$جەنگە جیهانیەکان چۆن ڕوودەدەن؟ جەنگی جیهانی سێهەم بە نموونە!$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
جەنگە گەورەکان لە میژوودا بەهۆی چەند فاکتێکەوە درووست دەبن بەڵام ڕووداوەکان کە هەڵی دەگیرسێنن ئەوەیە کە دوو جەنگی جیهانی گەورەی درووست کرد و وا جەنگی جیهانی سێهەمێش بەرپا دەکات. کاتێک زلهیزەکان هاوپەیمانی لە بەرانبەر یەکتر درووست دەکەن، کاتێک گەلەکۆمەکی ناوی لێ دەنرێ هاوپەیمانی، کاتێک یەکێک یان دووان لەو زلهیزانە جوگرافیای وڵاتەکەیان دەکەوێتە بەرمەترسی پەلامار و هێرشەوە واتە شەڕ دەچیتە سنوورەکەی و دواتر ناو خاکەکەی، کاتێک جەمسەری نوێی ئابووری و سیاسی دەردەکەون کە جەمسەرە کۆنەکان سەغڵەت دەکەن، کاتێک وڵاتێکی پەراوێزخراو و وێرانکراو دەکرێ بە قەزیەیەک و دواتر دەبێ بە هەستەی شەڕ، کاتێک هەڵایسانی ئابووری دەکەن بە هەورێکی ڕەش بەسەر ژیانی خەڵکی وڵاتەکانەوە، کاتێک ناکۆکیەکانی ناو سیستەمی سەرمایەداری دەگاتە چڵەپۆپە لەسەر قازانج و زیدەبایی، کاتێک نمایشی چەکە قورس و گەورە وترسناکەکان دەکرێ بە شانۆگەری و پیشانی جیهان دەدرێ، کاتێک کەشتیە جەنگیە گەورەکان لە دەریاکان و زەریاکاندا بجوڵێنرێن، کاتێک هەڕەشەی چەکی ناوەکیی دەبێتە باس و خواسی ڕۆژانە، کاتێک هێزی پێشکەوتووخاز و ئازادیخواز و ئاشتیخواز لە گۆڕەپانی سیاسی ناوخۆیی و نێو دەوڵەتیدا لاواز دەبن یاخود سڕ دەکرێن، کاتێک کۆمیدیەکان و سادیستەکان و فاشیستەکان و ڕۆژاواییەکان بەتایبەت بوونیان دەبێ لە سیاسەتی نیودەوڵەتیدا ئەو کات جەنگی جیهانی سێهەم بەڕێ دەکەوێ بۆ وێرانکاریەکی گشتگیریی.
ئەو ڕەگەزانەی ئاماژەمان پیدان هەموویان لە مێژوودا لە ڕوودانی جەنگە گەورەکاندا بوونیان هەبووە و لە ئیستاشدا هەندێ لەو ڕەگەزانە بە زیادەوە ئامادەییان هەیە ئامادەییەک کە تەڕ و وشک پێکەوە دەسوتێنێ. بە پێی هەموو ئامارە سەربازی و زانیاریە چەکزانەکان دە بۆمبی ناوەکی بەسە بۆ ئەوەی هەموو ئەوروپا نابوود ببێ و بگرە لە ناویش بچێ، کاتێک ئەمریکا زانیتی یابانیەکان هەر بە داگیرکردنی دوورگەی هاوایی نەوەستان و بەرەو خاکی ئەمریکا دێن لە زەریای هێمنەوە ئەو دەم بۆمبی ناوەکی بەکارهێنا و هەر دوو کارەساتی هێرۆشیما و ناکازاکی لێکەوتەوە و یابان خۆی دابەدەستەوە و جەنگ کۆتایی پیهات. دەسەڵاتدار و سیاسەتمدارە ئەمریکاییەکان ئیستەش دەڵێن بۆیە چەکی ناوەکیمان بەکارهێنا تاکو مرۆڤی زیاتر نەکوژرێن! جا گەر ئەمە بۆ ئەمریکا ڕەوابێ ئەوا بۆ ڕوسیا هەمان شتە چونکە هاتوونەتە بەردەم ماڵەکەی و هەر چوار دەوری گیراوە بە ناتۆ و وجودی ناتۆ شلە بنەڕەتدا بۆ گەمارۆدانی ڕوسیا و نەمانی وڵاتێکە بە ناوی ڕوسیا. ئەمە بە مانای بەهانە نییە بۆ ڕوسیا گەر بیەوێ چەکی ناوەکی بەکاربهێنێ بەڵام لۆجیکی جەنگە جیهانیەکانی دنیای سەرمایەداری ئیمپریالیستی خۆیان ئەو گەواهیە دەدەن کە ڕوسیا هەقێتی ئەو جەکە بەکاربهێنێ و گەر بەردەم مالەکەی پێ بگرن و شەڕ بگەێننە جادە و کۆڵانەکانی ڕوسیا ئەوا وەک ئەمریکا بۆمبی ناوەکیی دەوەشێنێ بەڵام بۆمبی ناوەکی ئەم دەمەی ئیستا هەر بە تەنیا وێرانکەرێکی ترسناک نییە بەڵکوو مەحف کردنەوەی وڵاتەکان و مرۆڤەکانی دەبێ.
جەنگی جیهانی سێهەم دەمێکە بەڕێکەوتووە و هەر کەس گوێی لە لێدانی تەپڵی ئەو جەنگە نەبێت ئەوا یا گوێی قورسە یان کەڕە یاخود گوێی خۆی لێ خەواندووە. هەموو ئەوانەی پێشتر پێیان وابوو هەر لە ئەکادیمیستی و سیاسی و شرۆڤەکارەکانەوە کە چەکی ناوەکی تەنیا بۆ ڕەدعی یەکترە ئیستا ئەوانە ڕەئیان گۆراوە و دەڵێن هیچ هیوایەکی ڕوونەدانی جەنگ نەماوەتەوە. بە ڕای من تەنیا خاڵێک کە ئەو جەنگە لە ڕوودان ڕابگرێ سازشێکی گەورەی ئۆکراین-ناتۆیە بۆ ڕوسیا نەک بە پێچەوانەوە؛ چونکە دۆڕانی ڕوسیا لە بردنەوەی ترسناکتر دەبێ بۆ ڕۆژاوا. هۆکارەکەش ئەوەیە کە ڕوسیا دەزانێ دۆڕانی لەم شەڕ و جەنگەدا واتە نەمانی وڵاتێک بە ناوی ڕوسیا. گەر جەنگی جیهانی سێیەم ڕووبدات هەموو زلهێزەکانی دنیا بەرپرسیارن لێی، بەڵام بەرپرسیارێتی یەکەم لە ئەستۆی ئەمریکادایە و دووەم بەریتانیا ئینجا ئەوروپای لەرزۆک و گوێڕایەڵی ئەمریکا. [1]