$شکانی ئیرۆ شکانی یەکێتی ئەوروپایە$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
ئایا شکاندنی ئیرۆ وەک دراوێک بۆ یەکگرتوویی چەند وڵاتێکی ئەوروپی لە قازانجی ئابووری ئەوروپادایە یان بە پێچەوانەوە؟ ئەو دراوانەی هەر لە بنەڕەتەوە بە نزمی هاتوون ئەو ئاساییە گەر بەرەو دابەزینی زیاتر ڕۆبچێ بگرە نزمی دراوی هەندێ ئابووری هەیە وەک یوانی چینی قازانجەکەی لەوەدایە کە دراوەکە بە نزمی بمێنێتەوە؛ بەڵام، دراوێک وەک ئیرۆ، دەرئەنجامی ئابووریەکی بەهێز بووە دەشبێ هەر بە بەهێزێ بمێنێتەوە. گەر دراو بەرەو لاوازی بڕوات ئەوا ئابووری وڵات بەرەو ئاریشە دەبات وەک ئێستا لە ئەوروپا دەیبینین.
چین هەروەها یابانیش قازانجیان لەوەدایە دراوەکەیان نزم بێت تاکو هەرناردەیان زۆر بێت و هەر ئابووریەکی تر توانای کڕینی کاڵا و شمەکەکانیانی هەبێت. بەڵام، ئەم حاڵەتە بۆ ئیرۆ یاخود هەر دراوێکی بەرزتر تەواو پێچوانەیە. دابەزینی ئیرۆ لە ئەنجامی پڕۆسەیەکی ئابووریەوە نەبووە بەڵکوو دەرئەنجامی تەنگژەیەکی سیاسی بوو کە بە شەڕی ڕوسیا-ئۆکراین ناسراوە. واتە، هۆکارەکە ئابووری سیاسیە وەک لەوەی ئابووری بێت بە تەنیا چونکە خودی لە دایکبوونی دراوەکە زۆرتر بڕیارێکی سیاسی و چاوچنۆکیەکی ئابووری و خەونێکی پەلهاوێژی وڵاتە گەورەکانی ئەوروپای بە دواوە بوو وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا. بەریتانیا هەستی بەمە کرد و لە ژێر ناوی تردا هەرگیز نەچووە ژێر ئەوەی دراوەکەی بکات بە ئیرۆ و لەمە زایتریش یەکێتیەکەی هەر بە جێهێشت.
لە سەدا حەفتای ئابووری چین لەسەر هەناردەکردن وەستاوە و نزیکەی هەموو وڵاتان دەتوانن کاڵا و شمەکی چینی بکرن بەڵام ئەمە بۆ ئابووری ئەوروپا وانیە. بەهای تێچوونی کاڵایەک کە لە ئەوروپا درووست دەکرێت بەرزە هەر وەک بەهێزی ئابووریەکەی چونکە بەرزی هەقدەستی کار لە ئاست بەرزی ئابووریەکەیدایە. ئەم پێوەرە بۆ هەموو ولاتێک هەر وایە.
وێبساتی ئیرۆ ستات Eurostat کە وێبسایتێکی ڕەسمی یەکێتی ئەوروپایە بۆ ئامارەکان، پێنچ کاڵا و شمەکی سەرەکی داناوە کە ئەوروپا هەناردەی دەکات. ئەو بەرهەمانش: ئۆتۆمبیل و کۆمپیوتەر و دەرمانسازی و مادەی کیمیایی و بەرهەمی چآویلکەیی. ئەم کاڵایانە هەموو وڵاتێک ناتوانێ بیانکڕێت یاخود بە ڕێژەیەکی زۆر خۆی لە قەرەیان نادات و زۆرتر لە مەداری کۆمەڵێ وڵاتی دەولەمەندی سەرجاوەی سرووشتی وەک نیمچە دوورگەی عەرەبی یاخود لەچینی سەروو مام ناوەند لە ولاتانی تری G7 و G20 دەتوانن خۆیان لە قەرەی لامبەردینی و مارسیدس و ئاودی و ڤۆڵڤۆ و ڕینۆ و پیجۆ بدەن بۆ نموونە.
یەکگرتوویی ئەوروپا خەونێکە ئەوروپاییەکان هەرگیز نایبینن، ئەمە هەر بە تەنیا دیدی و ڕای من نییە بگرە ڕای چەندان ئەکادیمیست و سیاسی و مێژوونووس و ئابووریزانە کە بە درێژایی دوو سەدەی ڕابردووە باسیان لێوە کردووە و ئەو شل و شێواویەی ئیستا لە نا ویەکێتیەکەدایە کە هێزێکی وەک ئەمریکا بە ئارەزویی خۆی تەراتێنی تیا دەکات و چەندان ڕا و هەڵوێستی جیاواز هەیە لەسەر مەسەلە گرنگەکان وەک مامەڵەکردن لەگەڵ ڕوسیا نموونەیەکی زیندووی ئەو یەکێتیە فشەڵەیە. ئەوروپا لەگەڵ ئەوەی بچوکترین کیشوەری دنیایە یەکێک لە دەولەمەندترین کیشوەرەکانیی دنیایە و کە ئەمەش بەرژەوەندیەکان زیاتر بەیەکدا دەدات، کیشوەرێکە بنتەمەڵی دەوڵەمدنێتیەکەی لەسەر کۆڵۆنیاڵیزم و پاشخانی ئەو کۆڵۆنیالیستیە داناوە کە ئێستاش لە بەرەکی دەخۆن بە ئیزافەی ئەو داهێنانە زانستی و تەکنۆییانەی کە تەنیا بۆ مەرامی سامان نەک بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بەکاری دەهێنن. هەروەها کیشوەرێکە زۆرترین جیاوازی زمان و ڕەگەز و ناسنامە و ئایین و مەزهەبی تێدایە. ئەمانە هەموو هۆکاری هەڵگیرسانی دوو جەنگی جیهانی بووە و سێهەمیش گەر بە تەواوی ڕووبدات ئەوا لە خاکی ئەو کیشوەرەوە دەست پێدەکات.
لە مانگی ڕابردووە ئیرۆ بۆ یەکەم جار داشکانێکی بێ وێنەی بەخۆیەوە دیت و ڕۆژ دوای ڕۆژ لە دابەزیندایە و ناشزانرێ کەی دەگەڕێتەوە مەداری پێشوی چەند ساڵەی خۆی. دابەزینی ئیرۆ ڕیشەیەکی کۆنتری هەیە بەڵام شەڕی ڕوسیا-ئۆکراین ئەو تەنگژەیەی تەقاندەوە. لە دەیەی یەکەمی هەزارەی دووەمەوە سیستەمی سەرمایەداری ڕۆژاوایی لە ئاریشەی خۆیدا دەتلێتەوە بەهۆی چەندان هۆکارەوە کە لێرەدا بواری باس کردنیان نیە. [1]