#فەرید ئەسەسەرد#
لەنێوان ئێڕاق و #سۆدان# خاڵی هاوبەش زۆرن. گرنگترینیان ئەوەیە کە هەردوو دەوڵەت بەو سنوورەی هەیانە، زادەی هەوڵی بەریتانیان و بەم پێودانگە، نە ئێڕاق دەوڵەتێکی نەتەوەیی لێ پێک هات نەسۆدان. یەکێ لەم دوو دەوڵەتە کەسۆدانە نزیکەی شەش مانگی تر ڕیفراندۆمێک لە هەرێمی باشوور بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی سیاسی ڕێکدەخا و پێشبینی دەکرێ باشوور لەم ڕیفراندۆمەدا بڕیاری جیابوونەوە بدات.
ئەو پرسیارەی زۆر لە کوردستان دەوروژێنرێت ئەوەیە کەچی وای کردووە باشووری سۆدان بە مافی بڕیاردانی چارەنووس بگات و کوردی ئێڕاق پێی نەگەن؟
ئەوەی کەزۆرتر ڕێی تێدەچێ ئەوەیە کەئەم مەسەلەیە لەژێر کاریگەریی دوو فاکتەردایە کە یەکێکیان ئابوورییەو ئەوی تر جوگرافیای سیاسی. هەر بەراوردکردنێک لەنێوان ڕەوشی کوردستان و ڕەوشی باشووری سۆدان جیاوازییەکی زۆر لەنێوانیاندا نیشان دەدا.
تا ساڵی1927 ئێڕاق بەیەکێ لەدەوڵەتە هەژارەکانی دنیا دەژمێردرا بەڵام پاش دۆزینەوەی نەوت لەچاڵە نەوتی باباگوڕگوڕ لە کەرکووک لەو ساڵەدا و دەست کردن بە بەرهەم هێنانی نەوت بەشێوەیەکی بازرگانی لە ساڵی 1934 بەدواوە و ناردنی نەوت لەڕێی هەردوو بۆریی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ حەیفا لەفەلەستین و بۆ تەرابولس لەلوبنان، ئێڕاق بەداهاتی زۆرو زەوەندی نەوت لەماوەیەکی کورتدا بوو بەیەکێ لەدەوڵەتە هەرە دەوڵەمەندەکان. بەڵام بەپێچەوانەی ئەوەی کەچاوەڕوان دەکرا، بەقەد ئەوەی کەداهاتی نەوت بۆ عەسکەرتارکردنی ئێڕاق بەکار هات، بەقەد ئەوە بۆ پەرەپێدانی ئابووری سوودی لێ وەرنەگیرا، بەتایبەتی لە ساڵی 1958 بەدواوە.
بەم پێودانگە، نەوت ئێڕاقی کردە زلهێزێکی ناوچەیی و ڕۆڵێکی کارای لەپێوەندیی نێودەوڵەتان و ئابووریی جیهاندا پێ بەخشی. سۆدان بە بەراورد لەگەڵ ئێڕاقدا، لەبەر ئەوەی دەوڵەتێکی نەوتی نەبوو، نەیتوانی داهاتێکی زۆر بۆ خۆچەکدارکردن تەرخان بکاو لەم سۆنگەیەشەوە وەک دەوڵەتێکی خاوەن سوپایەکی لاواز مایەوە. لەم ڕوانگەیەوە، لەکاتێکدا کورد شەڕی دەوڵەتێکی بەهێزی کردووە، باشووری سۆدان شەڕی دەوڵەتێکی بێهێزی کردووە.
پارتی کۆنگرەی نیشتمانیی دەسەڵاتداری سۆدان بەسەرۆکایەتیی جەنرال عومەر بەشیر ئەگەر بەقەد حزبی بەعس داهاتی نەوتی لەبەر دەست بوایە، هەرگیز لە ساڵی 2005دا لەنیافاشا ڕێککەوتننامەی ئاشتیی لەگەڵ جۆن گارانگ ئیمزا نەدەکردو هەرگیز دانی بەمافی بڕیاردانی چارەنووسی باشووردا نەدەنا. هەر دەوڵەتێکی تری بێ نەوت ئەگەر بەقەد ئێڕاق بەجەنگی کوردستانەوە سەرقاڵ بوایە، هەرگیز یەکپارچەیی خۆی پێ نەدەپارێزرا.
فاکتەری دووەم ئەوەیە کەجوگرافیای سیاسیی باشووری سۆدان لەجوگرافیای سیاسیی کوردستان باشترە. لەکاتێکدا کوردستان وەک نیشتمانێکی نەتەوەیی، درێژبوونەوەی بۆ ناو دەوڵەتە دراوسێکان هەیە، باشووری سۆدان هیچ درێژبوونەوەیەکی بۆ ناو دەوڵەتانی دراوسێ نییەو ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی کەدراوسێکانی لارییان لەجیابونەوەی نەبێ، بگرە بەپێچەوانەوە، بەشێک لەدەوڵەتانی ناوچەکە بەتایبەتی ئەسیوپیاو کینیاو ئۆگەندا وای بۆ دەچن کەجیابوونەوەی باشووری سۆدان لەبەرژەوەندییاندایەو هەموو دەوڵەتانی حەوزی نیل، سۆدان و میسری لێ دەرچێ، بەلێکترازانی سۆدان زەرەرمەند نابن و پێیان وایە ئەم جیابوونەوەیە دەبێتە مایەی پتەوکردنی هەڵوێستیان سەبارەت بەڕەت کردنەوەی ڕێککەوتننامەی دابەشکردنی ئاوی نیل کەساڵی 1929 بریتانیا بەقازانجی چاندنی لۆکە لەمیسر و سۆدان بەسەر دەوڵەتانی حەوزی نیلی سەپاندوە. ئەمە بەو مانایە دێ کەدراوسێکانی سۆدان لەرۆژهەڵات و باشوور دەشێ لەجیابوونەوەی باشووری سۆدان سوودمەند بن. ئەمەش بەپێچەوانەی جوگرافیای سیاسیی کوردستانە کە وای کردووە دراوسێکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان پێ لەسەر یەکپارچەیی ئێڕاق داگرن و دژی جیابوونەوەی کوردستان بوەستنەوە.
گرنگترین خاڵ لەم بوارەدا ئەوەیە کەجیابوونەوەی باشووری سۆدان بۆ ناوچەکە مایەی نیگەرانی نییە، بەتایبەتی کەجیابوونەوەکە بەشێوەیەکی ئاشتییانەو لەچوارچێوەی یاسا لۆکاڵەکانی سۆداندا بەڕێوە دەچێ.
بەپێچەوانەی مۆدێلی باشووری سۆدانەوە، جوگرافیای سیاسی هێشتا لەناوچەکەماندا بۆ بەدەست هێنانی شتێکی زۆرتر لەوەی کەکورد بەدەستی هێناوە، دەست نادا.
ئەمەش کارێکی وا دەکا بەراوردکردنی ڕەوشی سیاسیی کوردستان بەڕەوشی سیاسیی باشووری سۆدان کارێکی زۆر گونجاو نەبێ و لەهەمان کاتدا ئەوەش دەردەخا کەهەر ڕەوشێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە و مەرج نییە بوونی خاڵی لێکچوو سەرەنجامی لێکچووی لێ بکەوێتەوە.[1]