دوای زیاتر لە دوو مانگ بێدەنگی و خۆ کەرەنتینەکردن لە باخەکەی لە ناوچەی #مێرگەپان#ی باکووری #سلێمانی#، #بەرهەم ئەحمەد ساڵح# سەرۆک کۆماری پێشووی ئێڕاق دەرکەوتەوە و بەپێی ئەو جوڵانەش دەستیپێکردەوە، پێدەچێت بیەوێت تۆڵەبکاتەوە.
بەرهەم ساڵح، کە کاندیدی فەڕمی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# بوو بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، لە مانگی 10ی تشرینی دووەمی ساڵی 2022 دوای ململانێیەکی توندی چەند مانگی نەیتوانی جارێکی تر پۆستەکە وەربگرێتەوە.
بەرهەم ساڵح بەهۆی دژایەتیکردنی لەلایەن #پارتی دیموکرات کوردستان# و لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکی ئەو حیزبە لەگەڵ لیستی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ لە بەرانبەر #لەتیف ڕەشید# کاندیدی سەربەخۆ دۆڕا.
دوای دۆڕاندنی بەرهەم ساڵح گەڕایەوە شاری سلێمانی و نزیکەی دوو مانگ بێدەنگی هەڵبژارد و لە باخەکەی لە مێرگەپان مایەوە، وەک ئەوەی بیەوێت ماوەیەک خۆی کەرەنتین بکات و دووربێت لە چاوی میدیا و گۆڕەپانی سیاسی.
بەڵام ماوەی دوو هەفتەیەک دەبێت بەرهەم ساڵح دەستی بە جوڵە کردووەتەوە و دەرکەوتنەکانی لە میدیاوە زیاتر بووە، ئەمە جگە لە دەستپێکردنی گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حیزبی و حکومی لە هەرێمی کوردستان و ئێڕاقیش.
دەرکەوتنەکانی ئێستای بەرهەم ساڵح بە دوو ئاڕاستەیە، یەکەمیان دەستی بە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کردووە، کە ئامانجی لەم کۆبوونەوانەی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ سەرکردەکانی حیزبەکەی.
ئامانجی یەکەمی هەوڵەکەی بەرهەم ساڵح لەگەڵ #کۆسرەت ڕەسوڵ# سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی بووە و جگە لەویش لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی تری حیزبەکەی کۆبوونەوەی کردووە.
ئاڕاستەی دووەمی کارکردنی بەرهەم ساڵح لە #بەغدا#یە، کە چەند ڕۆژێکە دەستی بە سەردانیکردن بۆ پایتەختی ئێڕاقیش کردووە و چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسانی حیزبی حکومی ئەنجامداوە.
هەرچەندە ئاماژەی ڕوون نین بۆ سەردانی ئەم دواییەی بەرهەم ساڵح بۆ بەغدا، بەڵام لەلایەکی تر زانیاری ئەوە هەیە، کە ناوبراو پشتگیری هەوڵی جیاکردنەوەی ئیدارەی سلێمانی لە #هەولێر# دەکات.
#بافڵ تاڵەبانی# سەرۆکی یەکێتی ماوەیەکە هەڕەشەی ئەوە دەکات، کە ئیدارەی سلێمانی جیادەکاتەوە و لەگەڵ بەغدا بۆ بابەتی دارایی و موچە و بودجە ڕێکدەکەوێت.
بافڵ تاڵەبانی بەهۆی کێشەکانی یەکێتی و پارتی دیموکرات ئەو هەڕەشانە دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش چەند گفتوگۆیەکی لەگەڵ بەرپرسانی ئێڕاقی کردووە.
بەرهەم ساڵح بە تەواوی پشتگیری ئەم هەوڵە دەکات و تەنانەت ئامادەیی نیشانداوە، کە پڕۆژەی پێویست بۆ ڕێکخستنەوەی دارایی و داهاتی سلێمانی ئامادە بکات و بیداتە بەرپرسانی یەکێتی.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، کە بەرهەم ساڵح دەیەوێت بەم هەنگاوە تۆڵە لە پارتی بکاتەوە، کە ئەو حیزبە بە توندی دژی جیاکردنەوەی ئیدارەی سلێمانییە لە هەرێمی کوردستان. [1]