پ.د. کامەران ساڵحی
فەلسەفەی دیموکراسیی مرۆڤدۆستانە سیمای گەوهەریی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان بووە
بەردەوام پرسیارێکی ڕەوا لە ناو کەرتێکی فراوانی ڕۆشنبیریی کوردیدا دێتە ئاراوە، سەبارەت بە دیدگای ئاییندەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، کە ئێمە بە ئاواتی دەخوازین بۆ کۆمەڵگەی کوردیمان و هیوادارین کە بێتەدی، ئەویش ئەوەیە کە دەبینین گرنگیدان بەم پرسە لە هەڵکشاندایە، بۆیە پێویستە بە تاقیکردنەوەیەکی پاک و بێگەرد بگەینە ئەو دیدگایە، بۆیە هیچ چار نییە و دەبێ بگەینە ئەو دیدگا سیاسییە بۆ ئاییندە بە شێوازێکی ئەزموونگەرایی و، ئەمەش واتە هەڵهێنجانی ئەم دیدگایە لەنێو (بوون و بەڵگەکان) وەک بەرەنجامی شرۆڤەیەکی (خودی و بابەتی و تەحەددییەکان و بونیادنانی دیدگایەکی ڕەخنەگرانەی بوێر و پەندوەرگرتن لە شکستەکان)، ئەمە نەک تەنیا شرۆڤەیەکی ڕەخنەگرانەی موجەڕەد بۆ خستەڕووی ئەڵتەرناتیڤ و پشتبەستن بە سیاسەتی گرەوکردن لەسەر خەیاڵ بێت.
پرسی سەرەکی کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەبینەوە، دوای ئەوەی کە ئەو ماوە تاریک و تاڵە بەسەر چوو کە هەموو جۆرە چەوسانەوەیەک کە بەهۆی سیستمە ستەمکارە حوکمڕانەکان ڕووی تێ کردین، ئەویش پرسی ململانێ بوو لە پێناو بنیاتنانی واقیعێکی تازە، کە گوزارشت لە خواست و ئامانجەکانی گەلی کورد دەکات لە ڕزگاریی نەتەوەیی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی.
پرسیارە سەرەکییەکە لێرەدا ئەوەیە، چۆن بگەینە ئەو دیدگا خوازراوە و بتوانین توخمەکانی بنیاتنانی نەتەوەیی تەوزیف بکەین، کە بریتین لە (کولتوور، سیاسەت، فیکر، کەلەپوور و، ماهیەت)
مەرجەکانی مەنهەجی و کۆمەڵایەتیی پەیوەست بە سرووشتی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، کە توانای هەبێت مەعریفە بەرهەم بهێنێت و ئامراز و کەرەستەکانی دەستەبەر بکات.
لێرەوە پێویستە چەندین سەنتەر دابمەزرێن، کە پاڵپشت بن بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفەت و گشتاندنی بە هەموو ڕێگەیەک و، بکرێتە بەشێک لە کولتووری نەتەوەییمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حاڵەتی هەڵگەڕانەوە، کە ڕۆڵی ژیری و زانست و زانیاری پەک دەخات و بانگەشەی تەکفیر و سەرکوتکردنی هەموو فیکرێکی پێچەوانە و هەموو ئیجتهادێک لە ئایین و سیاسەت و کولتوور و ڕەوشت دەکات.
بێگومان فیکری نەتەوەیی و دیموکراسیی مرۆڤدۆستانە (فەلسەفەی #کوردایەتی#) لە میانی دەقە ڕەسەنەکان و پڕۆسەی نوێبوونەوە و پەرەپێدان و دەوڵەمەندکردنی، دەبێتە تەوەری پڕۆسەیەکی گۆڕانکاری و پێشکەوتن بەرەو بنیاتنانی دیدگای ئاییندە، بۆ سەردەمێکی دوور و درێژ و نەوەکانی دیکە، بۆیە پێویستە هەر ڕاستکردنەوەیەکی واقیعیی ئێستامان، یان لە وێناکردنی ئاییندەمان لەو فەلسەفە و فاکتەرانەوە سەرچاوە بگرن، کە کاریگەرییان هەیە لە بواری پەرەپێدان و ئەو گۆڕانکارییانەی کە جیهانی سەردەممان بەخۆیەوە دەبینێت لە شەپۆلی دیموکراسی و دیالۆگ و مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنیدا.
فەلسەفەی دیموکراسیی مرۆڤدۆستانە (کوردایەتی) سیمای جەوهەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان بووە هەر لە سەرەتاوە و بە درێژایی کاروانی خەبات بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر، کە توخمەکانی یەکبوون و یەکگرتن و داکۆکیکردن لە نەتەوەییان لە دڵ و دەرووندا چاند، ئەو توخمانە خۆراکی ڕۆحیی بەردەوامبوونی خەبات بوون، بۆیە نەبوونی ئەو ڕەهەندە فەلسەفییە لە کاری سیاسیی حزبە کوردییەکاندا هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ ئاساییشی نەتەوەیی کورد، ئەمەش بە واتای ئەوەی کە حزب و ڕەوتە سیاسییەکانی کوردی چەسپاندنی کوردایەتییان دەکەوێتە ئەستۆ، ئەمەش لە میانی ڕاستگۆیی لە پیادەکردن و گۆڕینی بۆ ئامرازێکی هەبوون و هۆشیاری.
پێویستە ددان بەوەدا بنێین کە کێشەی زۆر هەیە کە گشتگیرن، بەڵام بە شێواز و جۆر و ئاستی جیاواز، دیسان ددان بنێین بەوەی کە پێویستە ئەو کێشانە ببنە مایەی ئەنجامدانی توێژینەوە و دیراسەتکردن لەلایەن بیرمەندانی کورد و سەرکردەکانیانەوە، ئەمە ئەرکێکی بەکۆمەڵە، چونکە گرنگی و ڕۆڵی فیکر لەوەدایە کە پەیوەستن بە زانست و زانیاری و شیکردنەوەی عەقڵانی و، لە پیادەکردنی ئەو فیکرە لە بواری شیکردنەوەی واقیع و لێکدانەوەی نیشانەکانی لەپێناو گۆڕینی بە ئاڕاستەیەکی باشتر و لەبارتر، بۆیە گەڕان بە دوای کێشە و چارەسەرکردنیدا بەرپرسیارێتیی هەمووانە، چ بە تەنیا، یان بە کۆمەڵ، کە پێویستە مەرجەکانی دەستەبەر بکرێن، مەرجی یەکەمیش دداننانی بوێرانەیە بەوەی کە کێشەکان هەن، دیسان هەمووان بەرپرسیار بن و ڕۆڵیان هەبێت لە چارەسەرکردندا، هاوکات ددانیش بەوەدا بنێین کە بیروبۆچوونی جیاوازمان هەیە و، ڕێز لە یەکدی بگرین و لێبووردە بین و دیالۆگێکی شارستانییانە و عەقڵانیی ئامانجدار بگرینەبەر.
چوونە ژێر بار و متبوون لە فیکرێکی دیاریکراودا بە واتای بێدەسەڵاتییە لە زاڵبوون بە سەر کێشەکاندا، یان بەدیهێنانی هەر چاکسازییەکی سیاسی، یان کۆمەڵایەتی، یانیش ئابووری، چونکە زانراوە کە کۆمەڵگەی کوردەواریمان لە چەندین چین و توێژی جیاوازی کۆمەڵایەتی پێک دێت، هەر یەکەیان بەرژەوەندیی خۆی هەیە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئاشتی لە کۆمەڵگەکەماندا بەردەوام بێت و ئێستا و ئاییندە بنیات بنێین لەسەر بنەماگەلێکی درووست، ئەوە واتا دداننانە بەوەی کە هەمووان ئازادیی فیکر و بیروباوەڕ و ڕا و مافیان هەبێت لە کۆبوونەوە و خۆپیشاندان و پێکهێنانی حزب و ڕێکخراو و کۆمەڵەکان و، مافی دەرکردنی ڕۆژنامەشیان هەبێت لە چوارچێوەگەلێکی یاسایی و دەستووریدا.
بێگومان ڕەگ و ڕیشەی زۆربەی ئەو کێشانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە، بۆ سەردەمانێکی تاریک دەگەڕێنەوە کە کوردستان پێیاندا تێپەڕیوە، چونکە ئەو دەسەڵاتە یەک لە دوا یەکانەی کە لە ئێڕاق حوکمیان کردووە، ستەمکارانە و دڕندەییانە و سەرکوتکارانە مامەڵەیان لەگەڵ گەلی کورد و کەمە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکاندا کردووە و، نکوڵییان لە مافەکانیان کردووە، بەو ڕەفتارانەیان کەلێن و بۆشاییان لەنێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەدا قووڵتر کردووەتەوە، دەسەڵاتیش لە هزری خەڵکدا بووەتە هێمای ستەم و چەوسانەوە، لەگەڵ ڕاپەڕیندا قۆناغێکی تازە دەستی پێ کرد، ئەویش قۆناغی ململانێیە لە پێناو چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و ڕاماڵینی ژێرخانی سیاسی و کولتووریدا کە ڕژێمە ستەمکارەکان درووستیان کردبوو، هەروەها بۆ دامەزراندنی سیستمێکی حوکمڕانی لە پێناو گۆڕانکاریی دیموکراسیی ڕاستەقینە و ڕاستکردنەوە و پاککردنەوەی ژیانی سیاسی لە هەموو خەوش و گەردێک.. ئاساییە کە گەڵاڵەنەبوونی هەندێک هێز و پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و پیشەیی لە چوارچێوەگەلێکی دیاردا، هەروەها لەوەی کە زۆربەیان بەرنامە و بۆچوونی زانستییان نییە بۆ پێکەوەڕۆیی لەگەڵ ئەو ئەرکانەی کە سەردەمی تازە خستوویەتە ڕوو، هاوکات سەرهەڵدانی دیاردەی ململانێکان، ئەمانە هۆکار بوون بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردەواری نەگاتە داڕشتنی ڕێبازێکی دیموکراسیی تەواو، تا وەک پێداویستییەکی کۆمەڵایەتی بسەپێنرێت.
جا لەبەر ئەوەی کە ئەمڕۆ ئێمە لە دۆخێکی دیموکراسیی نیشتمانیی گشتیدا دەژین و، زۆر توانامان لە بەردەستە بۆ چەسپاندنی دیموکراسی و فراوانکردنی بناغەی ئەم دیموکراسییە، کە هاوکات لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی جەماوەری کورددا گونجاوە، بۆیە ئەرکی هەموو حزبە کوردستانییەکانە کە لەگەڵ بارودۆخی کۆمەڵگەدا پێکەوە هەڵ بکەن، هەروەها هەست بە خەم و ئازارەکانیان بکەن و لە کێشەی ڕۆژانەیان تێ بگەن و دوور بکەونەوە لە خۆبەزلزانین، کاتێک لەگەڵ جەماوەردا دەدوێن، یان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، دیسان پێویستە ئەو حزبانە دوور بکەونەوە لە چەمک و تیۆریزەکردنی بۆماوەیی وەک قۆرخکاری لە کاری سیاسیدا، یان حزب بکەنە ڕێکخراوێکی دەسەڵاتدار، کە پێگەی دیاریکراوی هەبێت و فەرمان و ڕێنمایی لە لووتکەوە بۆ خوارەوە دەربکات، هەروەها هەوڵی ئەوە بدەن کە بەڕێوەبردنی هەموو کاروباری کۆمەڵگە قۆرخ بکەن، بێگومان هەموو ئەمانە لەگەڵ نەریتی خەباتدا ناگونجێن، کە قوتابخانەی کوردایەتی بەردی بناغەیی داناوە، بە تایبەتی کە زۆربەی ڕێکخراوە سیاسی و کولتووری و پیشەیییەکانی کوردستانی لە منداڵدانی ئەو قوتابخانەیەوە لەدایکبوون.
پلۆرالیزمی سیاسی و ڕێزگرتنی ڕای بەرانبەر و دیالۆگی نێوان فیکرەکان و کێبڕکێی ڕەوا لە خستنەڕووی ئەو بەرنامانەی گوزارشت لە خواستی جەماوەر دەکەن، ئەمانە سیمای جەوهەریی پیادەکردنی دیموکراسین، بەڵام ئەمانە کێبڕکێ دەکەن بۆ کێشکردنی چەندایەتی و زیادکردنی ژمارەی ئەندامان و وەدیهێنانی بەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتی و پێشبڕکێ بۆ زیاتر دەسەڵاتخوازی و گرتنە دەستی پێگە و دەسەڵات.
بێگومان ئەمە نیگەرانییەکی ڕەوای لێ دەکەوێتەوە، کە ئەنجامگەلێکی نەرێنی بەدوادا دێت و، کاریگەریی دەبێت بۆ سەر پەیوەندیی هەڤاڵانی نێو حزبەکان و متمانە پێ نەمان لەلایەن جەماوەرەوە، هاوکات سوودی کاری سیاسی و گۆڕانکاریی دیموکراسی دەبێتە پرسیار.
بەردوامبوونی پڕۆسەی چاکسازیی سیاسی پێویستییەکی زۆر بابەتییانەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەموکورتییانەی لەگەڵ گۆڕانکاریی دیموکراسی و بنیاتنانی دەسەڵاتی سیاسی و دامەزراوەکانی و ئاستی ئەدای ئەو دامەزراوانەدان، بۆیە پێویستە بەردەوام هەڵسەنگاندن بکرێت بۆ ئیحتیوا و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوورییەکانی ڕۆژانە و ئاییندەی جەماوەر و فراوانکردنی بنکەی کۆمەڵایەتیی سیستەمی حوکمڕانی و دەستبەرداربوون لە پێوەری تەسکی حزبایەتی، لە بواری پاڵپشتیکردن لە وەزیفە و گرتنەبەری پێوەری دیکەی لێهاتوویی و دڵسۆزی و تایبەتمەندی و شارەزایی لە ئیدارەدانی جومگە جیاوازەکانی دەسەڵات و پڕۆسەی بەردەوامی پاکسازیی توخمە گەندەڵ و ناشایستەکان.
بنیاتنانی دەسەڵاتێکی دیموکراسیی شارستانی، خۆی لە بنیاتنانی دامەزراوەگەلێکی کارادا بەرجەستە دەکات، کە هەر یەک لەو دامەزراوانە ڕۆڵ و پێگەی خۆیان هەبێت، لە بنەماکانی دیموکراسی و گوێڕایەڵی بۆ ئیرادەی گەل و نوێکردنەوەی یاساکان و مسۆگەرکردنی سەربەخۆیی دادگا و چاکسازیی بەردەوامی ئیدارە و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتی.. دەسەڵاتی سیاسیی کوردی کە پڕۆسەی گۆڕانکاریی دیموکراسی بەڕێوە دەبات، چەندین هەنگاوی هەڵێناوە لە دابینکردنی ئەو بنەمایانەدا، بەڵام ئەمە پێویستی بە هەوڵی زیاترە، بە شێوەیەک کە بە پلەی یەکەم ڕوو لە نەوەی گەنج بکرێت و، ڕێگەیان بدرێت ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە دیاریکردنی ئاییندەیاندا، تا بتوانن گرنگی بە کاروباری گشتیی سیاسی بدەن، هاوکات بەشدار بن لە دیاریکردنی ئاییندەی کوردستاندا.
پڕۆسەی چاکسازیی سیاسی پێویستی بەوەیە ددان بنرێت بەوەدا کە بۆشاییەکی نیشتمانی هەیە و پێویستە پڕ بکرێتەوە، چونکە ژمارەیەکی زۆری کوردانی بێلایەن و سەربەخۆ هەن لە ڕۆشنبیران و نووسەران و سەندیکاییان و خاوەنانی پیشەی ئازاد و هونەرمەندان و لاوان و قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانە و زانکۆکان، کە ڕۆڵی کاریگەریان نییە لە ژیانی سیاسیی ئێستادا، چونکە نایانەوێت لە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی سیاسیدا کاربکەن، بەڵام ئەوان دەیانەوێت سەر بەو دۆخە دیموکراسییە نیشتمانییە بن کە ئێستا لە کوردستان بەرقەرارە.
یەکێک لەو کێشە سەرەکییانەی کە ڕووبەڕووی پڕۆسەکانی چاکسازیی سیاسی و چەسپاندنی دیموکراسی دەبێتەوە، بریتییە لە مەینەتیی ئابووری، کە بەسەر گەلەکەماندا سەپێندراوە، ئەمەش دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان ناچار دەکات ڕووبەڕووی ببێتەوە لە چوارچێوەیەکی واقیعییانە و چارەسەری بکات، دیارە کە ئیرادەی سیاسی ناتوانێت بێ بنکەیەکی بەهێزی ئابووری کە میکانیزمەکانی نوێبوونەوەی ئابووری و گۆڕینی کۆمەڵگە لە بەکاربەرەوە بۆ بەرهەمهێنەر مسۆگەر بکات، هەروەها پەرەپێدانی هێزە بەرهەمهێنەرەکان لە گوندەکاندا بە ئاشکرا خۆی بسەپێنێت.[1]