#فەلەکەدین کاکەیی#
(1)
بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لە جەوهەردا بزاڤێکی دیموکراتی مرۆڤانی و پێشکەوتنخوازە، چونکە تێدەکۆشێت بۆ ئازادی و دیموکراتی و مافی مرۆڤ و مافی چارەنووس و دادی کۆمەڵایەتی.
لەوڕا، هەرچەندە هەندێ گرووپ و کەسایەتی کوردی ناو بەناو بەرەو ئەندێشەی دەمارگیرانە یا ڕەوشی توندڕەوانە، دەڕۆن. بەڵام لە ناوەرۆکی گشتیدا بزاڤی کورد لە چوارچێوەی بزاڤێکی دیموکراتییانەیە، ئەگەریش گشت ئەندام و کادیر و سەرکردەکانی کورد بە ئەندازەی پێویست لە چەمکی دیموکراسی نەگەیشتبن.
بزاڤی کورد، کە بە گشتی ناویدەبەین، مەبەستمان بزاڤەکەیە لە گشت هەرێم و پارچەکانی کوردستان.
(2)
ئارۆ(ئەمڕۆ) بزاڤی کورد لە تورکیا بەرەو ڕاستەڕێگا چووە، چ لە ناوەرۆکی کۆمەڵایەتییدا، یا لە هەڵسوکەوتی سیاسی ڕۆژانە و گشتیدا. لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە بزاڤی باکوور بەناخی زۆرتین خەڵکی ئەو هەرێمەدا چووەتە قوڵایی لە میتینگ و خۆپیشاندانەکان(هەروەک لە ڕیفراندۆمی دوایی) دەبینین کە ملیۆنان مرۆڤی کورد پێکەوە دەکەونە ڕێ و هەڵوێستوەرگرتن، وەک ئەو مانگرتنەی قوتابیانیش لەپێناو خوێندن بە زمانی زگماک.
گەورەترین پارتی کوردیی ئاشکرای ئیرۆی باکوور، پارتی ئاشتی و دیموکراتی(هەروەک پارتی پێشووی خۆی) بۆ ژنان ڕێژەی 40% داناوە لە دەزگا باڵاکانیدا.
ئەوەش نموونەی نییە نە لەسەر ئاستی کوردستان بەگشتی، نەش لەسەر ئاستی تورکیا و خۆرهەڵاتی ناڤیندا. لەوڕا دەبینین کە ڕێژەی بەشداربوونی کچان و ژنان لە گشت جەمبوون و خۆپیشاندانەکانی باکوور ئێجگار بەرز و بەرچاوە.
لەوێدا ژن دەستی بە ئازادی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری گەیشتووە، ئەو دیاردەیەش ئومێدێکی گەشی ئاییندەی بزاڤی باکوورە.
هەر لە هەمان ڕاستادا بووژانەوە و سەرهەڵدانی فراوانی هونەری و ئەدەبی و زانستی لەنێو خەڵکی کوردی باکوور، بە ئاشکرا، دەرکەوتووە.
کەواتە: ئازادی دەربڕین لە تەک ئازادی حیزبایەتی و ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتیدا بەرەو پێش چووە.
ژنان و پیاوانی باکوور، بەشێوەی تەبیعی دەستیان بەو ماف و ئازادییانەوە گرتووە.
لەپاڵ پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیدا جولانەوەی ئاوەدانی و جوانکاریی شەقام و شارەکان و خزمەتگوزاری شارەوانی بەرەو پێشدەچێت هەرچەندە بوودجە و توانای داراییان سنووردارە.
لەسەرێکی دیکەشەوە چینی ناوەندی کۆمەڵایەتی پەرە دەسێنێ و، کورد لە ژیانی بازرگانی و ئابووری تورکیادا چوست و چالاکن، ئەوانەن نیشانە دیارەکانی پشکۆتنی ناوەرۆکی کۆمەڵایەتی بزاڤی دیموکراتی کورد لە باکوور کە مەرجی هەرە گرنگی پێشکەوتنەکانی داهاتووە بەرەو شارستانەییەت و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و سەرفرازی.
پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری خەڵکی باکوور گرنگترین زامنی پێشکەوتنی بزاڤی سیاسی دیموکراتییە.
(3)
گەشانەوە و پێشکەوتن لەبیری سیاسییانیشدا دەبینین. ئیرۆ جەماوەری باکوور ئارامتر و قووڵتر بیردەکەنەوەو، لە هەڵچوون و تەسکبینی و دەمارگیری دوور دەکەونەوە، پڕۆسەی ڕیفراندۆمەکە گەلەک دیاردەی سەرکەوتووی پیشانداوە.
ئەوەی لەبەرچاوە و، بەرزی دەنرخێنین، گیانی قبووڵکردنی یەکترە، یەکەمین جارە دەنگدەرانی کورد، هەرچەندە بە ئاشکرا، دوو بەرەو دوو هەڵوێستی جیاواز بوون لە ڕیفراندۆمەکەدا، بەڵام یەکتریان قەبووڵکردووە.
بەلای منەوە، دەبێ ڕووناکبیر و هۆشیارانی گوڕەپانی ڕامیاری باکوور پتر جەخت بخەنە سەر چەسپاندن و فراوانبوونی ئەم ڕەوشە بەرزە، واتە: یەکتر قبووڵکردن.
کۆمەڵگای تورک یەکتریان قبووڵە، هەرچەندە ململانێ و پێشبرکێی نێوان حیزبە گەورەکانی تورک ئێجگار گەرمە، بەدەنگی بەرز ڕەخنە لەیەکدی دەگرن، بەڵام لە ئەنجامدا یەکتر و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش قبووڵدەکەن.
کۆمەڵگای کوردی باکووریش بەرەو ئەو ڕاستایە هەنگاڤی ناوە، ئەمەیان دیاردەیەکی دڵخۆشکەر و ئومێد بەخشە، بەرهەمی پێشکەوتنەکانی دیکەیە لەبواری بیری سیاسی و ناوەرۆکی کۆمەڵایەتی و کەلتووریدا.
لەوڕا دبێژم کە ئەزموونی کوردی باکوور دەبێتەوە نموونەی سەرکەوتووی داهاتوومان، لە سەرانسەری کوردستانی گەورەدا، دیارە پێشکەوتنی بزاڤی دیموکراتی کورد لە هەر هەرێمێکدا پێشکەوتن و مزگێنی ئاییندەیە بۆ هەرێم و دەڤەرەکانی دی.
(4)
ئیرۆ بزاڤی دیموکراتی باکوور چەندین دەرفەتی نوێی بۆ کراوەتەوە:
1. ئەگەری بەنێو دەوڵەتییکردنی دۆزی کورد دەرکەوتووە، گرووپێکی ئەنجوومەنی دانایان و شارەزایانی ئەوروپا کەوتنە چالاکی و ئامادەییان پیشانداوە بۆ ناوبژی و پاراستنی ئاگربەس و چەسپاندنی پڕۆسەی دیالۆگ و ئاشتی لەنێوان گەلی کورد و حکومەتی تورکیادا.
کەسایەتییەکی گەورەی ئەم گرووپە، بەناوی دانایانی ئەوروپاوە، پێشنیاری کردووە: (ئاگربەس لەژێر کۆنترۆڵی نێودەوڵەتی بێت، تەنیا لەم ڕێگایەوە دەتوانرێت دەست بە دیالۆگ و دانووستاندن بکرێت..) هەروەها دەڵێت کە (دەست خستنە نێو مەسەلەکە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی سوودی دەبێت بۆ بەرژەوەندی تورکیا و تەنانەت بەرژەوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش)(بڕوانە: وتەی ئەلبێرت ڕوهان سکرتێری گشتیی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا –خەبات -21/9/2001).
بەنێودەوڵەتیبوونی مەسەلەی کورد هەنگاوێکی گرنگە کە چەندین ساڵە بۆی دەکۆشین، ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیستەمی زایینی، بەتایبەتی 1988 بەدواوە، لە یاداشت و بانگەوازەکانمان بۆ ڕای گشتی دنیا، بەناوی بزاڤی کوردەوە، ئەوە بووە کە مەسەلەی کورد مەسەلەیەکی جیهانییە، پێویستە کۆنگرەیەکی فراوانی نێودەوڵەتی بەئامادەبونی هەر چوار وڵاتی کوردنشین، گرێبدرێت تا چارەسەری دادپەروەرانەی کێشەی کورد دابنرێت، هەر بۆیەش داوامان دەکرد کورد وەکو(ئەندامی چاودێر) لە نەتەوە یەکگرتووەکان UN وەربگیرێت، تا ئەو ڕۆژەی نوێنەری هەمیشەیی دەبێت.
2. گۆڕانکارییەکی گرنگی دیکە ئەوەیە ئێستا حکومەتی تورکیا ئیتر بە ئاشکرا دەیدرکێنێ کە چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و نوێنەرانی PKK دەکەوێ بۆ گفتوگۆ لەبارەی دۆزی کوردەوە، هەروەها کۆمەڵگای مەدەنی و کەسایەتییە ڕووناکبیرەکانی تورکیا لەحکومەتی وڵاتەکەیان دەخوازن تا ئیتر بە فەڕمی لەگەڵ نوێنەرانی پارتی ئاشتی و دیموکراتی BDP وەک نوێنەری کورد لە دیالۆگ دابنیشێت.
خاڵی گەش و پۆزەتیڤیش، لە تەک هەموو ئەوانەدا، هەڵوێستی درووستی سەرکردەکانی مەیدانیی پەکەکەیە کە درێژەیان بە ئاگربەس داوە، بەو هیوایەی پترو پتر درێژەی پێبدەن تا بگاتە ئاشتەوایی و ئارامی.
خەباتی سیاسی ئاشتیانە هەنگاڤێکی گرنگی دیکەی ڕاستەڕێگای بزاڤی دیموکراتی کوردە.[1]