یەکەم سەرکردەی سیاسی و چەکداری عاقڵی کورد!
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
یەکێک لە گرفتە هەرە گەورەکانی کورد و کێشەکەی نەبوونی سەرکردەی سیاسی عاقڵ بووە. ئەو مێژووە سیاسیەی لە بەردەست ئێمەدایە ئەوەمان پێدەڵێت کە نەک هەر سەرکردەی سیاسی عاقڵمان نەبووە بەڵکوو دەتوانم بڵێم سەرکردەی سیاسی بە مانا سیاسیەکەیمان نەبووە و هەر ئەوەش کورد و پرسەکەی لە وەرجەرخان و دەرفەتە مێژوویەکان وەدەرنا و یەک شەقی مێژوویی تێهەڵدرا و سی و دوو ساڵی ڕابردوو باشترین بەڵگەی ئەم قسەیەمانە. ئەوەی هەبووە کۆمەڵێ نەخوێنەوار و موئامەرەچی و پیاوکوژ و سیخوڕی وڵاتانی ناوجەکە و جیهان بوون، گەندەڵ و خۆپەرست و گیرفانپڕکەر بوون، بێ ئاگا لە دونیا و بیری سیاسەت بوون. مێژووەکەی بەردەستمان و ئەو ڕۆژگارەی لەگەڵیاندا ژیاین و ئەو یادەوەرانەیشی خۆیان نووسیویانەتەوە و ئەو وەرەسە خێزانی و ماڵیەی بە جێهیان هێشت بەڵنەگەویستی ئەو ڕاستیەیە کە کورد سەرکردەی سیاسی نەبووە بەڵکوو دەسەڵاتداری هەبووە. سەرکردەی سیاسی واتە کەسی عاقڵ و بەرپرس و دەستپاک و داوێن پاک و تێگەیشتوو لەو ڕووداو و کارەساتانەی بەسەر مێللەتەکەدا دێن چۆن مامەڵە بکات و خەڵکەکەی بە فەتارەدا نەدا و خۆیشی وەک بەرزەکی بانان بۆی دەربچێ. بە درێژایی چەندان ساڵە خەڵکی ئێمەیان وا تێگەیاندووە کە درۆ و فێڵ و فەرەج دیپلۆماسیەتە یاخود ئینکاری و دەستگرتن بە دەسەڵاتی بنەماڵەییەوە کوردایەتیە یاخود تەمسیلکردن بە ڕوکەشیەوە ڕاستگۆیی و سادەییە لە کاتێکدا جگە لە پاشەڵێکی خراپ و پڕ ناپاکی هیچی تری تیابەسەر نەبوو. لەو ڕوەندە سیاسیە دوورودرێژەی لە چەندان دەیەی ڕابردوودا، ئەوە ئێستا هەر باس مەکە، تۆمارکراون تەنانەت وەک گوتار و گفتاریش سیاسی نەبوون بۆیە کاتێک لە ناوخۆیاندا کێشەیەکیان درووست دەبوو ئەوەی بە یەکتریان دەکرد خەڵکی ڕەشۆک و سەرجادە هەمان شتیان بە یەک دەکرد. بۆ ئاستی دەرەوەش ڕیاکاری و خۆبردنە پێشەوە و هێنانی دەستی دەرەکیان بە شارەزایی پەیوەندیە دەرەکیەکان لە قەڵەم دەدا. کاتێکیش ئاشت دەبوونەوە هەمان خوڵق و ئاکاری سەرجادەییان هەبوو کە باوەشیان بە یەکدیدا دەکرد وەک ئەوەی نە بایان دی بێ و نە بۆران. و بگرە دواتر لە ڕێگەی ڕۆشنبیرە موعەلەباتەکان و کەسە سیاسیە قەڵەم بەدەستەکانیانەوە بیر و باوەڕی چەوت و سەقەتیان بڵاو دەکردەوە گوایە هەر میللەتە ئەو حوکمەتەی شایەنە کە هەیەتی. ئەم قسەیە هی هەر کەسێک بێ، گوایە هی وینستۆن چەرچڵە، تا سەر ئیسقان ناڕاست و ناڕەوایە و دوورە لە هەر دید و ڕوانگەیەکی بابەتیەوە. بەهەرحاڵ،
ڕۆژاڤا وەک نموونەیەکی بێ وێنەی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری کوردی لە ئێستا و ڕابردووی کورد و ناوچەکەدا سەررکدەیەکی هێناوەتە دەر پڕ بە قەوارە سیاسیە بێ وێنەکەی خۆیەتی. مەزڵوم عەبدی ئەو سەرکردە سیاسیەیە کە لە کوردا وێنەی نەک کەم بووە بەڵکوو دەتوانم بڵێم هەر نەبووە. من وەک خۆم ئەو کابرایە ناناسم و نە لە نزیک و نە لە دوورە نە دیومە و نە دەیناسم، بەڵام لە ئاماژەدان تەنیا بە دوو هەڵوێستی پیشانی دەدات کە سیاسەیەکی عاقڵ و کامڵە و دەزانێ چی دەڵێ و لە کوێدا دەیڵێ و چۆن دەیڵێ. کاتێک تورکیا 2018-2019 ویستی پەلاماری بەشێک لە خاکی ڕۆژاڤا بدا و ئەمریکاش گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرد، مەزڵوم عەبدی زانیتی هەم توانا سەربازیەکەی ئەوە نییە بەرەو ڕووی دووەم هیزی سەربازی ناتۆ ببێتەوە؛ هەمیش درکی کرد کە دپلۆماسیەت خنکێنراوە و تورکیا هەر هێرش دەکات. لە نامەیەکیدا بۆ دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەودەمی ئەمریکا گوتی دوو بژارەم لەبەردەستە: لەنێوان لە دەستدانی بەشێک لە خاکەکەم و ڕزگارکردنی گیانی خەڵکەکەمدا ئەوا من بژارەی دووەم هەڵدەبژێرم. ئەم نامەیە ئیدارەی ئەمریکای شەرمەزار کرد و ئەوە بوو مایک پێنسی جێگری دۆناڵد ترامپ و لیندزی گراهامی سەناتۆری کۆماری پڕ نفوزی سیاسی بە پەلە داوایان لە ترامپ کرد کە تورکیا ڕاگبرێت لە حەدێکدا. ئەوە بوو ترامپ خۆی تەلەفۆنی هەڵگرت و قسەی لەگەڵدا کرد و پێی گوت لە ئیدارەکەمدا خەڵک هەیە تۆی لە خۆت خۆشتر دەوێ. ئەمە ئەزموونەمان لە باشوور دیت کە چۆن لە هەموو کارەساتەکانی وەک ئاشبەتاڵ و هەڵەبجە و ئەنفالدا سەرکردە حزبیەکان چۆن وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون و هەموویان خۆیان گەیاندە نەک هەر ئەو دیوی سنووری ئێرانەوە بەڵکوو ئەوروپا و ئەمریکاشەوە.
هەڵویستێکی تری هی دوێنێ و پێرێی بوو. کاتێک دیتی تورکیا بە سوود وەرگرتن لەو دۆخە شڵەژاوە جیهانیە بۆردومان دەکات و بەتەمایە هێرشی زەمینیش ئەنجام بدات. کاتێک تورکیا بە جدی گوتی هێرشی پیادەیی ئەنجام دەدەین ئینجا مەزڵوم عەبدی زۆر بە سەلیقەیی هەندێ لیدوانیدا کە من مەتنی قسەکانم لەبەردەستدا نییە ئیستا بەڵام فکرەی گشتی ئەمەبوو کە: بۆردومان و هێڕشەکانی تورکیا لە قازانجی هیچ لایەکدا نییە و ئێمە هەموو هەوڵ و تەقەلایەکمان دەخەینە گەڕ تاکو شەڕ ڕوو نەدات گەر ڕوویشیدا ئەوا بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە خۆمان دەکەین و تێکچوونی ناوچە ئارامەکانی ئێمە تێکچوونی ئارامی ناوچەکە بە دوای خۆیدا دەهێنێت. سەرکردەی عاقڵ بە نووسینی پەڕتووک و وتاری زۆر و دیدەنی کەسانی جیهانیدا نیە، دپلۆماسیەت لە قسەی باق و بریقدا نییە بەڵکوو لە گوتن و دەربڕێنی وشەی بەرپرسیارێتیدایە. مەزڵوم عەبدی بەو جەند وشەیە هەرەشەیەکی پەنهانی و ترسناکی ئاڕاستەی تورکیا کرد و تورکیا و خودی ئەمریکا و سووریاش لە پەنهانیەکەی تێگەیشتن. پەنهانی قسەکانی مەزڵوم عەبدی لەو هەیبەتە جاونەترسیەدایە لە خۆی و قەوارەکەی وەک ڕۆژئاڤا گەر هێرشێکی وەک تورکیا بکرێنە سەریان ئەوا جگە لە بەرگری تا نەمان هیچ شتێکی تریان نییە لە دەستیان بدەن و هەر ئەم ڕوح و کەسێتیەش قەوارەکەی بە زیندوویەتی هێشتۆتەوە.
تەنیا تێبینی کە دەمەوێ بیڵێم لێرەدا ئەوەیە کە ئەم دید و ڕایەی من پەیوەندی بە هیچ لایەنێکی سیاسیەوە نییە وەک پ ک ک و ڕۆژێ لە ڕۆژان لایەنگری هیچ حزبێکی کوردی نەبووم؛ بەڵام ڕۆژئاڤا و سەرکردەکانی نموونەیەکەن بێ وێنە لە مێژووی ئێمەی کورد و ناوچەکە و زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێم جیهانیش بە تایبەت لە جیهانی ئیستادا. [1]