ناو: مۆرازۆ
نازناو: جاجان
ساڵی لەدایکبوون:#1969#
شوێنی لەدایکبوون: #حەسەکە#
$ژیاننامە$
هونەرمەندی شێوەکار و ئاوازدانەر، مۆرازۆ جاجان، خەڵکی #ڕۆژاوای کوردستان#ە و ساڵی 1969 لە حەسەکە لەدایک بووە. ساڵی 1988 پەیمانگای هونەری لە حەسەکە تەواو کردووە و ساڵی 1991 پەیمانگای هونەری سەربە وەزارەتی ڕۆشنبیریی سووریای لە دیمەشق خوێندووە.
مۆرازۆ زیاتر لە 20 ساڵ لە شاری بەیرووتی لوبنان نیشتەجێ بوو. لەنێوان ساڵانی 1990 بۆ 2018 لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و لەسەر ئاستی لوبنان بەشداریی لە زیاتر لە 30 پێشانگای هاوبەش و تایبەتیدا کردووە.
مۆرازۆ جگە لە کاری هونەری شێوەکاری، شارەزایی باشی لە بواری ئاوازدانان و مۆسیقادا هەیە و ئاوازی بۆ چەندین هونەرمەندی عەرەب و لوبنانی داناوە.
کارەکانی مۆرازۆ مۆرکی زۆر ئاشکرای کولتوور و مێژووی کوردیان پێوە دیارە و لە کارەکانیدا هەمیشە ئازادی لە بەکارهێنانی ڕەنگ و خەیاڵی فراوان و فانتازیای کوردی ئامادەن و بە دیتنی ئەو بەرهەمانە بینەر لە بەردەم کۆمەڵێک پرسیاردا ڕادەمێنێت.
مۆرازۆ جاجان بەهۆی هەڵوێستی ئازادیخوازانە و کوردانەوە، بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی ساڵی 2011ی سووریا، لە لوبنان ڕووبەڕووی فشار و هەڕەشەی زۆر بووەوە، هەمیشە هەڵوێستە بوێرانەکانی لە بواری بەرگری لە دۆزی نەتەوەکەیدا خستوویانەتە تەنگەژەوە و تەنانەت ڕێگرییان لە کارەکانی کردووە.
ساڵی 2022 مۆرازۆ ناچار لوبنانی بەرەوە ئەورووپا بەجێ هێشت و ئێستا لە وڵاتی پۆڵەندا نیشتەجێیە و بەردەوامە لە کارە هونەرییەکانی و لە ماوەیەکی کەمیشدا توانیویەتی بەباشی جێگای خۆی لە مەیدانی هونەری پۆڵەندادا بکاتەوە و وەک کوردێک جێدەستی دیارە و کارەکانی جێگای بایەخی هونەرمەندان، هونەردۆستان، میدیا و بینەرانی ئەورووپی و پۆڵەندین.
[1]