$بۆچی ڕۆژاڤا گرنگ و گەورەیە؟$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
بۆچی ڕۆژاڤا گرنگ و گەورەیە؟
$ڕۆژاڤا گرنگە چونکە:$
بۆ جاری چەندەمینە ڕۆژئاڤا دەکەوێتە بەر هیرشە سەربازیە ناتۆییەکەی تورکیا. وەک لۆجیکە سیاسیە نیودەوڵەتیەکەی سەیری بکەین نەک هەر هیچ بروبیانویەکی سیاسی نییە بۆ پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاڤا بەڵکوو پێشێل کردنێکی ئاشکرا و بێ پەردەی ئەو قانون و عورفە سیاسیانەیە کە سیستەمی نێودەوڵەتی ئیستای لەسەر درووست بووە. نەک هیچ یەکێک لەو دەوڵەتانی ئەو سیستەمە سیاسیەیان درووست کردووە بێ دەنگن لەبەرمابەر ئەو هەموو پێشێکلاری و هێرشە نارەوایانەی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاڤا/ سووریا دەیکات بەڵکوو پشتیوانیشی لێ دەکەن. ئا لێرەدایە ئەو سیستەمە سیاسیە جیهانیە یەکگرتووەی کە ڕێکخراوێکی جیهانیشی هەیە بە ناوی نەتەوە یەکگرتووەکان جگە لە چەرت و پەرتی و شڵەژانی جیهانی هیچی تری بە دواوە نییە و چەندان کیانی ڕەوا و بەرهەقی وەک ڕۆژاڤای کردە تیکەیەکی چاو برسێتی خۆی و چەندان گەل و نەتەوەیان بێ سەرپەرشت کرد. گرنگی ڕۆژاڤا لەوەدایە کە توانیویتی لە هەناوی ئەم سیستەمە سیاسیەوە بێتە دەر و بۆ ماوەی دەیەک زیاتریشە بەرگری و داکۆکی لە خۆی دەکات لە بەرانبەر ئەو سیستمە سیاسیە جەنگەڵیەدا.
$ڕۆژاڤا گەورەیە چونکە:$
ڕۆژاڤا، ڕۆژاوای کوردستان ئەو بەشەی کەوتۆتە ناو سووریاوە، گرنگیەکەی هەر لەوەدا نییە کە هەر بە تەنیا قەوارەیەکی کوردییە و لە مێژووی درووست بوونی دەوڵەتی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ یەکەم جارە کیانێکی نەتەوەیی کوردی لە دایک دەبێ بەڵکوو گەورەییەکەی ڕۆژاڤا لەوەدایە کە لە دەورەی دوای دنیای دوو قوتبیەوە، دوای ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە، کیانێک بێتە دەر بەو هەموو پێشکەوتنە سیاسی و فەرهەنگی و ئیداریەوە، لە ناوچەیەکیشدا کە کۆنەپەرستی و ڕەشبگیری فکری و فەرهەنگی لەوپەڕی چڵەپۆپەی خۆیدایە. لە جیهانێکدا کە خودی خۆی بەرهەمی کۆنەپەرستی و نادادی و فەرهەنگی سەقەتی مرۆڤایەتیە. ئەو بەرخودان و بەشداریە ڕەنگاڵەیی و داکۆکیە جەرگبڕیەی ڕۆژاڤا پێشکەشی کرد لە مێژووی نوێدا نموونەی نییە یان هەر زۆر کەمە. نەتەوەیەک کە بە درێژایی سەدەیەکە ئینکاری لە بوونی دەکرێ، بە وروژمێک و ناسنامەیەوە هاتە دەر کە هەموو جیهانی سەرسام کرد لەگەڵ خۆیدا پێش هەموویان دوژمنەکانی، دوژمنێکی وەک تورکیا. فرە ڕەگەزی و فەرهەنگی و کەلتوری و بەخشین بە دەوری ژن وەک پیاو لە هەموو ئاست و بوارەکاندا و بوونی سەرکردەی عاقڵ و سادە و دەستپاک و مەیدانی ئەو مۆرکە گەورەیەی پێ بەخشی کە مێژوو نموونەی ئاوهای لە تۆماری خۆیدا ناونووس نەکردووە. نووسەرێکی فەرەنسی، کە ناوەکەی و پەڕتووکەکەیم لە یاد نییە لە ئیستادا، پەڕتووکێکی نووسیوە لەسەر ڕۆژاڤا و تییدا دەڵێ هەموو مرۆڤایەتی قەرزاری ڕۆژاڤایە چونکە خەتەرترین دوژمنی مرۆڤایەتی لە ناودا ئەویش داعش بوو.
ئێستاکەش کە تورکیا دەیەوێ ئەو قەوارەیە لە ناو بدات ئەوەیە کە نایەوێ نموونەیەکی گرنگ و گەورە لە ناوجەکەدا هەبێ. لەوەدەچێ جیهانیش، ئەمریکا و ئەوروپا، ئەو نموونە گرنگ و گەورەیە بکەن بە قوربانی گەمە سیاسیە نێودەوڵەتیەکانی خۆیان و بەمەش لاپەڕەیەکی ڕەشی تر لە مێژووی خۆیاندا دەنووسنەوە. کێشەی یوکراین و تایوان و بازرگانی کردن لەگەڵ چین، دەستگرتن بە تورکیاوە لەوەی بە تەواوی نەچێ بەلای ڕوسیادا، شاردنەوەی شکستی خۆیان لە یوکراین و دەرهاویشتەیەکیش وەک یەکێک لە ئاریشەکانی خۆیان ڕۆژاڤا بدەنە دەست گورگی برسی تورکیاوە یاخود بە زۆر بیخەنەوە ناو قەفەزی سووریاوە کە هیچ جۆرە ناسنامەیەکی سیاسی و نەتەوەیی و ڕەگەزی و فەرهەنگی و کەلتوری و تەنانەت مافی ئینسانیشیان پێ ڕەوا نابینێ. [1]