$خەمی کەتەلۆنیا گەورەتر لە خەمی کورد!$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
پێشبارێک بۆ خەمە گەورەکە
دوێنێکە پێنچ ساڵ بەسەر ڕفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کەتەلۆنیادا تێپەڕ دەبێ کە داوای مافی سەربەخۆیی خۆیان دەکرد لە ئیسپانیا لە ژێر ناوی کەتەلۆنیا ئیسپانیا نیە. بە پێی دەستوری وڵاتی ئیسپانیا و دەستوری یەکێتی ئەوروپا نەک هەر میللەتێک بەڵکوو هەر هەرێمێک ئارەزووی جیابوونەوە بکات لە وڵاتی سەنتەر ئەوا دەتوانێ جیاببێتەوە بە ڕێگەی دەنگدانێکی دیموکراسیانە. لە مێژووی نوێیدا، کەتەلۆنیا وەک کوردستان نەیتوانیوە سەربەخۆیی خۆی هەبێ بەهۆی داگیرکاری وڵاتی ئیسپانیاوە لەگەڵ ئەوەی چەندان جار خەباتی بەرپا کردووە لەو پێناوەدا بەتایبەت لە نیوەی سەدەی نۆزدەمەوە بیری سەربەخۆیی هەوێن بووە لەنێو کەتەلۆنیەکاندا بە ڕابەرایەتی پارتی وڵاتی کەتەلۆنی.
دوای ئەوەی هەرێمی کەتەلۆنیا بە پێودانگە قانونی و دیموکراسیەکانی لیبراڵ دیموکراسی کیشوەری ئەوروپا دەنگی خۆیدا بە جیابوونەوە لە ئیسپانیا بەڵام سەد مەخابن پۆلیسی ئیسپانیا بە وێنەی پۆلیسەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتنە گرتن و لێدان و زیندانی کردنی زۆرێک لە خەڵکان و چالاکوانانی سیاسی و بگرە زۆربەی سەرکردایەتی پارتی هەموومان پێکەوە لە پێناو کەتەلۆنیادا بە ڕابەرێتی کارلۆس پویجمەنت کە ڕفراندۆمەکەی بەڕێخستبو هاویشتنە زیندانەوە. لەو نێوەدا تەنیا سەرۆکی پارتەکە نەبێ کە هەڵهات بۆ برۆکسل پایتەختی بەلجیکا و یەکێتی ئەوروپا. کارلۆس پویجمەنت ئیستەش بە تەواوی ناوێرێ خۆی دەربخات چونکە پۆلیسی ئیسپانیا دەیانەوێ بیگەڕێننەوە و مەحکەمەی بکەن بەوەی خیانەتی لە وڵات کردووە. برۆکسێلیش لەبەر شەرمی خۆیان و لە ژێر فشاری ئازادیخوازانی وڵاتانی ئەوروپادا ناتوانن ڕادەستی ئیسپانیای بکەنەوە وەک چۆن ئۆچ ئالانیان والێکرد یاخود جولیان ئاسانجیان خستۆتە زیندانەوە و بەتەماهەن ڕادەستی ئەمریکای بکەنەوە.
ڕۆژی 1ی مانگی 10ی 2017 کە بە ناوی ڕفراندۆمی سەربەخۆیی دەنگی دایەوە زۆربەی زۆری خەڵکی کەتەلۆنیا دەنگیان بە جیابوونەوەدا لە ئیسپانیا، بەڵام لە لایەن هیچ یەکێک لە وڵاتەکانی ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەداوە دانی پێدانەنرا و تەنانەت سەرکۆنەی هەڵسوکەوتە دڕەندەییەکانی پۆلیسی ئیسپانیایان نەکرد و وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل مارگاریتس شیناس گوتی ئەوەی ڕوویدا کێشەیەکی ناوخۆیی ئیسپانیایە و ئێمە ناتوانین هیچ دەستێوەردانێک یاخود ئیدانەیەک بکەین لەو بارەیەوە. گوگڵ و یوتیوب و فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تری ڕۆژاوایی هەر هەواڵ و چالاکیەکی کەتەلۆنیایان بە چەندان ڕۆژ پێش دەنگدانەکە قەدەغە کرد. هەموو میدیایاکانی تری ڕۆژاواش وەک هەواڵێکی ئاسایی ئەو ڕووداوە مێژووییەیان باسکرد.
خەمە گەورەکە لە کوێدایە؟
ئەو چوارچێوە جوگرافییەی ئێمەی کوردی تیدا دەژین کە پێی دەوترێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتتر ئەو چوار وڵاتەی کوردستانی تیدا دابەشکراوە خاڵیە لە هەر گوتارێکی عەقڵانی و دیموکراسی و سیاسی بابەتی وەها کە بواری هیچ باسێک و هەنگاوێکی تیدا نابێتەوە بۆ مافی گەلانی بندەست یاخود کەمینەکان کە بریتییە لە ئازادی ئاخاوتن و خوێندن و مافی کەلتوری و فەرهەنگی ئەوە مافی سەربەخۆیی هەر تاوانێکە لەو گۆڕەی چونکە عەقڵیەتی سیاسی تورک و فارس و عەرەب خاڵیە لەهەر بەهایەکی مرۆیی. واتە ئێمە بەم پاشخانە نابودیەی کە هەیە لە لای دراوسێکانمان ڕاهاتووین و چآوەڕێی نەک هەر شتێکی باشیان لێ ناکەین بەڵکوو چآوەڕێی ئەوە دەکەین خراپتر و دڕەندەتر نەبن بەرانبەر مافەکانی گەلانی ناوخۆی وڵاتەکانیان بەتایبەت کورد.
بەڵام کەتەلۆنیەک کە لەنێو چوارچێوەیەکدا دەژی کە پڕە لە دروشم و بەهای مافدۆستی بێ قەیدوشەرت و ئەو کیشورەشی کە بوونیان هەیە تێیدا لە ماوەی دوو سێ دەیەی ڕابردوودا خەریکی هەڵوەشاندنی وڵاتانی تر بوون لە ژێر ناوی مافی جیابوونەوە و سەربەخۆیی گەلاندا. بۆ نموونە، هەڵوەشاندنەوەی یوگسلاڤیا بۆ شەش دەوڵەت و کردنیشیان بە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆدا. یاخود گلەیی وگازەندە و هێرشی توند دەکەنە سەر ڕوسیا و چین و هند کە مافی زەوتکراوی ئەو گەلانەی ژێر دەستیان ناگەڕێنەوە وەک ئەبخازیا و ئۆسیتا لە ڕوسیا، تیبت و ئۆیگور لە چین، کشمیر لە هندستان و...هتد.
کاتێک مرۆڤێکی کەتەلۆنی دەبینێ بەها لیبراڵ دیموکراسیەکانی کیشوەرەکەی هەموو دنیای تەنیوە و دەمی وەک نەهەنگێکی گەورە کردۆتەوە و هاواری مافی گەلان دەکات بەڵام ئەم لەنێو هەناوی نەهەنگەی لیبراڵ دیموکارسیەدا نەک هەر ناتوانێ دەنگی ئازادانەی خۆی هەڵبڕێ و داوای ئازادی سرووشتی خۆی بکات کە بریتییە لە سەربەخۆیی وڵاتەکەی بەڵکوو بەشێوەیەک سەرکوت دەکرێ کە هیچ جیاوازیەکی نییە لەگەڵ هەر سیستەمێک و حوکمێکی تۆتالیتاریستی ناوچەکەی ئێمە و جیهاندا. ئێمەی کورد ڕاهاتووین و مێژووی فێری کردووین پەنجە نەک نەرم بکەین بەڵکوو بسوتێنین لەگەڵ عەقڵی سیاسی دڕندانەی تورک و فارس و عەرەب کە عەقڵیەتێکە هیچ شتێکی عاقڵانە و جوان و باشی تۆمار نەکردووە لە مێژووی خۆیدا کاتێک باس دێتە سەر مافی گەلان؛ بەڵام بۆ کەتەلۆنیایەک کە دەبینێ کیشوەرەکەی و یەکێتیە ئەوروپاکەی و ئسپانیاکەی ساڵانە دەوڵەت و قەوارەی نیمچە دەوڵەتی بۆ خەڵکان و میللەتە جیاوازەکان درووست دەکەن و واژۆی نێودەولەتی بۆ کۆدەکەنەوە بەڵام بۆ ئەم فەرشی لێدان و زیندانی و دادگاکانی بۆ ڕادەخرێ. گەر ئێمەی کورد هیوایەکمان هەبێ دەوڵەتەکان یان ڕژێمەکانی ناوچەکە بگۆڕدرێن یاخود ئالوگۆڕێکیان بەسەردا بێ بەڵام کەتەلۆنیەک ئەم هیوایەشی نیە؛ چونکە سیستەمە سیاسیە لیبراڵ دیموکراسیەکەی چەسپاوە و ئومێدی گۆڕین نییە مەگەر شۆڕشێکی جەماوەری یا کرێکاری یاخود جەنگێکی گەورە سیستمەکە و ڕژێمەکانی بلەرزێنێ و هەڵتەکێنێ. [1]