ئاڵای کوردستان کە لە دوای ڕاپەڕینەوە لە باشووری کوردستان بەکاردەهێنرێت و لە یاسای ئاڵای کوردستان ژمارە 14ی ساڵی 1999 بە فەڕمی وەک ئاڵای هەرێم پەسەند کراوە.
لە ساڵی 2009، ڕۆژی 17ی کانونی یەکەم، وەک ڕۆژی ئاڵا دەست نیشانکراوە بەو پێیەی لە هەمان ڕۆژدا ئاڵای کوردستان لە شاری #مەهاباد# لە کۆماری کوردستان لە ساڵی 1946 داگیراوە و دانانی ئەو ڕۆژە وەک هێمای هێشتنەوەی ئاڵای کوردستانە.
ئاڵای ئێستای باشووری کوردستان هەمان ئاڵای کۆماری کوردستان نییە، هەر چەندە دوای 76 ساڵ لە مێژووی ئەو کۆمارە تا ئێستا بەڕوونی ئەو هەڵەیە دەربارەی ئاڵای کۆماری کوردستان و ئاڵای باشووری کوردستان نەخراوەتەڕوو.
ئاڵای کۆماری کوردستان لە ڕووی هەر سێ ڕەنگەکەوە هاوشێوەی ئاڵای باشووری کوردستانە، بەڵام لەبری خۆرەکەی ناو ئاڵای باشووری کوردستان نیوە خۆرێکی هەڵهاتوو و دوو گوڵەگەنم و قەڵەمێکی تێدا بووە و لە ئەدەبیات و ئەرشیفی سەردەمی کۆماری کوردستاندا بەڕوونی ڕەنگی داوەتەوە و هەژار موکریانی لە 11ی 1ی 1946 لە شعرێکدا لە ڕۆژنامەی فەڕمی کوردستان کە ڕۆژنامەی فەڕمی کۆمار بووە، وەسفی ئاڵاکە دەکات و ئاماژە بە دوو گوڵە گەنم و قەڵەمی نێو ئاڵاکە دەدات.
ئاڵای ئێستای باشووری کوردستان لە ئاڵای کۆمەڵەی خۆیبوون و کۆماری ئارارات نزیکە کە بەهەمان شێوە خۆرێکی تێدا بووە، بەڵام لە ئاڵای باشووری کوردستان ژمارەی تیشکەکانی خۆری ناو ئاڵاکە ڕێکخراوەتەوە و کراوەتە 21 تیشک وەکو هێمای ڕۆژی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی کە ڕۆژی بیست و یەکەمی ئاداری هەموو ساڵێکە. [1]