#فەرید ئەسەسەرد#
لەگەڵ دەست پێکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێڕاق لە 7ی ئازاری ڕابردوو، قۆناغی سێیەمی ماددەی 140ی دەستوور دەستی پێکرد کە بەدڵنیاییەوە قۆناغێکی تەواو جیاواز دەبێ و پێشبینی دەکرێ چارەنووسی ماددەکەی تێدا بەلایەکدا بکەوێ. ئاشکراشە کە مانەوەی ئەم ماددەیە بەهەڵپەسێردراوی کاریگەریی خراپ دەکاتە سەر پێوەندی نێوان لایەنەکان.
قۆناغی یەکەمی ماددەی 140 لە 8ی ئازاری 2004دا لەگەڵ یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی ئێڕاقدا دەستی پێکرد و لە ماددەی 58 دا خۆی نواند و پاش گواستنەوەی دەقاودەقی بۆ ناو دەستووری 2005، چاوەڕوان دەکرا تا 31ی کانونی یەکەمی 2007 یەکبەیەکی بڕگەکانی جێبەجێ بکرێن. بەڵام پێدەچێ کورد لەم ڕووەوە زێدەڕۆیی لەگەشبینیدا کردبێ، بە تایبەتی لەو ڕوانگەیەوە کە دوای شەش ساڵ لەتەمەنی ماددەکە، هێشتا وێستگەی یەکەمی جێبەجێ کردنی ماددەکە کە وێستگەی ئاسایی کردنەوەیە، بە تەواوەتی جێبەجێ نەکراوە.
بەسەرچوونی ماوەی دیاریکراو بۆ جێبەجێ کردنی ماددەکە تین و تاوی ماددەکەی خاوکردەوە و فاکتەری هێزی لە کورد سەندەوە. ئەگەرچی بەسەرچوونی ماوەکە لەڕووی یاساییەوە ماددەکە نامرێنێ بەڵام لەهەمان کاتدا گوڕ و تەوژمی ماددەیەکی دەستوریی ماوە بەسەرنەچوو لەگەڵ گوڕ و تەوژمی ماددەیەکی ماوە بەسەرچوودا بەراورد ناکرێ. جیاوازیی ماددەکە لە هەردوو قۆناغدا لەوەدایە کە ماددەکە لە قۆناغی یەکەمدا ئەوەندە بەهێزە کە لێی ڕادەبینرێ بتوانێ خۆی بسەپێنێ، لە کاتێکدا لە قۆناغی دووەمدا پێویستی بەوەیە کە هەموو تواناکان بۆ بەزۆر سەپاندنی بخرێنە گەڕ.
قۆناغی دووەمی ماددەکە لە ساڵی 2007 دەستی پێکردو لە 7ی ئازاری ڕابردوودا کۆتایی هاتء تێیدا نەیارەکان گومانێکی زۆریان لەسەر ڕەوایی ماددەکە درووست کرد. یەکێ لە گرنگترین وێستگەکانی ئەم قۆناغە، ماددەی 23ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە کە تایبەتمەندییەکی بۆ کەرکووک سەلماندو بەرەچاوکردنی هەندێ لە لایەنەکانی ماددەی 140 میکانیزمی بۆ شێوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دانا.
بەڵام لێرە بە دواوە ماددەکە لەقۆناغی سێیەمدایە کە دەشێ چارەنووسسازترین قۆناغ بێ. تێکەڵبوونی ئەم ماددەیە بە مەسەلەی ململانێی نێوان شیعەو سوننە لە هەندێ هەلومەرجدا بەقازانجی جێبەجێ کردنی ماددەکە شکاوەتەوە بەڵام ئەم مەسەلەیە بەقەد ئەوەی کەپێویستە پشتی پێ نابەسترێ و دەشێ لە هەندێ هەلومەرجی پێچەوانەدا هیچ قازانجی بۆ جێبەجێ کردنی ماددەکە نەبێ.
لەنێو سوننەدا تا ئێستا ئامادەییەکی ڕوونء ڕۆشن بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە نیشان نەدراوە. لەنێو شیعەشدا نەرمییەک لەم بارەیەوە هەیە بەڵام ئەم نەرمییە لەبەر دوو هۆ جێی دڵنیایی نییە. یەکەم، لەبەر نەبوونی کۆدەنگی لەنێو شیعەدا لەسەر ئەم ماددەیەو دووەم لەبەرئەوەی کە هیچ شتێک گەرەنتیی بەدەستهێنانی هەڵوێستێکی پۆزەتیڤء سەقامگیر ناکات. پاساوی ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە کردنەوەی شوێنێک بۆ ماددەی 140 لەبەرنامەی حکومەتەکەی نوری مالیکی لە ساڵی 2006دا بەو سەرەنجامە نەگەیشت کەببێ بە گەرەنتییەک بۆ جێبەجێکرنی ماددەکە لەسەردەمی مالیکیدا.
لێدوانە دژ بەیەکەکانی نوێنەرانی لیستی دەوڵەتی یاسای مالیکی سەبارەت بە ماددەی 140 گوزارشتێکی چڕن لە شێواویی نۆڕینی لیستی مالیکی. لە کاتێکدا پەڕڵەمانتار حەسەن سەنید لە لێدوانەکەیدا لە پشتگیریی جێبەجێکردنی ماددەی 140 واوەتر دەڕواو ڕایدەگەیەنێ کە لیستەکەی ئامادەیە گەرەنتی نووسراو سەبارەت بەجێبەجێ کردنی ماددەکە بدا بەکورد، پەڕڵەمانتار سادق لەببان لە هەمان لیست دژی دەوەستێتەوەو بەرپەرچی هەر هەوڵێکی جێبەجێ کردنی ماددەکە دەداتەوە. ئەمە بەو واتایە دێ کە ڕەوشی کۆشش بۆ جێبەجێ کردنی ماددەکە بەو چەشنەی کە لە دەستووردا هاتووە، دەشێ ئاڵۆزییەکی زۆرتر بەخۆوە ببینێ.
لە دیوێکی ترەوە، ئەمە بەم واتایە دێ کە ڕۆمانسیزمی 2004 بەکەڵکی ئەم ڕەوشە تازەیەی ئێستا نایە و زیاتر پێویستمان بە میکانیزم و تاکتیکی گونجاوتر دەبێ لە هەندێ ڕووەوە دەبێ سەرنجی ئەوە بدرێ کەچیتر کات لە قازانجی ماددەکەدا نابێ و چەند زووتر ڕێوشوێنی لەبارتر پیادە بکرێ، ئەوەندەش زیانەکانمان کەمتر دەبن. [1]