بەپێی بڕیارێکی #بافڵ تاڵەبانی#، سەرۆکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، هەر یەک لە #شۆڕش ئیسماعیل# وەزیری پێشمەرگە و لیوا #چەتۆ ساڵح# بریکاری وەزیری ناوخۆ لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە و ئاگادارکرابوونەوە کە نەچنەوە دەوام، بەڵام چەتۆ ساڵح بریکاری وەزیری ناوخۆ بە پێچەوانەوەی بڕیارەکەی سەرۆکی یەکێتی گەڕاوەتەوە سەرکارەکەی لە شاری #هەولێر#.
ڕۆژی 8ی کانونی یەکەمی 2022، نووسراوی خانەنشینبوونی سەرکەوتی کوبە بڵاوکرایەوە کە پێشتر لە لایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە بۆ پۆستی بریکاری وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم کاندیدکرابوو.
لە کاردانەوەی خانەنشینکردنی کاندیدەکەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، #قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ئاگاداری تیمی یەکێتی کرد لە کابینەی نۆیەم کە بەشداری هیچ کۆبونەوەیەکی فەڕمی ئەنجومەنی وەزیران و مەڕاسیم و بۆنەی گشتی نەکەن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی تایبەتی کردووە لەگەڵ پەڕڵەمانتارانی حیزبەکەی و لەبارەی لیوا چەتۆ ساڵح پرسیاری لێکراوە و گوتویەتی (چەتۆ ساڵح، بگەڕێتەوە #سلێمانی# قاچی دەشکێنم، چونکە پێمان گوتووە نەچێتەوە بۆ دەوامی وەزارەت، بەڵام چووەتەوە و بۆ دەوام و یاوەری ڕێبەر ئەحمەدی کردووە).
لە دواین کۆبەنەوەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی هەر یەک لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی ئاگادارکردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک نەگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان لە هەولێر.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە چووەتە دەرەوەی وڵات و نەگەڕاوەتەوە سەر کارەکەی، لە بەرانبەردا #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە کاردانەوەی دەوام نەکردنی وەزیری پێشمەرگە لە ڕێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەرجەم دەسەڵاتەکانی وەزیری پێشمەرگەی ڕادەستی #سەربەست لەزگین#، بریکاری وەزیری پێشمەرگە کردووە. کە ئەمەش یەکێک بوو لە ناکۆکییەکانی تیمی یەکێتی و پارتی لە حکومەت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لیوا چەتۆ ساڵح گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی لە وەزارەتی ناوخۆ و گوێی بە بڕیاری حیزبەکەی نەداوە.
چەتۆ ساڵح بە ماڵ و منداڵ و خێزانەکەی هاتۆتە شاری هەولێر و تاوەکو ئێستاش نازانرێ ناوبراو دەیەوێ بە یەکجاری لە هەولێر نیشتەجێبێت، یاخود بەشێوەیەکی کاتی هاتۆتە هەولێر. [1]