#فەرید ئەسەسەرد#
شاری #خانەقین# پێگەیەکی تایبەتیی هەیە لە نزیک سنووری ئێراق-ئێران، لەو شوێنەی کە ئەم سنوورانە زۆر لە بەغدای پایتەختەوە نزیک دەبنەوە، هەروەها ڕێگەی مێژوویی (#خوڕاسان#) کە تا ئێستاش گرنگی ئابووری و بازاڕی خۆی هەیە، بەو شارە تێپەڕ دەبێت، بۆیە شارەکە گرنگییەکی ستراتیژی هەیە کە ڕەنگی داوەتەوە لەسەر بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری هەروەها دیمۆگرافیش.
دیارە سنووری ڕۆژهەڵاتی ئێراق هەر لە سێگۆشەی سنووری نێوان ئێراق و هەر یەکە لە ئێران و تورکیای دراوسێی و تا دەگاتە ڕێڕەوی (شەت ئەلعەرەب) لە کەنداو، ئەمە لە پاشماوەی دەیان ڕێکەوتننامە و پەیماننامەی نێوان هەردوو دەوڵەتی فارسی و عوسمان (پێشوو) و دواتریش لەنێوان ئێراق و ئێران و بە درێژایی چەند سەدەیەک، سەرەڕای ئەمەش ئەم ڕێکەوتننامانە ئەو کات و ئێستاش چەندین هۆکاری بارگرژی و ناسەقامگیری لەخۆ دەگرێت، بە جۆرێک لەوانەیە لە هەر کاتێک بێت هەڕەشە لە ناوچەکە بکەن.
لە دیارترین شوێنە (گرژەکانی) نێوان ئێراق و ئێران، ناوچەی کەمەرەی سنوورییە کە درێژ دەبێتەوە لە شارۆچکەی (هەڵەبجە)وە لە پارێزگای سلێمانی لە باشوورو، تا (بەدرە) لە پارێزگای واست، لەو ناوچەیەدا سنووری ئێراق-ئێران قووڵ دەبێتەوە بەرەو بەغدا، بە جۆرێک لە ناوچەی خانەقین ماوەی نێوانیان تەنیا (150) کیلۆمەتر کەمترە.
شاری خانەقین توانیویەتی کارلێک بکات لەگەڵ فاکتەرەکانی مێژوو و جوگرافیا، بە جۆرێک خۆی بەسەر ڕووداوەکاندا سەپاند، تا ماوەی ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو پێگەیەکی بەرزی هەبوو لە ویژدانی گەلی کورد و گەیشتە ئاستی شاری کەرکووک لە باشووری کوردستان و هەروەها یەکێک بوو لە گرنگترین شارە سنوورییەکانی ئێراق.
گرنگترین ئاماژەکانی ئەم کارلێک کردنە بریتین لە:
1-پێگەیەکی جیۆستراتیژی هەیە لە نزیک سنووری ئێراق-ئێران چ لەسەر ئاستی کردەوە سەربازییەکان، یان ئاساییشی نەتەوەیی.
2-تێپەڕبوونی ڕێگەی مێژوویی (خوراسان) کە هەردوو پایتەخت (تەهران و بەغدا) بە یەکەوە دەبەستێت لە ڕێگەی خانەقینەوە، ئەم ڕێگەیە پێشتر و ئێستاش ڕۆڵێکی کاریگەریی هەیە لە جووڵەی گواستنەوەو بازرگانی، هەر وەک ڕەنگدانەوەی شێوازی پەیوەندی سەربازی و ئابووری و کۆمەڵایەتی نێوان هەردوو وڵاتە.
3-پەرەسەندنی پیشەسازی نەوت، چونکە بیرە نەوتییەکان درێژ دەبنەوە لە بیرەکانی چیاسوورخ لە باکووری شارەکە تا بیرەکانی نەفتخانە لە باشوور، یەکەم پاڵاوگەی نەوت لە ئێراق ساڵی 1927 لە نزیک شاری خانەقین دامەزرا بە ناوی پاڵاوگەی (ئەڵوەند)، ئەمەش ڕۆڵی هەبوو لەپاڵپشتی کردنی ئابووریی لە ناوچەکە، بەر لەوەی حکومەتی ئێراق دایبخات.
4-پەرەسەندنی کشتوکاڵی-ئاژەڵی: لە ڕێگەی ئیستیغلال کردنی زەوییە بە پیتەکان نەخاسمە لە دەوروبەری ڕووباری ئەڵوەند لە پڕۆسەکانی گەشەسەندنی کشتوکاڵی، بەڵام بەکارهێنانی بەرفراوانی سەرچاوەکانی ئەم ڕووبارە لە لایەن ئێرانەوە، شارەکەی لەمە بێبەش کرد، بۆیە بەناچاری کەناڵێک لە ڕووباری سیروان کرایەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی ئاوی ڕووباری ئەڵوەند.
کەسوکارانمان لەخانەقین لە ڕێگەی کارلێک کردنیان لەگەڵ (موعتەیات)ە جوگرافیەکان توانییان مێژووییەکی پرشنگدار درووست بکەن کە هەمیشە شانازیی پێوە بکەن بە جۆرێک ڕکابەرێتی شاری (بەعقوبە)ی مەڵبەندی پارێزگاکەی دەکرد، لە ڕووی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و پەرەسەندنی ئاوەدانی و گەشەسەندنی ئابووری، ئەگەر سیاسەتی بەعەرەبکردن نەبوایە کە حکومەتی ئێراق پیادەی کرد بەتایبەتیی لەنیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو.
لە لایەکی دیکەوە پێگەی جوگرافی شاری خانەقین، بەو پێیەی لە پەرەسەندنی و بووژانەوەی شارەکەدا بەشداری کردووە، هەروەها ڕۆڵی هەبووە لە تێوەگلانی ناوچەکە لە کێشە و ڕووبەڕووبوونەوەی درێژخایەن لەگەڵ ڕووداوەکان، بە هەموو ململانێی ناوچەیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی، نەخاسمە بە بەرزبوونەوەی زیاتری قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات، چونکە شوورای پێشەوەی بزووتنەوەی بەرگری کوردی بوو لە بەرانبەر جووڵانەوەکانی سوپای ئێراق لە کوردستان ئێراقدا.
گرنگترین ئەو دەرەنجامانەی لەم ڕووداوانە کەوتنەوە بریتین لە:
1-دەرەنجامە دیمۆگرافییەکان: ئەنجامەکانی یەکەم سەرژمێری ڕەسمی کە لە ساڵی 1947ئێراق ئەنجام درا دەریخست کە ژمارەی دانیشتووانی شاری خانەقین کەمتر نییە لە (20.000) بیست هەزار کەس و لە ساڵانی دواتردا ژمارەی دانیشتووان بە بڕی (5%) ساڵانە زیادیکرد لە ئەنجامی سەقامگیر بوونی بارودۆخ کە خزمەتی پڕۆسەی گەشەسەندنی کشتوکاڵ و بازرگانی و گەشتیاری دەکرد.. لە توێژینەوەیەکی مێژوونووس (عەبدولرەزاق ئەلحەسەنی)دا ئاماژە بۆ گرنگی بازرگانی شاری خانەقین دەکات و دەڵێت: (ڕەواجێکی گەورەی هەیە بە حوکمی پێگەی جوگرافی و چەندین بازاڕی ڕێکخراو و شەقامی ڕاست و قیرتاو کراو)، هەروەها نووسەرانی پەرتووکی (العراق الشمالی) جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە و تێیدا هاتووە (پڕ بوو لە جووڵە و چالاکی بازرگانی بەتایبەتیی لەگەڵ ئێران و ئەفغانییەکان)، لە لایەکی دیکەوە گۆڕانکارییە سیاسییەکان کاریگەریی سلبییان هەبوو لەسەر واقیعی ئابووری و کۆمەڵایەتی دانیشتووانی شارەکە، چونکە گرژی و هەڵکشانی بەردەوامی سیاسی و ئابووری لەگەڵ ئێرانی دراوسێ لەنیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو ڕەنگدانەوەیەکی مەترسیداری لەسەر کەرتی کشتوکاڵی و گەشتوگوزار هەبوو ئەویش بە هۆی کۆنتڕۆڵکردنی ئاوی ڕووباری ئەلوەندەوە، هەروەها سیاسەتی بەعەرەبکردن کە حکومەتی ئێراق پیادەی کرد بەتایبەتیی لە هەردوو دەیەی حەوتەم و هەشتەم لەپاڵ دەرەنجامەکانی جەنگی ئێراقی-ئێرانی لەنێوان ساڵانی 1980-1988، ئەم شارە یەکێک بوو لە بەرچاوترین گۆڕەپانەکانی و کاریگەریی هەبوو لەسەر واقعی دیمۆگرافی دانیشتووانی شارەکە، بەمەش گەشەی دانیشتووان ڕووی لە کەمی کرد.
ئەنجامی سەرژمێرییەکانی دانیشتووان لە ئێراق ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژەی گەشەی دانیشتووان ساڵانە دابەزیوە بۆ 2% تەنیا لەنێوان ساڵانی (1965-1977)، کەچی لە ساڵانی دواتردا ژمارەی دانیشتووان بە شێوەیەکی خێرا کەمی کرد بە ڕێژەیەکی نزیک لە 4%، تێبینی ئەم خشتەیەی خوارەوە بکەن:
ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی شاری خانەقین (1947-1987)
ساڵ شار % قەزا%
1947-1957 5 3.1
1957-1965 7 2.0
1965-1977 2 1.2
1977-1987 -3.8 0.4
2-دەرەنجامە نەتەوەییەکان: دەرەنجامە نەتەوەییەکان کە لە ئەنجامی ئەو ڕووداوە سیاسیانە کە پێشتر ئاماژەمان پێدان، دیارترین گۆڕانکاری دیمۆگرافی و گرنگترینیان بوون، چونکە شاری خانەقین هەر لە سەردەمێکی زووەوە دووچاری سیاسەتی گۆڕانکاری نەتەوەیی بووەوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی بوونی کورد لەو شارە کە لە بەرژەوەندی نیشتەجێیە عەرەبەکان کەوتەوە، هەروەها مسۆگەر کردنی کۆنترۆڵی حکومەت بەسەریدا.
لەژێر ڕۆشنایی ئەنجامەکانی سەرژمێری دانیشتووانی ساڵی 1947 ڕێژەی کورد لە شارۆچکەی خانەقین لە (80%)ی لە کۆی ژمارەی دانیشتووان، تێپەڕی کردبوو بەڵام ڕووی لە کەمی کرد بەتایبەتیی لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو، بە جۆرێک ڕێژەی کورد نەگەیشتە تەنیا (27%)لە ساڵی 1977، ئەم کەمبوونەوەی ژمارەی کورد بەردەوام بوو بە شێوەیەکی خێرا لە ساڵانی جەنگی ئێراق-ئێران، ئاشکرایە حکومەتی ئێراق ڕاستەوخۆ دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراق یاسای ڕەگەزنامەی ئێراقی دەرکرد بە مەبەستی لەناوبردنی کوردە فەیلییەکان، لە ناوچەی کەمەرە کە لەم توێژینەوەیەدا ئاماژەمان پێداو لە پێشەوەی هەموویان شاری خانەقین بوو، بەم پێیەش ئەم شارە بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو چەندین هەڵمەتی (تەسفیری) دانیشتووانی بەخۆیەوە بینی بەتایبەتیی لە کاتی توندبوونی گرژییەکانی نێوان ئێراق و ئێران، هەروەها دووچاری چەندین هەڵمەتی ڕاگواستن و ڕاگواستن بووەوە چ بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی ئێراق یان بۆ ئۆردوگای (تایبەت) کە بۆ ئەم مەبەستە ئامادە کرا بوو لەسەر ڕێگە گشتییەکان یان لە نزیک شارە گەورەکان بۆ ئەوەی چاودێری کردن و کۆنترۆڵ کردنیان ئاسان بێت، ئەمەش خێزان و هۆزە عەرەبەکانی هانداوە بۆ ئەوەی لە شارەکە نیشتەجێ بن و هەموو ئاسانکارییەکی ئابووری وئەمنی و خزمەتگوزارییان پێشکەش کرا بۆ ئەوەی سەقامگیر بن ئەمەش ئەنجامەکەی گۆڕانکاری بوو لە پێکهاتەی نەتەوەیی دانیشتووانەکەی.
لە توێژینەوەیەکی زانستی کە ساڵی 1972 لە زانکۆی بەغدا و بە شێوەیەکی مەیدانی (نووسەر) ئەنجامیداوە دەرکەوتووە کە ڕێژەی کورد لە شاری خانەقین زیاتر لە (90%) بووە، کەچی ڕێژەی عەرەب و تورکمان کەمتر بوو لە (6%)، بەڵام ئەنجامەکانی سەرژمێری دانیشتووانی ساڵی 1977 دەریخست کە ڕێژەی کورد نزیکەی (45%) و ڕێژەی عەرەب (48%) و ڕێژەی تورکمانیش کەمتر لە (2%) بوو، ڕێژەی عەرەب بەرز بووەوە لە دواترین سەرژمێری لە ئێراق، ساڵی 1977 گەیشتە (55%) لە کۆی دانیشتووانی شارەکە.
لە ساڵی 1988 لە سەردانێکی (تەها یاسین ڕەمەزان) بۆ شاری خانەقین، فەرمانی بە سەرکردایەتی حزبی و نەتەوەیی بەعس کرد بە کەمکردنەوەی ژمارەی کورد بۆ کەمتر لە (20%) ئەویش بە نووسراوی قایمقایمیەتی شارۆچکەی خانەقین بە ژمارەی 25/363 لە ئاداری 1999 کە ئاڕاستەی سەرکردایەتی هۆبەی حزبی لە شارۆچکەکە کرا بوو، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەبوو لە پڕۆسەی دووبارە دابەشکردنەوەی نەتەوەیی دانیشتووانی شاری خانەقین.
لەگەڵ ئازاد بوونی ئێراق شارەکە پێشوازیی لە ڕۆڵە کۆچ پێکراوەکانی کردەوە، هەر وەک چۆن پێشوازی لە پێشەنگی سوپای ئازادی کرد و دەست لەناو دەست جەماوەری ڕاپەریوو و توانی هەموو شوێنەوارەکانی بەعەرەبکردن لابەرێت کە پێشتر ڕژێم پیلانی بۆ دانا بوو و گشت تواناکانی خۆی خستبووە ڕوو بۆ جێبەجێکردنی لە دەیان ساڵی ڕابردوودا.
بەڵێنی خوای گەورە هاتە دی (و نرید ان نمن علی الذین استضعفوا فنجعلهم أئمة و نجعلهم الوارثین) و ڕۆڵەکانمانیش لە شاری خانەقین بەڵێنی خۆیان بۆ سەرکردایەتی سیاسی باشووری کوردستان هێنایە دی و نموونەیەک بوون بۆ شارەکانی هەرێم لە ڕۆژانی تاقیکردنەوەدا، کاتێک کۆبوونەوە لە دەوری سندووقەکانی هەڵبژاردن و بەڵێنیان دووپات کردەوە بۆ سەرکردایەتی و بۆ نیشتمان.
دەرهاویشتەکانی توێژینەوەکە:
1-پێگەی جوگرافی شاری خانەقین، شوێنەواری قووڵی هەبوو لەو گۆڕانکارییانەی کە لە سەدەی ڕابردوو بەخۆیەوە بینی.
2-سیاسەتی بەعەرەبکردن دیارترین ئەو سیاسەتانەی ڕووبەڕووی بووەوە، کە خۆی لە تەسفیر و ڕاگواستن و نیشتەجێکردنی عەرەبە هاوردەکان دەبینییەوە.
3-پێشتر و ئێستاش ڕۆڵەکانمان لە شاری خانەقین قەڵغانی پێشەوەی گشت ئەو پڕۆسانە بوون کە دژی بزووتنەوەی شۆڕشی کورد و تەجرەبەی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە لە پێشەوەی هەموویشیان جێبەجێکردنی ماددەی (140) و لکاندنی بەهەرێمەوە.
4-داوا لە سەرکردایەتی سیاسی لە هەرێمی باشووری کوردستان دەکەین لەگەڵ ڕۆڵەکانمان بن لەو شارە بەو ڕێژەیەی کە ئەوان لە ڕۆژانی تەنگانە و ئاستەنگەکاندا پشت و پەنایان بوون، جا لەسەر ئاستی ئابووری یان کۆمەڵایەتی یان سیاسی بێت و فشار بخەنە سەر حکومەتی ئیتیحادی بە ئاڕاستەی پەرەپێدانی ژێرخانی شارەکە و کارا کردنی سەرلەنوێی کەرتی نەوت، بۆ ئەوەی جارێکی تر ببێتە ناوەندێک بۆ ڕاکێشانی بزووتنەوەی بازرگانی و گەشتیاری و ئاوەدانی.
5-پاڵپشتی کردنی داواکاری جەماوەری ناوچەکە بۆ گۆڕینی شارەکە بۆ مەڵبەندی شاری خانەقین وەک ڕاستییەک کە هۆکاری مێژوویی و جوگرافی فەرزی کردووە ئەویش بەوەی چەند شارەدێیەکی وەک: مەندەلی، قەزانییە، نەفتخانە بخرێتە سەر شارەدێکانی قەزاکە، بەمەش سنوورەکان درێژ ببنەوە لە ڕووباری سیروان لە لای ڕۆژاوا تا سنوورەکانی ئێراق-ئێران لە لای ڕۆژهەڵات و بۆ پارێزگای واست لە باشوور.[1]