$هونەرمەندەکانی ئەوان و هونەرمەندەکانی ئێمە!$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
هونەرمەند، لێرەدا زۆرتر مەبەستم هونەرمەندی گۆرانی بێژە بە دیاریکراوی.
هیچ کەس و هیچ ئایدیا و میتۆدێک ناتوانێ هونەر و ئەدەب جیابکاتەوە لەو واقعەی تێیدا دەرکەوتووە. هەر وەک چۆن لەوێوە لە دایک بووە ئاوهاش دەبێ لەگەڵ هەموو شتێکدابێت. گاڵتەجاڕی یاخود بێ هزری ئەوەیە کەسێک بڵێ هونەرمەند بەتایبەت گۆرانی بێژ پەیوەندی چییە بە بارودۆخی سیاسیەوە یاخود بۆ داوای لێدەکرێت هەڵویستگیری هەبێت.
ئەوان...
مانگی ڕابردوو ڕاغب عەلامە لەمەڕ بارودۆخی وڵاتەکەی هاتە دەنگ و دەسەڵاتدارێتی لوبنانی بە گەندەڵ وەسف کرد و گوتی خەڵک هەقی خۆیانە بەهەر ڕێگەیەک بۆیان دەکرێ مافەکانی خۆیان لەو دەسەڵاتە بسەننەوە چونکە لوبنان خاوەنی خراپترین حکومەتە. ئەم هەڵوێستە پیشانیدا کە هونەر و هونەرمەند دەبێ چۆن لە وێستگە مێژووییەکاندا بە ئەرکەکانی خۆیان هەستن.
هۆمایۆن شەجەریان و داریوش لەو دوو هونەرمەندە بەناوبانگانەی ئێرانن کە لەسەر ڕووداوی ژینا ئەمینی هاتونەتە دەنگ چ بە گۆرانی و چ بە بەشداری خۆپیشاندان ناڕەزایەتی خۆیان لەگەڵ خەڵکەکەدا دەربڕیوە چەند جارێک و لە جەند شوێنێک. دیارە چەندان هونەرمەندی تری ئێرانی ئەو هەڵوێستەیان هەبووە بەنموونە ئابی بەڵام من تەنیا ئاماژە بەو دوانە دەرکەوتووە دەدەم.
لە تورکیاش نەک هەر بۆ ئەم ڕووداوە کە کۆرسی گۆرانی تایبەتیان بەرهەمهێناوە، سەبارەت بە ڕووداوەکانی وڵاتی خۆیان چەندان هەڵوێستی دژە دەسەڵات، دەسەڵاتی خراپ، هەبووە. هونەرمەندی گۆرانی بێژ گوڵشەن چۆلاک ئۆغڵو لە ماوەی جەند مانگی ڕابردوودا دوو سێ جار زیندانی کراوە چونکە ڕەخنەی لە دەسەڵات گرتووە بۆ ئەو بارودۆخە ناخۆشەی ولات و لەوانەیە سێ ساڵ زیندانی بکرێ.
ئیمە...
هونەرمەندە دیارەکانی ئێمە لەو کاتەی دەسەڵات خەڵکی دەکوشت و دەبڕی ئەمە جگە لە کارنامەی وێرانەیی سی ساڵی ڕابردوو، کەچی دەچوون بۆ بنکە و شوێنە حزبیەکانی دەسەڵات بۆ وەرگرتنی دیاری. یەکێک لە موعتەبەرترین هونەرمەندی گۆرانی بێژ دوای ئەو هەموو نابودیەی دەسەڵات ڕووی کردە بارەگای حزبی دەسەڵاتدار و لەوێ دیاریەکەی وەرگرت. گەر لە بنکەیەکی میدیایی ئەو دەسەڵاتەش بوایە ئێهێکی تێدا بوو بەڵام....
هونەرمەندەکانی تری باشووری کوردستان هەموویان تامەزرۆن لە مدیاکانی دەسەڵآتەوە دەرکەون و شتێکیان پێ بدەن. دیارە لە باشوور ئەم حاڵەتە بۆ نووسەر و میدکار و جورناڵیست و شاعیر و ئەدیبەکانێش هەر وایە و سەرە دەگرن بۆ وەرگرتنی موچەی یان دیاری دەسەڵات. کاتێکیش دەڵێی بۆ وادەکەن؟ دەڵێن ئێمەش مافمان هەیە بەو وڵاتەوە و ماندووبووین. ئەمە لە کاتێکدایە کە قوربانیترین و داماوترین کەسەکانی وڵات ئەوانەن کە هیچ شتێکیان لەو دەسەڵاتە وەرنەگرتووە و بگرە ئێستا لە جارانی لادێ و شارۆچکەکان خراپتر تاڵان دەکرێن.
کاتێک بەکر عەلی شاعیر بە ڕۆژی نیوەڕۆ بە دەستی دەسەڵات تیرۆر دەکرێ؛ کاتێک عیرفانی شاعیر بە نوکە قۆناغی کڵآوشینکۆف و شەقی ئاساییش گیان لە دەست دەدات یاخود محمەد عومەر عوسمان بە هەما شێوە ئیهانەی پێ دەکرێ و دڵی دەشکێنرێ هونەرمەندەکانی هاوشاری لە کن بەرپرسە دەسەڵاتدارەکان ئاهەنگیان ساز دەکرد. یاخود ئەدیب و شاعیرەکانی هاوشاری لە پەنا ئەو دەسەڵاتەدا خەریکی نۆشکردنی مەی و چیرۆک و میدیاکاری و شعر نووسینی خۆیان بوون. یاخود هەن لەملاوە بە گەنجان دەلێن مەمنوونی دەسەڵات مەبن و ناڕازی بن کەچی خۆیان بە سوپاسی دەسەڵات گەیشتنە دەرەوەی وڵات و ئێستاش بە پارەی ئەو عەرزە و موچەیەی وەریان گرت ژیانی خۆیان مسۆگەر کردووە.
هونەرمەندەکان باشووری کوردستان هەر یەک لە خانوو و شوقە و پارەی موفت و ماشێنی کەشخە دەژین و ئەوەی بیر و هۆشیان لای نەبێ یاخود هەر فڕیان بەسەریەوە نەبێ مەسەلەی ژیان و باروزروفی خەڵک و مەینەتیەکانیان و ناڕەزایەتیەکانیان و خۆپیشاندانەکانیانن. هونەرمەند کۆرپەی خەڵکە و نابێ بێ ئاگابێ یاخو گوێ بە ئازار و ناڕەحەتیەکانی خەڵک نەدات گوایە ئەو هەقی بەسەر سیاسەتەوە نیە؛ هەر هونەر و هونەرمەندێک نەبێت بە بەشێک لەو تەوژمە توڕەیی و بێزارییەی خەڵک وەک چۆن ڕاغب عەلامە و داریوش و هۆمایۆن و گوڵشەن بە ئەرکی مێژوویی هونەری خۆیان هەستاون، ئەوا دەبێ بەو پەڕۆ بێ کەڵکەی فڕێ دەدرێتە نێو زبڵدانی مێژووەوە. [1]