$لە پەراوێزی ڕووداوەکانی ئێستای ئێڕاقدا$
ئێڕاق قوربانییەکی تری ئەمریکا
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
ئەمریکا لەگەڵیدا بەریتانیا لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە سیاسەتێکی ئێجگار خراپیان پەیرەو کرد و کردیان بە ستراتیجی هەمیشەیی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکانیان. ئەو سیاسەتە بریتی بوو لە تێکدانی هەر وڵاتێکی بەهێز و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، (هەروەها وڵاتانی تری دنیاش وەک ئەمریکای لاتین و یوگسلافیا). بەڵگەنامە مێژووییە سیاسیەکانیان کە لە وڵاتانی خۆیان بڵابۆتەوە ئەم ڕاستیە دەسەلمێنێ و پەڕتووک و نووسینی زۆریش هەن لەم بارەیەوە. لە شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بە ئێڕاق و ئێران و ئەفغانستان و لوبنان دەستیان پێکرد کە ئێستەش بەردەوامی هەیە لەم وڵاتانە؛ چ بە یارمەتیدانی خەڵکان و ڕێکخراوانی سیاسی ناکارامە و دکتاتۆر و مەزهەبی و بێ مۆراڵ و ئایدیا و بێ پرەنسیپ بۆ سەر دەسەڵات و چ بە درووستکردنی کێشە و گرفت بۆ وڵاتەکانیان و خەڵکەکانیان هەر لە فیتنەیی مەزهەبی و ئایینیەو ەتا دەگات بە مەسائیلی نەتەوەیی. لە سەدەی نوێدا دەستیان بۆ تونس و میسر و لیبیا و سووریا برد و تورکیاش لەوانەیە نێچیری داهاتوو بێ گەر گوێ لە مستی تەواویان نەبێ و واز لە ڕوسیا نەهێنێ بە یەکجاری. ئەو وڵاتانە بە تایبەت سووریا و لیبیا خەریک بوون دەبوون بە وڵاتانی ئابووری بەهیزی سەربەخۆ کە هیچ پێویستیەکیان بە غەرب نەبوو بۆ گەشەی ئابوورییان. بۆیە لێیان کەوتنە تەقە.
ئامانجی سەرەکی لە وێرانکردنی ئەم وڵاتانە سێ شت بوو بۆ ئەمریکا و غەرب. لایەنێکی ئابووری ئەوە بوو گەر شەڕ و ئاژاوەی ناوخۆی وڵاتەکان یاخود نێوان ولاتەکان درووست ببێ ئەوا ماشێنی بازرگانی چەک و تەقەمەنیان باش دەگەڕێ. لایەنێکی دی فەرهەنگی و مەدەنی بوو. ئاستی مەدەنیەت و فەرهەنگی ئەفغانستان و ئێران و لوبنان و بگرە ئێڕاقیش گەر لە ئاستی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکادا نەبوایە ئەوا لەوان پێشتر بوو. بۆ نموونە پێکەوە ژیان کەمینەکان و بەشداریان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا، ئازادی ژنان لە وبارەکانی خوێندن و بەڕێوەبردنی وڵات و ئازادی جلوبەرگی ئافرەت وەک یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی سەردەم، بەهیزی سەرمایە لە خەزێنەی دەوڵەتدا، سەرباری ئەوەی ڕۆڵی ئایین لە ژیان و دەستوری وڵاتاندا زۆربەی ڕۆژهەڵاتی ناوەآرست وڵاتانی مەدەنی و سکۆلار بوون و ئیستاش لە هەندێ بواردا لە ولاتانی غەرب لە پێشترن. یەکێک لە سیاسەتە ناوەکیەکانی غەرب تەرجەمەکردنی ئەم سیاسەتە نابودەی دەرەوەیەتی تاکو بە خەڵکەکەی خۆی بڵێ ئێمە پێشەنگی فەرهەنگ و شارستانیەتین و ڕۆژهەڵات بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆنەپەرستی ئایینی و شەڕانگیزی فەرهەنگین و ئەوەتا جادەکانیان خوێنی لێ دەچؤڕێ و لێدان و کوشتنی ژنان و فرەژنی و گەندەڵی سیمای ژیانی کۆمەڵگاکانیانە. بە پیشاندانی ئەم وێنەیە دەیانەوێ بەشێک لە کێشە و گرفتە چینایەتی و نادادیەکانی سیستەمەکەیان بشارنەوە و ئەمە سیاسەتێکی ئێجگار دیارە.
لە لایەکی تر، زۆربەی وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان لە بازنەی یەکێتی سۆڤیەتدابوون یاخود دۆستی نزیکی سۆڤیەت بوون و بە ماڵی ئە وحساب دەکران. ئەو وڵاتانەش وڵاتە دەولەمەند و بەهێزەکان بوون وەک ئێڕاق و لیبیا و ئێران و..هتد. لێرەوە ئەم وڵاتانەیان کردە قوربانی شەڕی دنیای دوو قوتبی خۆیان. گەر وڵات پێشکەوتووبایە یاخود بەهێزبوایە یان لە بازنەی سۆڤیەتدا بوایە چارەیان پێی گران دەبوو و ئەوەی لە دەستیان هات کردیان بۆ تێکدانیان.
هەموو ئەو دکتاتۆر و سەرکردە خراپ و گەندەڵانەی ئەو دەم و ئەم دەمەش پشتیوانی ڕەهای ئەمریکای و غەربیان لە پشت بوو گەر پیاوی خۆیان نەبوایە. بۆ نموونە هەموو ئەو بەرپرس و سەرکردانەی ئیستا لە ئێڕاقدا حوکمڕانن زۆربەی زۆریان نەک هەر سەر بە دەوڵەتە غەربیەکانن بەڵکوو زۆربەیان ڕاستەوخۆ سەر بە دەزگا نهێنیەکانیشن لەمسەری سوننەوە تادەگات بە شیعە و کوردەکانی یەکێتی و پارتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان بەتایبەت یەکگرتووی ئیسلامی. هیچ گروپێک هێندەی ئیخوان موسلمین ڕاستەوخۆ لە لایەن بەریتانیا و ئەمریکاوە درووست نەکرا و پشتویانی نەکراوە. کاتێک لە میسر ڕایان کرد ڕوویان لە دوو شوێن کرد ئەوانێش تورکیا و بەریتانیا و ئەمریکا. ئێستاش کە تورکیا دەریان دەکات ڕاستەوخۆ ڕوو لە بەریتانیا و ئەمریکا دەکەن.
لەگەڵ ئەوەی کێشەی نێوان شیعە و سوونە لەلایەک و کورد و عەرەب لە لایەکی تر کێشەیەکی سیاسی مێژوویین و هەر خودی ئەم ململانێەش هەستەی ئەو ڕووداوانەی ئێستایە و ئەکتەرەکانی ئەوان نەک بە دوای چآرەسەری ئەم کێشانەوەن بگرە خەریکی خەست کردنەوەین. ئایا ڕووخانی سەدام حسێن ستەمی چەندان ساڵەی شیعەی نەهێشت لە ئێڕاقدا یاخود زۆرتری کرد، ئایا سووننە وانەی لە حوکم و چارەنووسی سەدام حسێن وەرگرت یاخود خراپتر بوونە سەدامی؛ ئایا مافە نەتەوەییەکانی کورد بەدەست هات یاخود زیاتر پلیقێنرانەوە بەدەست حزبی کوردییەکانەوە. بەڵێ هەموو ئەو بەرپرس و سەردانەی ئێڕاق و کوردستان نەک هاتوون چآرەسەری هیچ کێشەیەک بکەن بەڵکوو هاتوون وێرانتری بکەن هەر وەک چۆن سیاسەتە ئیمپریالیستیەکانی ئەمریکا و غەرب ئەمەی دەویست ئەکتەرەکانیشیان ئەمەیان دەوێت.
ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێ و مەسەلەی پەڕڵەمانێتیان کردووە بە سەنگی مەحەکی سیاسەتەکانیی خۆیان و گوایە لەوێوە دەسەڵات بەڕێوەدەبرێ و دەوڵەت دادەمەزرێ ئەمانە هەمووی بۆ چاوشارکێی خەڵکە و ئەوەی مەبەستی سەرەکی ئەمریکا بوو تەفروتونا کردنی ئەو چەند بەها و بنەما دەوڵەتی و هەیکەلە کۆمەڵایەتیە بوو کە ژیانی خەڵک و وڵاتی پێ دەچوو بەڕێووە سەرباری هەر وێرانەیەییەکی سەدام حسێن و گەمارۆی ئابووری غەرب بەسەر ئێڕاقدا. شەڕی داگیرکاری ئێڕاقی ساڵی 2003 لە لایەن ئەمریکاوە بۆ بە خاک و خؤل کردنی هەر شتێکی بچوک گەر مابێ لەو وڵاتەدا و ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ ئەو وێرانکردنەیە لە ژیر ناوی مەزهەب و ئایین و دەستێووەردانی وڵاتانی تر وەک ئێران لە ئێڕاقدا. ئایا کاتێک ئەمریکا سەدامی لادا و دیموکارسی زۆرینەی لە ڕێگەی سیستەمی پەڕڵەمانیەوە هێنا بۆ ئێڕاق نەیدەزانی کە شیعە هەردەم براوەی پەڕڵەمان دەبێ و هەمووشیان بێ یەک و دوو ملکەچی ئێران دەبن. ئەگەر تەیفێکی وەک سەدریەکان نەچنە ژێر ڕکێفی ئێرانەوە ئەوا بەو دەردە دەچێ کە ئیستا دەیبینین خۆی و جەماوەرەکەی دایە دەست نادیارەوە. گەر وازهێنانە سیاسیەکەی تاکتیکیش بێ سەدر لەوە زیاتر هیچی تری پێ ناکرێ مەگەر ئیمامەتیەکەی ڕادەستی سعودیە بکات بە تەواوی و پشت لە ئێران بکات بەڵام چونکە سەدر خۆی کەسێتیەکی سیاسی و عاقڵی سیاسی نییە و خاوەن سەباتێکی تەنانەت مەزهەبی شیعیش نییە بۆیە تەنیا ئەوەی لە دەست کە دەیکات و گەر بەردەوام بێ لەو خۆپیشاندانانە ئەوا هەر دەدۆڕێ.
ئەم ڕووداوانەی بەغدا کاریگەریەکی ئەوتۆی نابێ لەسەر کودرستان مەگەر دۆخی ئێڕاق لە بەبسرەوە تا #کەرکووک# بە تەواوی بشڵەقێ و ئەو دەم گەر هیزێک نوێنەرایەتی خەڵکی توڕە و ناڕازی هەرێم بکات ئەوا دەکرێ هەرێمێش بەرەو شڵەژانی بچێ، بەداخەوە هیزێکی ئاوها لە ئێستادا بوونی نییە لە هەرێم. بگرە یەم ڕووداوانە بە قازانجی دەسەڵاتدارێتی هەرێمە لە هەموو لایەکەوە. ئەوەتا #هەولێر# وادەبێتە سەنتەری دانێشتن و گفتوگۆی ناوماڵی شیعە ئەم هەنگاوەش ئەو متمانەیە بە هەرێم دەبەخشێ کە قورسایی سیاسی خۆی پیشان دەدات لای خەڵکی هەرێم و جنوب و خودی وڵاتانی ناوچەکەش. جا ئایا ئێران بەم ڕۆڵەی هەرێم ڕازی دەبێ یان نا ئەوە بۆ ئاییندە بەجێدەهێڵین! [1]