پ.د. کامەران ساڵحی
#ڕیفراندۆم# مافێکی سرووشتی و یاسایی هەموو میللەتانی جیهانە. ئەو میللەتانەی ژێردەستەن و لەلایەن میللەتێکی دیکەوە دەچەوسێندرێنەوە و وەکوو هاووڵاتیی پلەیەک و هاوبەش لە حوکمڕانیدا مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت، دەتوانن لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی مەدەنییەوە پیادەی ئەو مافە سرووشتییەی خۆیان بکەن و، بە ڕیفراندۆمێکی میللی لە حوکمە چەوسێنەر و بیانییەکان دەربازیان بێت.
ڕیفراندۆمەکەی میللەتی کورد و کوردستانییەکان کە لە 2017 ئەنجامیان دا، دەرئەنجامی زوڵمێکی مێژوویی زیاتر لە 100 ساڵە بوو، دەرئەنجامەکەشی بەڵگەنامەیەکی مێژووییە و هەر دەمێنێت، خۆ ئەگەر دەرفەتێکی دیکەی باش هەڵبکەوێت، دەتوانرێت دەرئەنجامی ڕیفراندۆمەکە بە (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی بەکار بهێنرێت، یان هەر هیچ نەبێت، لەم قۆناغەدا ڕیفراندۆمەکە بۆ گەیشتن بە کۆنفیدراڵییەت بەکاری بهێنین.
کورد بە ڕابەرایەتیی #بارزانی# لە ڕیفراندۆمدا ئەو شەرمەی شکاند کە پێشتر بە ترس و دڵەڕاوکێ و شەرمەوە داوای مافی سەربەخۆییمان دەکرد، لە ئێستادا دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە و بەدەستهێنانی زۆرینەی هەرە زۆری دەنگی (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی)، هیچ کەس و لایەن و حکومەتێکیش ناتوانێت دەنگی میللەت و ئیرادەی گەل لە ڕیفراندۆمدا پشتگوێ بخات و بڵێت کاتی بەسەرچووە، تەنانەت ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵیی ئێڕاقیش کە دژی ڕیفراندۆمەکە دەرچوو، بڕیارێکی نایاسایی بوو. ڕیفراندۆم دەنگی زوڵاڵی نەتەوەی کوردە و هەڵناوەشێتەوە و ناتوانرێت بگۆڕدرێت، مەگەر بە ڕیفراندۆمێکی دیکە نەبێت، ئەمەش مەحاڵە هیچ کورد و کوردستانییەک نایەوێت لە ڕیفراندۆمێکی دیکەدا بەڵێ بۆ سەربەخۆیی ڕەت بکاتەوە، بگرە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی دیکەش مەحاڵە لە کاتێکدا هەر خۆی لە خۆیدا ڕیفراندۆمەکە بۆ (سەربەخۆیی) جێبەجێ نەکراوە.
سەرۆک بارزانی وەکوو مەرجەعی کورد لە ڕیفراندۆمدا ئەو هەقیقەتەی باش دەزانی کە کاتی ڕیفراندۆمەکە زۆر گونجاو بوو لە ناوخۆدا، لەبەر ئەوەی کۆدەنگییەکی نەتەوەیی هەبوو، کوردستانییەکانیش بە جیاوازیی بۆچوونی حزبی و ئایدیۆلۆژیا و نەتەوە و ئایینزاکانەوە پاڵپشتی بوون. واتە سەربەخۆیی ویستی زۆرینەی هەرە زۆری گەلی کورد و کوردستانییەکان بوو بە جیاوازیی نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانەوە، دەرفەتێکی مێژوویی و زێڕین بوو بە پێچەوانەی حەز و مەرامی نەیاران و خیانەتکارانەوە، دەنگی (بەڵێ)ی هاووڵاتیانی کورد لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەلمێنەری کوردستانییەتی ئەو ناوچانەیە.
بە هەموو پێوەر و یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەکان ڕیفراندۆم کارێکی باش بوو هەرچەندە لە دوای ڕیفراندۆمەکە جیهانی بەناو ئازاد نەک هەر بە دەنگ داواکاریی خەڵکی کوردستان و حەز و ویستیانەوە نەهاتن، بگرە هاوپەیمانەکانیش پشتیان تێکردین، بەڵام هەموو کوردێک لە شارەکانی کوردستان ئامادەیی خۆبەختکردن و پشتگیریکردنی ڕیفراندۆمی تێدا بوو لەبەردەم هێرش و پەلاماردانەکانی میلیشیاتە چەکدارە بیانی و ناوخۆییەکان کە هۆکاری سەرەکیی نەبوونی پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتی بوو. ئەگەر گرووپێکی خیانەتکار لە پشتەوە چەقۆی ژەهراوییان لە پێشمەرگە و گەلی کورد نەدایە، هەرگیز کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانمان لەدەست نەدەدا، بەتایبەتی ئەو کاتیش هەندێک لە هاوپەیمانەکان بە شەرمەوە دەیانگوت ڕیفراندۆم کاتی نەهاتووە، بڕوای تەواویان بەوە هەبوو کورد میللەتێکی جیاوازە لە ئێڕاق و ئارەزووی هەیە بە سەربەخۆیی و ئازادی بە جیاواز لە ئێڕاق بژی، لەگەڵ ئەمەشدا بە هەموو پێوەرەکان ڕیفراندۆم 100% سەرکەوتوو بوو، گورزێکی کوشندە بوو لە نەیارانی گەلی کورد درا و بووە بەڵگەنامەیەکی مێژوویی هەر کاتێک بمانەوێت دەتوانین جێبەجێی بکەین. ڕاستە دەرئەنجامی ڕیفراندۆمەکە بەهۆی پاڵپشتی نەکردنی هاوپەیمانەکان و پیلان و مەرامی حکومەتەکانی ناوچەکەوە جێبەجێ نەکرا، بەڵام بۆ یەکەمینجار گەلی کورد تامی خۆشیی سەرکەوتنی ڕیفراندۆمەکە و نزیکبوونەوەی لەسەربەخۆیی چێژت، لە گەیاندنی پەیامەکە بۆ حکومەتی ئێڕاق و حکومەتانی ناوچەکە سەرکەوتوو بووین، بەوەی چیتر کورد خوازیار نییە لە چوارچێوەی ئێڕاقێکی تائیفی و مەزهەبی و داردەستی دەرەکی بمێنێتەوە و، هەر جارەو بە بیانوو و پاساوێک کۆمەڵکوژ بکرێت. ژیان لە چوارچێوەی ئێڕاقدا زۆر قورسە، (نە ئێمە ئەوانمان دەوێت و نە ئەوان ئێمەیان دەوێت)، خۆهەڵخەڵەتاندنە بە ناوی فیدڕاڵیەتێکەوە کە کەس بڕوای پێی نەماوە، لەم زیندانەدا بمێنینەوە، سیستەمی فیدراڵییەت شکستیان پێ هێنا و دەرکەوتیش بۆ ئێمە لەبار نییە، ئەوەتا دوای دادگای فیدڕاڵی و هێرشەکانی وەزارەتی نەوتی ئێڕاق بۆ سەر کەرتی بژێوی و دابینکەری مووچەی هاووڵاتیان دێت، کە نەوت و گازەکەی کوردستانە، داواکارییەکانی هەموارکردنەوەی دەستووریش بۆ گەڕانەوەی مەرکەزییەت و حوکمی هاوشێوەی بەعسە لەدژی کورد. بارزانی ڕاستی گوتووە (عەقڵییەتی حوکمڕانانی ئێڕاق مەرکەزییە و پاشاکشەیە لە فیدڕاڵییەت.) ئەوان بڕوایان بە حوکمی سەنترالیزم هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەموو ئێڕاق و کوردستان و داهاتەکەی، هەر وەکوو جاران کورد بە هاووڵاتیی دەرەجە دوو دەزانن، ئەوەتا ئەم هەموو کێشە و ململانێ ناوخۆییەیان هەیە، کەچی لە دژایەتیکردنی کورد و ڕەتکردنەوەی مافەکانی کۆڵ نادەن و هاوکۆکن و سەرچاوەی کێشەکانیشیان دەخەنەوە سەر ملی کورد، لە کاتێکدا حوکمڕانیی ئێڕاق بە سوننە و شیعەوە فاشیل بوون و کوردیان قەتڵوعام کردووە و لە ئەزموونی حوکمڕانییاندا سەرکەوتوو نەبوون و، تا دێت بەرەو کارتۆناتی مەزهەبی و مافیایی و میلیشیات دەچن، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە بارزانی دیپلۆماسیەت و پەیوەندییەکانی خۆی بە ئاڕاستەی ئەو هەقیقەتە ببات، کە چیتر گەلی کورد و کوردستانییەکان ناتوانن لەناو ئەو دەوڵەتەدا بژین کە عەقڵی لۆژیک و مەنتیقی تێدا نەماوە و ئەڵقەلەگوێی دوژمنانی کوردن، دەبێت بەرەو کۆنفیدڕاڵی یان سەربەخۆیی هەنگاو بنێین و پشتگیریمان بکەن. بۆ شەرم بکەین لە داوکارییەکانی خۆمان و هەر لەناو چوارچێوەی دەوڵەتێکی فاشیلدا بمێنینەوە و سەرقاڵی شەڕی داردەستەکانیان بین؟ ڕۆژێک بە ناوی دادگای فیدراڵی و ڕۆژێک بە ناوی وەزارەتی نەوت و وەزارەتی دارایی و ڕۆژێک بە ناوی بودجە و پەڕڵەمان و ڕۆژێک بە ناوی میلیشیاتی چەکدار و ڕۆژێک بە هێرشی مووشەکی بالیستی و ڕۆکێت و درۆن و ڕۆژێک بە بڕینی بودجەی قووتی خەڵکی.. ئەوەی ئێمەیان وا زەلیل کردووە، ئەوەیە کە لە ناوخۆماندا یەکگرتوو نین و زۆر لە لایەنە سیاسییەکان کە بەرژەوەندیی ئەم و ئەویان هەیە، دژ بە هێزی گەلی کوردستان ڕادەوەستنەوە، لە کاتێکدا بێ مەرجەع هەرگیز ئەو هێزە درووست نابێت، هەموو میللەتێک پێویستی بە مەرجەعییەت هەیە، ئێمەی کوردیش مەرجەعییەتەکەمان هەیە، بەڵام هەندێک دوای قسەی کەسانێکی بەرژەوەندیخوازی بەکرێگیراو کەوتوون.
سەرۆک بارزانی وەکوو کەسایەتییەکی کاریزما و بەتوانا و خاوەن ئەزموون و خاوەن مێژوویەکی پاک و باوەڕپێکراو لەلایەن هاوپەیمانەکانمانەوە بمانەوێت و نەمانەوێت مەرجەعی گەلی کورد و کوردستانییەکانە، ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی ئێڕاق و ناوچەکەو جیهاندا کورد و بارزانی دوو هاوکێشەی تەواوکەریی جیانەکراوەن، کات یاوەرمان نییە و زۆرمان لەبەردەستدا نییە، بارزانی-یە کە دەتوانێت ئەم میللەتە مەزڵوومە بگەیەنێتە کەناری ئارامی، باشە ئەوانەی دەیانگوت ڕیفراندۆم هەڵە بوو ئەی بەدیلی ڕیفراندۆم چییە؟ ئەمە حاڵی ئێمەیە چەقۆیەکیان خستووەتە سەر ملمان و بێشەرمانە هەر ڕۆژەی بە فیت و مەرامی کەسانی قین لەدڵ، فیتنە و ئاشووبمان بۆ دەنێنەوە و ڕۆژێک بودجەمان دەبڕن و ڕۆژێک نەوت و ڕۆژێک لەت لەتمان دەکەن بۆ ئەوەی پێمان بوێرن و دوو ئیدارەیی درووست دەکەن.
مەسعود بارزانی وەکوو مەرجەعی کورد و پارتی وەکوو حزبی یەکەمی کوردستانی کە سەرقافڵەی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری و نەتەوەییە، دەبێت لەو قاڵبی شەرمە دەربچن و لە مەسەلەی نەتەوەیی و نیشتمانی سازش بۆ هیچ حزبێک نەکەن. لە مێژوودا هەروا بووە و مەرجەع و سەرکردەکان لەناو خەڵکەوە دەرکەوتوون و خەڵکی گوێڕایەڵیان بووە، بەڵام دەبێت هەرچی هێز و بیر وئایدیۆلۆژیەتی نامۆ هەیە لەم قۆناغەدا کە زیان بە هزری نەتەوەیی و چارەنووسی ئەم گەلە دەگەیەنێت، لەناو ببرێت، هەروەکو چۆن دەبێت گەندەڵکارانیش بە زەبری یاسا و هێز سزا بدرێن.
پ.د. کامەران ساڵحی
ئەزموون و وانەکانی ڕیفراندۆم پێمان دەڵێن گەورەترین شکست بە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستانی بۆ نەبوونی هێزێکی تۆکمە و یەکگرتووی پێشمەرگە و سەنتەرێکی بەهێزی ئابووری و سیاسی دەگەڕێتەوە، دەبێت ئەمڕۆ هەولێر ئەو ناوەندە بێت کە هەمووان شانازی پێوە دەکەین و تا دێت لە ڕووی ئاساییشی خۆراکی و ئاساییشی ئاو و هێزی نەرم و هێزی ڕەقەوە ئەوەندە تۆکمە و بەهێز بین، دوژمنە گەورەکانی ناوچەکە حیسابی وردمان بۆ بکەن.
ئێستا هەلێکی لەبارە بۆ بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە و بەدەستهێنانی ئابووریی سەربەخۆ و بەکارهێنانی نەوت و گاز بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوخۆ و لەدەرەوەش نابێت چیتر ئەو پەرش و بڵاوییەی دیبپلۆماسییەتی کورد لە هەر دوو کیشوەری ئەوروپا و ئەمریکا بەردەوام بێت. دەبێت قسە و دروشمەکانمان بکەینە کردار و لە بەرانبەر کەسانی خۆفرۆش و گەندەڵکار و خیانەتکار توند بین. جێی سەرسوڕمانە هەیە لە حکومەت بەشدارە، کەچی لەسەر سۆشیال میدیا ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت! لە دونیا کوا شتی وا هەیە؟ ئەگەر حکومەتەکە گەندەڵە، دەبێت لە حکومەت بکشێتەوە، حزب حکومەت دادەمەزرێنێت و دەبێت پاڵپشتیی حکومەت بکات، نەک لە حزب دژایەتیی حکومەت و لە حکومەتیش بەشداریی لە پۆست و کار و داهاتدا بکات. کورد باشترین دەرفەتی بۆ هەڵکەوتووە و ئەگەر ئەم دۆخەی ئێڕاق هەروا بەرەو خراپی بڕوات، دەبێت هەلەکە بقۆزینەوە و خۆمان لەم ئێڕاقە بێسەروبەرەو پڕ پشێوییە دەرباز بکەین. [1]