#فەلەکەدین کاکەیی#
بەوە دەگەم کە زەردەشت (و.. ئایین فەلسەفە و کولتوورەکەی)، خۆمان خوڵقاندوومانە.
زەردەشت زادەی ئەم ژینگەیەیە، بە ئاوو خاک و کۆمەڵگا و مێژوو و زمان و کولتوور و ئەفسانەو ڕامانەوە.
هەروەکو هەر زاناو فەیلەسووفێکی مەزنی دیکە خوڵقاوی ئاو هەوا و کۆمەڵگا و کولتووری نەتەوەی خۆیەتی.
چەند سەر دێنم و دەبەم.. هەر بەوە دەگەم: کە قەت مومکین نەبوو فەیلەسووفێک وەک کونفۆشیۆس(چین) لە جزیرە و بۆتان پەیدابێ، هەروەها نەدەشیا ئەحمەدی خانی یا حاجی قادرێک لە ڕووسیا دەربکەوێ.
بێگومان چ ڕووسیا یا چین یا کوردستان و هەر نیشتمانێکی دیکە زانا و شاعیر و فەیلەسووفی خۆیان هەبووەو هەیە.
بەڵام نەدەبوو زەردەشت لە ئەرجەنتین یا ئوسترالیا لە دایک ببێ، چونکە ژینگەی ئەو وڵاتانە جیاوازن لە کوردستان و ئێران.
هەر بۆیەش دەبێ قبوڵبکەم کە فەیلەسووفێک وەک (هیگڵ) یا (نیچە) یا (مارکس) و ئەوانی تر، بۆیان هەیە تەنیا لەسەر ڕیشەی سرووشت و کولتوور و ژینگەیی وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا دەربکەون. (هیگڵ) مومکن نەبوو لە (سەحرای ڕۆژاوای مەغریب یا لە (یەمەن) پەیداببێ.
ڕەنگە لەم بۆچوونەمدا، توانا و دەرفەتی هزری مرۆڤم سنووردارتر کردبێت. هەر بۆیەش، یەکسەر ئەپرسم:
- ئاخۆ جیهانگەرایی و خێرایی بڵاوبوونەوەی زانیاری و پێشکەوتنی ئامرازی گەیاندن و تەقینەوەی زانستەکان.. ئاخۆ ئەمە نابێتە هێزی بزوێنەری مێژوو و، تێکشانی سنوور و لەمپەرەکانی نێوان گەلان و وڵاتان، کە هەزاران ساڵە وەهایان کردووە، هەر وڵاتێک بە هەموو توانای کولتوور و کەسایەتی خۆی بپارێزێت؟
یا هەر گەل و نەتەوەیەک سرووشتی خۆی دەپارێزێت و، ئەم تەوژمەش بەشێوەیەک کۆتایی پێ دێت؟
دەگەڕێمەوە سەر ئەسڵی مەبەست کە(سرووشتە)، وەکوو وتمان. ئەم سرووشتەش لە دوو دیاردەو ڕیشەی پتەوەوە ئاو دەخواتەوە: یەک نەتەوە (زمان و نیشتمان و کەلەپوور و هاونژادی و خاک و ئاو و ژنیگە بەگشتی)، دوو: ئایین، کە هەمان کولتوور و ڕامان و فەلسەفە و دنیا بینییە.
واتە: هەزاران ساڵە چەندین گۆڕانکاری و پێشکەوتن بەسەر ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و شارستانەتی گەلانی دنیادا هاتووە، بەڵام ئەم دوو ئینتیمایە نەگۆڕاون، ئینتیمای نەتەوەیی و ئینتیمای ئایینی (بە مانای فراوانی کولتوورەوە).
لە مێژووشدا دیارە کە هەر نەتەوەیەک ئەو دوو ئینیتمایە (یا یەکێکی) لە دەست دابێت، فەوتاوە و نەماوە. ئەگەر مابێتیش ئەوە شێوەیەکی ئێجگار جیاوازی وەرگرتووە.
زەردەشتی، بۆ کورد و گەلە ئاریاییەکانی دیکە، بە گشتی ئینتیمای کولتووری ماوەتەوە، بەڵام لەلای نەتەوەی کورد هەم کولتووری و هەم نەتەوەییە، بەتایبەتی کە ڕیشە زمانەوانیەکی زەق و ئاشکرایە.
لەوەش گرنگتر سرووشتی کوردە، کە هەمان کولتووری زەردەشتییە.
لە چەندین وتاری دیکەش نووسیوومە و ئێستاش دەیڵێمەوە، کە هەندێ سیما و خەسڵەت و ڕەوشتی سەڵاحەدینی ئەیوبی و کەریمخانی زەند و سەرکردە مەزنەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەم، بە هیچ ڕێبازێک بۆم ڕاڤە و شیناکرێتەوە، مەگەر بەوەی کە ئەو پێشەوا و سەرکردانە، هەروەها شاعیر و بیرمەندە مەزنەکانمان، بە ڕێبازی (سرووشتی زەردەشتییانە) ڕوونبکەمەوە.
خووڕەوشتی زەردەشتی لە ئێمە نابێتەوە، چونکە ڕەنگدانەوەی سرووشتی خۆمانە. لێرەدا بەو برایانە ئەڵێم کە ڕەخنەمان لێدەگرن و دەڵێن کە ئێمەو مانان لە خۆڕایی ئایینێکی کۆنی لەناوچوو وەک زەردەشتی زیندوو دەکەینەوە.
دەڵێم: نەخێر.. ئێمە هیچ شتێکی کۆن تازە ناکەینەوە، بەڵکوو دەربارەی کولتوورو سرووشتێک دەدوێین کە (هەمان خۆمانین) واتە: قەت پێویست نییە و درووستیش نییە ئەگەر بڵێین ئێمە ئایینی زەردەشت دەبووژێنینەوە، ئەمەیان مومکین نییە، بەڵکوو پێویستیش ناکات.. چونکە کولتووری زەردەشتی هەر هەبووە لەم خاک و ئاو و هەوایەدا، ئێستاش خۆمان لەو بازنەیە دەبینین. دەرنەچووینە. ناشتوانین بە ئاسانی لەخۆمانی بکەینەوە.
ئەوە ئێمەین. زەردەشت ئێمەین.. خۆمانین. کەواتە: زەردەشت هەبووە و هەیە ئیتر پێویستی بە کەسێک نییە زیندووی بکاتەوە.
هەمیشە لەخۆ دەپرسم: ئاخۆ چییە ئەوەی ئێمە لە نەتەوەکانی دیکە جیا دەکاتەوە؟
بێگومان سرووشتی ژینگەکەمانە (تەواوی نیشتمانەکەمانە)، کە لە کولتوورێکی زیندوو وەکوو زەردەشتی بەرجەستە بووە.
جیاوازیمان لە باوەڕ بەم ڕاستییە ڕەنگە لە وشە و زاراوەو ڕادەی سەربەخۆیی فیکری و شارەزایی لە کولتووری و تێگەیشتن لە سرووشتی ڕەسەنمانا بێ.
سەیر ئەوەیە کە ناشمانەوێ تێبگەین چونکە مێشکمان لە کولتوور و فەلسەفە و ڕامانی خەڵکی تر تەژی بووە.
دووپاتی بکەمەوە، کە هەر کوردێکی هۆشیار دەزانێت سرووشتی کورد لە سرووشتی هەر نەتەوە و گەلێکی تر جیاوازە، زانینی ئەو ڕاستییە بەسە، تا پرسیاری هەرە گرنگی بەدوادابێت: گەلۆ! ئەم سرووشتە تایبەتمەندەی ئێمە چییە کە وەهای کردووە نەبین بە نەتەوەیەکی تر؟! ئەو ئەم ڕاستییە وەرنارگرێت.
با تاقی بکاتەوە(ئەو جیا لە ئایدیولۆژیای سیاسی و فەلسەفی و پێگە و بەرژەوەندی چینایەتی کۆمەڵایەتی!)
خۆ زیادیش هەوڵیاندا لە هاوەنی نەتەوەکانی دیکەدا بمانکوتنەوە، بەڵام سرووشتی سەربەخۆمان هەر وەک خۆی مایەوە! دەفەرموون: بۆچی نابن بە نەتەوەیەکی تر؟![1]