$نووسەری دەرکەوتوو، نووسەری دەرنەکەوتوو$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
خاڵێکی گرنگ دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم لەم چەند کۆپلەیەدا ئەوەیە نووسەرە دەرکەوتووەکان چ ناوخۆی و چ جیهانی دەستێک هەیە لە پشتیانەوە بۆیە دەردەکەون ئەگەرنا ئەستەمە ئەوانە دەربکەون و ئەوانی تر بمێننەوە بێ ئەوەی خەڵک بیانناسێ هەرچەندە دەرکەوتن بە مانای باشی و جوانی و نایابی بابەتەکانی ئەو نووسەرانە نیە. جا ئەو دەستانەی لە پشت ئەو دەرکەوتوانەوەن دەکرێ بە زۆر ڕوودا دەربخرێن. بۆ نموونە، نووسەرە دەرکەوتووەکان لە چوارچێوەیەکدان کە ماشینە میدیایی و مالی و مەعنەویەکانیان لە پشتە. لێرەدا قسە لەسەر ئەوە نییە کە ئەو نووسەرانە بە توانا نین یان ڕۆشنبیری بەرفروان لە زانین و مەعریفەدا نین و ساڵی جارێ پەڕتووکێک دەنووسن بەڵکوو قسەکردنە لەسەر ئەو بابەتانەی ئەوان لەسەری دەنووسن. ئەوان هەرچەندە دوور بڕۆن لە دەرخستنی بابەتەکانیان و پیشاندانی دۆخەکە بەشێوەیەکی تاڵ و زبر ئەوا لەو بازنەیەدا دەخولێتەوە کە خزمەت بەو چوارچێوەیە دەکات کە دۆخەکەی درووست کردووە. هیچ یەکێک لە بابەتەکانی لەو ڕەهەندە دەرناچێ کە ئاسۆکەی دیاریکراوە، وەک ئەوەی دەسەڵات و سیستەمی مەوجود باشن و سەرباری هەر عەیب و عارێکیان مانەوەیان باشترە. فۆکۆ یاما سیستەمی سەرمایەداری بە نەمر و کۆمۆنیزیمی بە مردوو ناوزەد کرد لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا؛ لە لای خۆشمان ڕەهەندیەکان بە هەموو لایەکدا یان کورد و کوردستانی بوونەکە یاخود ستایشی فڵان سەرکردە و ئایین و لایەنی سیاسی دەکەنە بەهانەی مانەوە و بەردەوامبوونی دەسەڵات کە لە پشتەوە زامنکردنی ژیانی شەخسی خۆیان وەستاوە.
بە کورتیەکەی نووسەرە دەرکەوتووەکان چ جیهانی و ناوخۆیی ئەوانەن کە دەسەڵات (لە لای خۆمان) و سیستەم (ئەوانەی جیهانیەکە) لە ڕێگەی دەزگا تایبەتیەکانی خۆیانەوە چ ڕۆشنبیریەکان یان خێرخوازیەکان یاخود ناوەندە ستراتیجیەکانی وەک Think Tank دەچنە پشتیان. دەزگای هەواڵگری نهێنی ئەمریکایی (سی ئای ئەی) ڕاپۆرتێکی بلاوکردەوە لەم ساڵانەی دواییدا کە لە سەدەی ڕابردوودا پشتیوانی دەیان نووسەری جیهانیان لە بلۆکی ڕۆژاوا و ئەوروپا بە تایبەتی کردووە تاکو بەرەو ڕووی کۆمۆنیزیم ببنەوە لە ژێر ناوی دژە سۆڤیەتیدا. نووسەرەکان زۆرزۆرن بەڵام من سێ و چوار ناو دەهێنم ئەوانیش جۆرج ئۆرۆێڵ و هانا ئارنێت و هەمەنگوای و گابریڵ گارسیا مارکیزن. لە دنیای ئێستاشدا یوڤاڵ نەوا هەراری، فۆکۆ یاما، هەموو نووسەرە ستراتیجیستەکانی Think Tank ئەمریکی و میدیاکارە دیارەکانی کەناڵە بەناوبانگەکانی غەرب.
لە ناوخۆی خۆشماندا شێرکۆ بێکەسەکان و کۆمەڵی نووسەری تر لەوانە ڕەهەندیەکان کە ئیستە بوونەتە جەمسەرێکی گەورە لە دنیای ڕۆشنبیری ئێمەدا گوایە دژ بە دەسەڵات جەور و ستەم و نادادی و گەندەڵی وڵاتن کەچی هەر زوو خۆیان و خامەکەیان فرۆشت بە دەسەڵات و ئیستاش لەسەر ئەو ڕێچکەیە دەژین و ماونەتەوە و دەرگا و دەزگا میدیایی و نهێنیەکان لەسەر پشتە بۆیان چ بە ئاشکرا و چ بە نهێنی. جا دەرکەوتنی ئەو نووسەرە ناودارانەی دونیای ئێمە لەسەر هەمان تەرزی نووسەرە جیهانیەکان دەڕۆن بەڵام زۆر بە خراپتر و ناشیرینتر، چونکە ڕاستەوخۆ لەو دەزگا ئەدەبی و میدیاییانەدا شت دەنووسن و دەردەکەون کە خاوەندارێتیەکەی هی دەزگا نهێنیە سەرکوتکەرەکان و دەسەڵات گەندەڵکارەکانی هەرێمەکەیە.
نووسەر و ڕۆشنبیری ئاست بەرز و خاوەن مۆراڵ هەن کە دەرنەکەوتوون ئەوەیە کە سەر بە دەسەڵات و دەزگاکانی نەبوون و بگرە زۆربەی کات ناتوانن لە سێبەرەکانیشیاندا بوەستن. دیارە کوردستان پڕێتی لەم جۆرە کەسانە یاخود بڵێم لەم قوربانیانە هەر وەک چۆن پرە لە ڕەهەندیەکان و ئەوانی تر. ئەوەی بۆ میژوو دەمێنێتەوە قەواڵەکانە، فایلی چوونە بەرەی دەسەڵات و سیستەمەکە و پشت کردنە دادوەری و هاتنە ناو بەرەی خەڵک و ویژدانی مرۆیی و بەها و مۆراڵە ئینسانیەکانە. هەر وەک چۆن ئێمە بە دوای بێ بەهایی و بێ ویژدانی منەوەرەکانی سەدەی ڕابردووداین ئاوهاش نەوەی دادێ بە دوای نووسەر و ڕۆشنبیرەکانی دەسەڵات و دەزگاکانیان و سێبەرەکانیشیەوە دەبن. [1]