$چوار قسە لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران لە پەراوێزی کوشتنی ژینا ئەمینیەوە$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
یەکەم:
ئەمە یەکەم جار نییە خۆپیشاندان شارەکانی ئێران دەگرێتەوە بەڵام تایبەندێتی ئەم جارە یەکانگیری و هاودەنگی گەلە جیاوازەکانی ئێرانە. خۆپیشاندانەکانی ئێران لەگەڵ ئەوەی هەموو نەتەوەکانی گرتۆتەوە ناتوانن ڕژێمی ئیسلامی ئێران بکەنە لەرزەی کەوتنەوە. گەر زۆر لەمە زیاتر پەرە بستێنێ لەوانەیە ئاڵوگۆڕێکی ڕێژەیی بەسەر قانونی جلوبەرگ یاخود حجابدا بکرێت؛ چونکە، هەستەی خۆپیشاندانەکە حجابە و گەر حکومەت بزانێ فشاری زۆری لەسەر دەبێ ئەوا چاکسازیەک دەکات لەو بوارەدا.
دووەم:
هیچ حزبێک و ڕێکخراوێکی سیاسی و جەماوەری سەرتاسەری نییە کە بتوانێ پێشەوایەتی ئەو خۆپیشاندانانە بکات تاکو ئاڕاستەکەی بە جێگەیەکی تردا ببات. نارەزایەتی دەربڕینی ئاوها، سرووشتی هەر کۆمەڵگەیەکی چەوساوەیە و کۆمەڵگەی ئێرانیش نموونەیەکی بەرجەستەی ئەم چەوسانەوەیەیە؛ بەڵام کەوتنە لەرزەی پایەکانی ڕژێم تەنیا بە هێزی سیاسی بە نفوس و سەراسەری دەکرێت کە ڕابەراتی بکات و ئەمەش لە ئێراندا بوونی نیە.
سێیەم:
ئەمریکا و غەرب نایانەوێ کۆماری ئیسلامی بڕوخێ. هیچ ڕژێمێک لە مێژووی ئێرانی نوێدا هێندەی ئەم کۆمارە ئیسلامیە خزمەتی بە ئەجێنداکانی ئەمریکا و غەرب نەکردووە. ئەجێنداکانیان بریتییە لە بڵاوکردنەوەی کۆنەپەرستی و تێکشکانی هەر جوڵەیەکی ڕوحی شۆشڕشگێڕانە و تۆخکردنەوەی ناسنامەی ئایینی لە بری ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی. پاشان، ئێران تاکە دەسکەلای ئەمریکایە بەکاری دەهێنێ دژ بە وڵاتەکانی ناوچەکە لەوانە سعودیە. وەک دارعاسایەک بەرز یا نزمی دەکاتەوە لە گەمە و هاوکێشە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کەوتنی ڕژێمی ئیڕان ئاڵوگۆڕ بەسەر تەواوی هاوکێشە ڕامیاریەکانی ناوچەکە و تەنانەت جیهانیشدا دەهێنێت.
چوارەم:
بە کوردی کردنی ئەم ڕووداوەی ژینا ئەمینی هیچ پایەیەکی ناسیونالیستی کوردی تیدا نییە و نابێ و بەهێزیش نابێ تێیدا؛ چونکە بابەتەکە تەواو ئایینی و مەزهەبیە هەر بۆیە هەموو چین و توێژە جۆراوجۆر و نەتەوە جیاوازەکانی تری ئیرانی گرتۆتەوە و بگرە هۆشیاری خەڵک لەسەر ئایین گەیشتۆتە ڕادەیەک بە ئاشکرا قسە بە ئیسلام و ئاخوندەکان بگوترێ لەو وڵاتەدا. گەر کۆمەڵگەی ئێرانی مافەکانی ئافرەتان و ئینسانەکان بە گشتی ئاوها بەرجەستە بکات لە هۆشیاری کۆمەڵآیەتی خۆیدا ئەوا بزووتنەوەیەکی ئومێدبەخش لە ڕێگەیە کە لەوانەیە دووربێ لەهەر پانئێرانیزمێکی فارسی و هەر ڕوحێکی ناسیۆنالیستی تر. [1]