د. بەشار وەردە
لە #کوردستان# هەموومان لە ماڵێکدا پێکەوە دەژین، هەر ئەمەش وای کردووە بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی ئەم ماڵە بکەین و زیاتر لە سێ کڵێسەمان لە عەنکاوە بونیاد ناوە و کڵێسەیەکی دیکەشمان لە هەرمۆتە – کۆیە هەیە، چوار قوتابخانە و نەخۆشخانەیەکیشمان بونیاد ناوە. ئێمە هەست دەکەین ئەمە ماڵی خۆمانە، کە هەستیشت کرد ماڵی خۆتە، بەشداری تێدا دەکەیت، لەمەش زیاتر برایانی ئاشووری کڵێسەی خۆیان لە شیکاگۆ گواستەوە بۆ #هەولێر#، هەروەها بارەگای سەرەکیی مەترانی مووسڵ گواسترایەوە بۆ هەولێر، هەروەها سریان و کاسۆلیک ئەبرەشییەی تازەی خۆیان لێرە درووست کردووە. لەم ڕوانگەیەوە (پڕۆژەی پێکەوە ژیان) پیرۆز دەکەم. پیرۆزبایی لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم کە لەسەر کەلتووری پێکەوە ژیان دامەزراوە و هەتا ئێستا ئەم کەلتوورە باشتر ڕەگی خۆی داکوتیوە، ئەرکی ئێمەیە، نەوەکانی ئێستا و داهاتوو فێری کەلتووری پێکەوەژیان بکەین و پێیان بڵێین: کەلتووری پێکەوە ژیان (شارستانیەت و مێژووی ئێمەیە)، پێکەوە ژیاوین و پێکەوە دەمێنینەوە و پێکەوە گەشە دەکەین و پێکەوە پێش دەکەوین و، پشتیوان بە خوا ئومێد دەخوازم هەموو ساڵێک بۆنەی لەمجۆرە پێکەوە کۆمان بکاتەوە.
سەبارەت بە بارودۆخی کریستیانەکان و هەموو پێکهاتەکانی دیکە لە ئێڕاقدا، بارودۆخێکی هاوشێوەیان هەبووە و هەیە، ئەوەشی لەسەر کریستیانەکان دەسەلمێنن لەسەر پێکهاتەکانی دیکەش پراکتیزە دەبێت.
مێژووی 100 ساڵی دوایی ئێڕاق، مێژوویەکی زۆر سەخت و ئاڵۆز بووە و هەمووی مێژووی تەنگژە سیاسییەکان بووە و هەموو کاتێکیش پێکهاتە جیاوازەکان (ئەوانەی بە ژمارە کەمن) قوربانیی ئەو کێشە سیاسییانە بوون.
لە سەرەتای ساڵانی 2004 لە یەکێک لە کڵێسەکانی بەغدا کاهن بووم کە یەکەمین کڵێسە لە بەغدا تەقێنرایەوە، پاش دووساڵ (2006) ژمارەی ئەو کەنیسانەی تەقێنرانەوە، زیاتر لە 60 کڵێسە بوون و دەست کرا بە ڕفاندنی کاهین و مەترانەکان و ڕفاندنی کریستیانەکان، بەمەش ئەو نامەیەمان پێگەیشت بەوەی (ئێوە لای ئێمە پەسەند و خوازراو نین).
کێشەی گەورەمان لە بەغدا بوونی (ئامۆژگای ئامادەکردنی قەشە) بوو. ئەم ئامۆژگایە زیاتر لە 230 قوتابی هەبوو، هەموو دەیانخوێند و ئامادە دەکران بۆ ئەوەی ببنە (قەشە)، لەبەر ئەو بارودۆخە بۆ ماوەی سێ مانگ نەمانتوانی ئامۆژگاکە بکەینەوە. (قەشە عیماد لە هۆڵەکە دانیشتووە و دەزانێت بارودۆخەکە چەند قورس بوو)، هەر بۆیە بڕیاری کڵێسە بە ناچاری ئەوە بوو، ئەو قوتابیانە بگوازینەوە بۆ ڕۆما (فاتیکان) بۆ ئەوەی لەوێ بخوێنن. من لەسەر ئەم بڕیارە ڕازی نەبووم، لەبەر ئەوەی ئەگەر قوتابییەکان بنێرین بۆ ڕۆما بۆ ئەوەی لەوێ خوێندن تەواو بکەن، ئەوا پاش تەواوکردنی خوێندنەکەیان گەڕاندنەوەیان بۆ وڵات ئاسان نابێت، بۆیە پێشنیارم کرد و وتم: (ئێمە شارۆچکەیەکمان هەیە لە هەولێر ناوی عەنکاوەیە، بۆچی ساڵێکی تازەی خوێندن لەوێ دەست پێ نەکەین؟) ئەم پێشنیارە پەسەند کرا و لەو کاتەوە (ئامۆژگای ئامادەکردنی قەشە) گواسترایەوە بۆ عەنکاوە لە هەولێر، لەمەش زیاتر پێشوازی لە زیاتر لە 16 هەزار خێزانی کریستیان کرا و لە دهۆک و زاخۆ و هەولێر نیشتەجێ بوون.
لێرەدا حەز دەکەم ئەوە بۆ ئامادەبووان باس بکەم، ئایا لەو کاتەوە تا ئێستا من چۆن سەیری کوردستان و هەولێر دەکەم؟
سەبارەت بە پاراستنی جیاوازیی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان دوو هەڵوێست بوونیان هەیە:
1. پێکەوە دەژین و یەکتری قبووڵ دەکەین وەک ئەوەی هەموومان پێکەوە لەناو یەک هۆتێل بژین و، هەر کەسێک ژوورێکی تایبەتی بۆ خۆی هەیە و لەو ژوورەدا خاوەنی بڕوا و کەلتووری تایبەتیی خۆیەتی، لەم حاڵەتەدا ڕاستە هۆتێلەکە هەموومان کۆدەکاتەوە، بەڵام ناتوانین یەکتری بناسین و تێکەڵ بین و سەرەنجامیش خاوەنی هەموو بڕیارێک لای خاوەنی هۆتێلەکەیە.
2. ئەوی دیکەیان پێی دەگوترێت (ژیان لە ماڵێکدا، ئەمەش واتە ئێمە لە ناو هۆتێلێک ناژین، بەڵکوو هەموومان لە ماڵێکدا پێکەوە دەژین، ڕاستە لە ماڵیشدا هەر کەسێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەڵام ماڵەکە پێکەوە کۆمان دەکاتەوە، کە لە ماڵێکیشدا پێکەوە بین، دەبێت هەموو ئەندامانی خێزانەکە بەشداری لە کاروباری ئەو ماڵە بکەن، لانی کەم ئەو بەشدارییە فکرییە چییە کە تۆ لە ماڵەکەدا پێشکەشی دەکەیت.
سەبارەت بە من، هەست دەکەم ئێمە هەموومان لە ماڵێکدا پێکەوە دەژین، هەر ئەمەش وای کردووە بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی ئەم ماڵە بکەین و زیاتر لە سێ کڵێسەمان لە عەنکاوە بونیاد ناوە و کڵێسەیەکی دیکەشمان لە هەرمۆتە – کۆیە هەیە، چوار قوتابخانە و نەخۆشخانەیەکیشمان بونیاد ناوە. ئێمە هەست دەکەین ئەمە ماڵی خۆمانە، کە هەستیشت کرد ماڵی خۆتە بەشداری تێدا دەکەیت، لەمەش زیاتر برایانی ئاشوری کڵێسەی خۆیان لە شیکاگۆ گواستەوە بۆ هەولێر، هەروەها بارەگای سەرەکیی مەترانی مووسڵ گواسترایەوە بۆ هەولێر، هەروەها سریان و کاسۆلیک ئەبرەشییەی تازەی خۆیان لێرە درووست کردووە.
دیدی کریستیان بۆ ئەم وڵاتە ئەوەیە کە ئێمە هەموومان لە ماڵێکدا پێکەوە دەژین و ئێوەش هەمووتان خوشک و برای ئێمەن، لەم ڕوانگەیەوە ئەم پڕۆژەیە (پڕۆژەی پێکەوە ژیان لە کوردستان) پیرۆز دەکەم. خۆزگەی من ئەوەیە سەرجەم ئەدەبیاتی ئەم ماڵە گەورەیە وەربگێڕدرێتە سەر هەموو زمانەکانی ناو ئەم ماڵە، لەبەر ئەوەی ئەم ماڵە کۆمان دەکاتەوە و تیایدا پێکەوە دەژین، بۆیە من زیاتر باسی پێکەوە ژیان دەکەم نەک لێبوردەیی، بە دیدی من لێبوردەیی ڕەهەندێکی نەرێنی هەیە، ئێمە پێویستمان بەوە نییە لە یەکتری ببوورین، لەبەر ئەوەی من هەڵەیەکم نەکردووە، تا لێم ببورن، یان تۆ هەڵەیەکت نەکردووە تا لێت ببوورم، بۆیە ئێمە بە ئاشتی لەم ماڵەدا پێکەوە دەژین.
یەکێک لە جوانییەکانی ئەم ماڵەی پێ جیا دەکرێتەوە، ئەوەیە کە من دەتوانم لە ناو ڕۆژهەڵاتێکی گڕگرتوودا ئەو شاهیدییە بۆ جیهان بدەم کە پێکەوە ژیان لەم جوگرافییەی پێی دەگوترێت (کوردستان) مومکینە و بوونی هەیە و بەشداریی ئێمەش بۆ ئاوەدانکردنەوی ئەم وڵاتەیە و بەردەوامی دەبێت.
جارێکی دیکە ئەم پڕۆژەی پێکەوە ژیانە پیرۆز دەکەم. پیرۆزبایی لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم کە لەسەر کەلتووری پێکەوە ژیان دامەزراوە و هەتا ئێستا ئەم کەلتوورە باشتر ڕەگی خۆی لە ناو کۆمەڵگە داکوتیوە، لە ناو ئەم هۆڵە دەموچاوی لاو دەبینم کە ئەمیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەم کەلتوورە لە ئاییندەشدا بەردەوام دەبێت و لاوەکان ئەرکی پاراستنی دەگرنە ئەستۆی خۆیان، بێگومان ئەوانەی پێشتر پێکەوە خەباتمان بۆ پاراستنی کەلتووری پێکەوەژیان کردووە، بە شێوەی کەسی یەکتری دەناسین، بەڵام ئەرکی ئێمەیە کە نەوەکانی ئێستا و داهاتوو فێری کەلتووری پێکەوە ژیان بکەین و پێیان بڵێن کەلتوری پێکەوە ژیان شارستانیەت و مێژووی ئێمەیە. پێکەوە ژیاوین و پێکەوە دەمێنینەوە و پێکەوە گەشە دەکەین و پێکەوە پێش دەکەوین. هەر بۆیە زۆر بە گەرمی سڵاو و پیرۆزبایی لەم هەنگاوە گرنگە دەکەم و پشتیوان بە خوا ئومێد دەخوازم هەموو ساڵێک بۆنەی لەم جۆرە پێکەوە کۆمان بکاتەوە.
لەم بۆنەیەدا بە جێگەی خۆی دەزانم سوپاسی برای بەڕێزم دکتۆر عەبدوڵڵا وەیسی (سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی لە کوردستان) بکەم و، لە چەندین بۆنە گوێم لە هەڵوێستە گرنگەکانی بووە کە گوتوویەتی: (گرنگە چیرۆکی پێکەوە ژیان لە مێژوو هەڵبهەنجێنین)، دیارە هەموو مێژوویەک دوو لایەنە، لایەنێکی پڕە لە کەلتووری پێکەوە ژیان کە پێویستە پارێزگاری لەم لاپەڕە پرشنگدارانە بکەین، هەروەها چەندی لاپەڕەی ڕەشیشی تێدایە کە دەبێت لێی دوور بکەینەوە، ئەم حاڵەتە لە مێژووی کریستیانەکان و موسڵمانەکانیش بوونی هەیە و چەندین لاپەڕەی پرشنگداری تێدایە دەبێت پارێزگاری لێ بکەین و چەندین لاپەڕەی ڕەشیشی تێدایە دەبێت لێی دوور بکەوینەوە.
پاراستنی کەلتووری پێکەوە ئەرکی ئێمەیە بە تایبەتی ئێمەی پیاوانی ئایینی، دەبێت لە مێژووی خۆماندا چیرۆکی سەرکەوتووی پێکەوە ژیان هەڵبهەنجێنین و بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتووی بخوێنینەوە و فێری کەلتووری پێکەوە ژیانیان بکەین.
تێبینی: ئەم وتارە لە ڕێوڕەسمی دابەشکردنی پەڕتووکی (بەیەکەوە ژیان لە کوردستان. دید و تێڕوانینی ئایینە جیاوازەکان) پێشکەش کراوە کە لە لایەن گۆڤاری گوڵانەوە بە هەر دوو زمانی کوردی و عەرەبی ئامادە کراوە و، دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەرکی چاپکردنی لە ئەستۆ گرتبوو.[1]