#فەرید ئەسەسەرد#
دۆغۆ ئەرگیل دەڵێت سیڤەر مافی پێکهێنانی دوو دەوڵەتی بەتەنیشت یەکەوە بە کورد و #ئەرمەن# داوە. ئەرمەنستانی پێشنیارکراو کە ئەمریکا بەتەما بوو ببێتە ماندێتەری، لە ڕووبەردا زۆر لە کوردستانی باکوور گەورەتر بوو، بەڵام ژمارەی دانیشتووانی ئەرمەنی زۆر کەم بوو. کورد، بەگوتەی ئەرگیل لە ساڵی 1915دا لەئاکامی پڕۆسەی جینۆسایدکردنی ئەرمەنەکاندا دەستی بەسەر موڵک و ماڵ و زەوی ئەرمەنەکاندا گرتبوو. بۆیە ئەگەر ئەرمەنستانی پێشنیارکراو دابمەزرایە، دەبووایە هەموو ئەو موڵک و ماڵ و زەوییانە بگێڕنەوە بۆ ئەرمەن و ژمارەیەکی زۆریشیان ببنە هاووڵاتیی دەوڵەتی کریستیانی ئەرتۆدۆکس. بەڕەچاوکردنی تین و تاوی فاکتەری ئایینی لەو سەردەمەدا، ئەم مەسەلەیە بۆ کوردی تورکیا وەک مۆتەکە وابوو. بۆیە بەدرێژایی ماوەی 1920-1923 هیچ جموجوڵێکی کوردایەتی بۆ جێبەجێکردنی سیڤەر نەهاتە ئاراوەو کورد ئەوەندەی کە بەتەنگ پوچەڵکردنەوەی پڕۆژەی دەوڵەتی ئەرمەنستان و پشتگیری کردنی بزووتنەوەی کەمالیستی بووە، ئەوەندە بەتەنگ جێبەجێکردنی پەیمانی سیڤەر نەبووە. ئەوەی درووستیی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنێ ئەوەیە کە لە کۆنگرەی ئەرزرۆم کورد هاوپەیمانیی لەگەڵ کەمالیستەکاندا درووست کرد و دواتر مستەفا کەمال بەخوێنی جەنگاوەرانی کورد و تورک سەرکەوتنە گەورەکەی سەقاریای بەسەر یۆنانەکاندا بەدەست هێنا و بناغەی کۆماری تورکیای دانا.
پڕۆسەی چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لە تورکیا سەرباری ئەوەی کە هەموو تورکیای سەرقاڵ کردووە، جووڵانەوەیەکی کولتووریشی لەسەر بنەمای ناسینی مەسەلەی کورد هێناوەتە ئاراوەو تەنانەت هەندێک بۆچوونی تازەشی سەبارەت بەمێژووی پەیوەندییەکانی کورد و تورک وروژاندووە. ئەم جووڵانەوەیە چەند بۆ ڕاستکردنەوەی میتۆدی بیرکردنەوەی تورک پێویستە، ئەوەندەش بۆ پێداچوونەوەی مێژووی سیاسیی کورد و ڕاستکردنەوەی چەوتییەکانی پێویستە.
لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەی ڕۆژنامەی (تودەی زەمان) لەگەڵ پڕۆفیسۆری بواری سۆسیۆلۆژیای سیاسی دۆغو ئەرگیل، چەردەیەک بیروڕا نمایش کراون کە پێویستیان بەتێڕامانە. ئەرگیل ڕاڤەی جیاوازی بۆ مێژوو هەیە و لەو بڕوایە دایە کە کورد لە ماوەی 1920-1923دا دژی پەیمانی سیڤەر بووە و بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە هیچ هەنگاوێکی بۆ درووستکردنی دەوڵەت نەناوە. مەسەلەی هەڵوێستی کورد بەرانبەر بە دوو پەیمانەکەی سیڤەر (1920) و لۆزان (1923) مەسەلەیەکی تاڕادەیەک ئاڵۆزە. ئەوەی کە مەسەلەکە ئاڵۆزتر دەکا، ئەوەیە کە نەوەی ئەمڕۆی کورد بەچاوێکی جیاواز لەنەوەی ساڵانی بیستەکانی سەدەی بیستەم سەیری هەردوو پەیمان دەکا. دیارە هۆی جیاوازیی تێڕوانینەکە زۆرتر پەیوەندیی بەئاستی هەستی ناسیۆنالیستییەوە هەیە لەنەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر. زەمان ڕۆڵی لە گۆڕینی تێڕوانینەکاندا هەیە. لە سەردەمی سیڤەر و لۆزاندا، تازە کوردایەتی سەری هەڵدابوو. ئەمەش وای کردبوو کوردایەتییەکی لاوازو شێواو و ناوچەیی و پڕ کەموکووڕی لەئارادا بێ. بەڵام کوردایەتیی 20 ساڵ پاش لۆزان، باسک ئەستوورتر و خەمڵیوتر و ڕۆشنترە.
ئەرگیل لەڕوانگەی شۆڤێنیستییەوە بۆ مەسەلەکە ناچێت و بە هۆی ئەمەوە ناتوانین، وەک ڕاهاتووین، تۆمەتی شۆڤێنیستیی بخەینە پاڵ. ئەرگیل لە تورکیا بەدۆستی کورد دەژمێردرێ و لەم پڕۆسەیەی ئێستای ئاشتیش بەئەندامێکی کۆمیسیۆنی دانایان هەڵبژێردراوە. بۆچوونەکەی لەم بارەیەوە پرسیارێک لە بەردەممان قوت دەکاتەوە ئەویش ئەوەیە کە ئایا کوردی ئێراق و تورکیا دژی سیڤەر بوون؟ سیڤەر یەکەم و گرنگترین دیکۆمێنتی نێودەوڵەتییە کە بەئاشکرا مافی پێکهێنانی دەوڵەتی بە کورد بەخشیوە. بۆیە ئەگەر کورد خۆی دژی سیڤەر بووبێ، ئەمە بەم مانایە دێ کە کورد ڕۆڵێکی سەرەکیی لەبەفیڕۆدانی ئەم هەلە مێژوویەدا هەبووە.
لەم ڕوەووە لێپرسراوەتییەکە کەمتر کوردی باشوور دەگرێتەوە چونکە، لانی کەم، لە سلێمانیدا هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەت دراوە. بەڵام ئەمە کوردی باشوور بێگوناﮪ ناهێڵێتەوە، چونکە لە ساڵی 1923دا کورد تەواوی ستراتیجی خۆی گۆڕی و کەوتە دژایەتی کردنی بەریتانیای سپۆنسەری سیڤەر و دۆستایەتی کردنی تورکیای نەیاری سیڤەر. بوونی شاندی کوردی باشوور لە ئەنکەرە، هاوکات لەگەڵ بوونی شاندی تورک لە لۆزان، تەنیا یەک مانای هەیە، ئەویش ئەوەیە کە کوردی باشوور هەمان بۆچوونی ئەنکەرەی سەبارەت بە سیڤەر هەیە. بەڵام لێرە مەسەلەی هەڵوێستی کوردی ئێراق لەم ڕوەووە لە دەرەوەی باسەکەیە، چونکە ئەرگیل زۆرتر باسی کوردی تورکیا دەکا. ئەرگیل شتێکی چەوتی نەوتووە. قۆناغی سیڤەر کە کەوتووەتە نێوان 1920-1923 قۆناغی هەوڵدانی کوردی تورکیا بۆ درووستکردنی دەوڵەت نییە. ئەگەر وردتر بدوێین، دەبێت بڵێین قۆناغی سیڤەر قۆناغی هاوپەیمانیی نێوان کورد و کەمالیستەکانەو ئەم هاوپەیمانێتییە بەکردەوە یەک مانای هەیە، ئەویش ڕەتکردنەوەی سیڤەرە.
ڕەنگە ئەم شیکردنەوەیە شتێکی تازەی تێدا نەبێ. بەڵام ئەوەی کە لەم بارەیەوە تازەیە، ڕاڤەکردنی هۆکانی سڵەمینەی کوردی تورکیایە لە سیڤەر. ئەرگیل دەڵێت سیڤەر مافی پێکهێنانی دوو دەوڵەتی بەتەنیشت یەکەوە بە کورد و ئەرمەن داوە. ئەرمەنستانی پێشنیارکراو کە ئەمریکا بەتەما بوو ببێتە ماندێتەری، لەرووبەردا زۆر لە کوردستانی باکوور گەورەتر بوو، بەڵام ژمارەی دانیشتووانی ئەرمەنی زۆر کەم بوو. کورد، بەگوتەی ئەرگیل لە ساڵی 1915دا لەئاکامی پڕۆسەی جینۆسایدکردنی ئەرمەنەکاندا دەستی بەسەر موڵک و ماڵ و زەوی ئەرمەنەکاندا گرتبوو. بۆیە ئەگەر ئەرمەنستانی پێشنیارکراو دابمەزرایە، دەبووایە هەموو ئەو موڵک و ماڵ و زەوییانە بگێڕنەوە بۆ ئەرمەن و ژمارەیەکی زۆریشیان ببنە هاووڵاتیی دەوڵەتی کریستیانی ئەرتۆدۆکس. بەڕەچاوکردنی تین و تاوی فاکتەری ئایینی لەو سەردەمەدا، ئەم مەسەلەیە بۆ کوردی تورکیا وەک مۆتەکە وابوو. بۆیە بەدرێژایی ماوەی 1920-1923 هیچ جموجوڵێکی کوردایەتی بۆ جێبەجێکردنی سیڤەر نەهاتە ئاراوەو کورد ئەوەندەی کە بەتەنگ پوچەڵکردنەوەی پڕۆژەی دەوڵەتی ئەرمەنستان و پشتگیری کردنی بزووتنەوەی کەمالیستی بووە، ئەوەندە بەتەنگ جێبەجێکردنی پەیمانی سیڤەر نەبووە. ئەوەی درووستیی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنێ ئەوەیە کە لە کۆنگرەی ئەرزرۆم کورد هاوپەیمانیی لەگەڵ کەمالیستەکاندا درووست کرد و دواتر مستەفا کەمال بەخوێنی جەنگاوەرانی کورد و تورک سەرکەوتنە گەورەکەی سەقاریای بەسەر یۆنانەکاندا بەدەست هێنا و بناغەی کۆماری تورکیای دانا.
پاش تێپەڕینی 90 ساڵ بەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەر کەمافی پێکهێنانی دەوڵەتی بە کورد بەخشیوە و واژۆکردنی پەیمانی لۆزان کەمافی پێکهێنانی دەوڵەتی لە کورد زەوت کردووە و تەنانەت بەکەمینەیەکی نژادیشی نەناسیووە، هێشتا هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە نییە کە کورد بەهەڵوەشاندنەوەی سیڤەر نیگەران و پەرێشان بووە.
ئەوەی کەپاشتر ڕووی داوە، لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەم باسەیە و پەیوەندیی پێوە نییە. ئەمە بەم مانایە دێ کە ناکرێت ئۆباڵی بێبەشکردنی کورد لەمافی پێکهێنانی دەوڵەت تەنیا بخرێتە ئەستۆی هێزە دەرەکییەکانەوە. دەبێت دان بەوەدا بنرێ کە کورد خۆیشی لەم ڕوەووە بەرپرسیارەو بەقەد ئەوەی کە هێزە دەرەکییەکان ستەمیان لێکردووە، خۆیشی ستەمی لەخۆی و لەنەوەکانی داهاتووی کردووە.[1]