلاینە جیهانیەکان بێت واتە evidence- based بێت.
واتە هەندێک کات جوابی پرسیارەکان بەو ئاسانیە نییە کە کەسانێک تێگەشتوون کە بە بەڵێ یان نەخێر جواب بدرێتەوە و بەلکو لایەنی زۆر هەلدەگرێت و ڕوونکردنەوەی زیاتری دەوێت.
$ئینجا با بێینەوە سەر پرسیارەکە کە ئایا میوە ژەهرە یان نەخێر؟$
بە پێی گایدلاینە جیهانیەکان کە ئێمە وەکو پزیشک لەسەری دەرۆین، هیچ یەکێک لەو گایدلاینانە پێمان ناڵێت کە میوە ژەهرە. بە پێچەوانەوە، بە پێی زۆربەی سەرچاوە باوەرپێکراوەکان میوەکان گروپێکن لە گروپە خۆراکیە گرنگەکان کە پێویستە بە ڕێژەی دیاریکراو لە خواردنەکانماندا هەبن چونکە ڕاستە بەشێک لە شەکری سرووشتیان تێدایە بەڵام لەگەڵیشیدا ڕیشال و ڤیتامین و کانزای تێدایە.
$ئەی پرسیارێکی تر، مادەم میوە ژەهر نی یە کەواتە ئایا ئاساییە بە هەوەسی خۆمان و بە هەر چ بڕێک بیخۆین؟$
نەخێر ئاسایی نی یە بە هەوەسی خۆت چەندت حەزکرد میوە بخۆیت چونکە هەر کەسێک پێویستی یەکی جەستەی دیاریکراوی هەیە کە دەبێت بەشی ئەوە خواردن بخوات کە دەیسوتێنێت بۆ ئەوەی چەوری زیادە پێویست لە لەشدا کۆ نەبێتەوە بۆیە کاتێک تۆ زۆر لە پێویستی لەشت زیاتر دەخۆیت ئیتر لە هەر گروپە خۆراکێکەوە بێت ئەوا ئەو وزەیەی لە لەشی تۆ زیایە بووە لە شێوەی چەوری زیادە هەلدەگیرێت و دەبێتە هۆی قەلەوی. چونکە میوەش وەکو هەموو گروپە خواردنەکانی تر کالۆری تیایە و شەکری تیایە (با شەکری سرووشتیش بێت دەبێت حسابی بۆ بکرێت)، واتە ڕەنگە زیادە ڕەوی کردن لە خواردنی میوەش ماکی بەدوادا بێت و هۆکارێک بێت بۆ قەلەوی!
$لەکێدا گرنگە ئاگاداری بڕی ئەو میوانە بن کە ڕۆژانە دەیخۆن؟$
- لەو کەسانەی کێشی زیادە و قەلەوییان هەیە دەبێت ئاگاداری بڕی هەموو ئەو خواردن و خواردنەوانە بن کە ڕۆژانە دەیخۆن و دەیخۆنەوە چونکە هەموویان کالۆری (وزەیان) تێدایە.
- ئەو کەسانەی شەکرەیان هەیە و شەکرەکەیان کۆنترۆل نی یە ئەوا دەبێت پێدا چوونەوە بکەن بە بر و جۆری خۆراکی ڕۆژانەیاندا بە گشتی و بە تایبەتی ئەو خواردن و خواردنەوانەی شەکر یان کاربۆهایدرەیتیان تێدایە (میوە ش یەکێکە لەو خواردنانەی ئەبێت بڕەکەی کەم کەنەوە لەو حالەتەدا).
- ئەو کەسانەی کە چەوری سیانی لە خوێنیاندا بەرزە.
- ئەو کەسانەی چەوری ناو ورگ و چەوری جگەریان هەیە.
- ئەو کەسانەی کەلەسەر پلانی تایبەتن وەکو لە کاتی جێبەجێکردنی پلانی کیتۆ یاخوود قۆناغە یەکەمەکانی پلانی ئەتکینز یان هەندێک لە پلانەکانی تر ی دابەزاندنی کێش، کە میوە تیایاندا ڕێگە پێدراو نی یە.
- لەو کەسانەی کە عجزی گورچیلەیان هەیە دەبێت ئاگاداری هەندێک میوە بن کە پۆتاسیۆم تیایاندا بەرزە و لە جیاتی ئەوە جێگەی بگرنەوە بەو میوانەی ڕێژەی پۆتاسیۆم تیایاندا کەمە. [1]