بابەت: ڕامیاری
نووسین و ئامادەکردن: #وەلید محەمەد سلێمان یوسف#
$با ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستان بکەینە هەوێنی یەکڕیزیی و تەبایی و یەکهەڵوێستی$
بەبۆنەی 17 ی 12ی ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستان گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی گەلی تێکۆشەر و قارەمانی کوردستان دەکەین.
هیوادارین بەزووترین کات ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەپاڵ ئاڵاکانی تری جیهان لەنەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبکرێت و کوردستان ببێتە ئەندامی سەربەخۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
21 ساڵ لەمەوبەر و ڕێکەوتی 11/11/1999 پەڕڵەمانی کوردستان بە بڕیارێک ئاڵای پیرۆزی کوردستان، وەک ئاڵای فەڕمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناساند و پاشان بە بڕیاری ژمارە 48 لە 19/6/2004 بڕیاری دا ڕۆژی 17\12ی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی ئاڵا دیاری بکات.
مێژووی ڕۆژی ناودێرکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان بۆ ساڵی 1945 و 35 ڕۆژ بەرلە دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە کاتێک دوایین دامودەزگای حکومەتی داگیرکەری پاشایەتی لە مەهاباد لابرا و لەسەر شارەوانیی مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵای کوردستان هەڵکرا، لەو کاتەوە واتە لە 17ی 12وە لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵای کوردستان بە فەڕمی لە شۆڕشەکانی کوردستاندا هەبووە.
دواتر ئاڵای کوردستان کە لەلایەن #فاتمە سەید مەناف حسەینی# ژنە تێکۆشەری خەڵکی مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە یەکەم کەس بووە بەدەستی خۆی ئاڵای کوردستانی دووریوە، لە ڕێکەوتی 22ی 1ی 1946 و لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەمەد بە فەڕمی هەڵکرا و وەک شکۆ و هێما و سمبولی نەتەوەیی و نیشتمانی بە فەڕمی ناسێندرا.
ئاڵا نیشانە و هێما و ناسنامەی نەتەوە و هەبوونی گەلانە، ئەمڕۆ هەموو گەل و نەتەوەیەکی خاوەن وڵاتی سەربەخۆ و بێ وڵات خاوەن ئاڵای تایبەت بەخۆیانن.
ئاڵای هەر نەتەوە و وڵاتێک لەگەڵ ئاڵای هەر نەتەوە و گەلێک و وڵاتێکیتر جیاوازە، هەریەکەیان خاوەن ڕەنگ و شێوە و واتای جیاواز و تایبەت بەخۆیەتی. ئاڵای پیرۆزی کوردستانیش لە چوار ڕەنگ پێکهاتووە، کە گۆزارشت لە گەلی قارەمانی کوردستان دەکەن.
هیودارین ئەم یادە ببێتە یادی یەککڕیزیی و تەبایی و یەکهەڵوێستی گەلی کوردستان.
بژی کوردستان.
شەکاوەبێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.
بمرن ناحەزان و دۆژمنان و داگیرکەرانی کوردستان.
[1]