مەلا بەختیار
دوو ڕۆژە، پەیجێکی تایبەتی، باس لەوە دەکات گوایە سەرۆکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# بەرنامەی هەیە لە پلینیۆمێکدا، ئەنجومەنی باڵای سیاسی خانەنشین بکات و مەدالیای ڕێزلێنانیش بکاتە بەرۆکیان.
بەندە هیچ دڵنیا نیم ئەم قسانە ڕاست بن. بەڵام نەکا دوکەڵەکە بێ ئاگری هەندێک کەسانی دەوروبەری سەرۆکی یەکێتی نەبێ. بەتایبەتی دەبوایە هەواڵەکە بە درۆ بخرێتەوە، تا ئێستا هەواڵەکە وەکو خۆی پەخش دەکرێ و درۆ یان ڕاستیەکەی، ساغ نەکراوەتەوە.
لێرەدا، تەنیا بەناوی خۆمەوە ڕونیدەکەمەوە کەوا:
یەکەم: لەناو یەکێتیدا، تەنیا کۆنگرە بۆی هەیە بڕیار لە چارەنووسی ئەنجومەنی باڵای سیاسی بدات.
دووەم: ئەگەر کۆنگرە بەسترا، یەکەمین ئەرکی پێویستە ئەوەبێ، چوارەمین کۆنگرە قانگ بدات و چەشنی لاپەڕەیەکی شەرمەزاریی لە ئەرشیفی یەکێتیدا، بلۆکی بکات.
سێهەم: پێش ئەوەی بیر لە ئەنجومەنی باڵا بکرێتەوە، با بیر لە پاک کردنەوەی گەندەڵی و پێشێلکاری لە پرنسیپەکانی حیزبایەتی و غەدرکردن لە هەزاران کادر و ئەندام و نووسەر و بێژەری ماندوو، بکرێتەوە.
چوارەم: بەداخەوە، ڕۆژگار وای لێهاتووە، پێوەری حیزبایەتی و خەباتی مێژوویی و شکۆی سەنگەرەکانی سەرخستنی یەکێتی لە هاوکێشەکاندا، هەر هەمووی دەکرێتە قوربانی ڕق و قۆرغکاری دەسەڵات و سیاسەتی هەلپەرستی.
پێنجەم: کێشەی سەرەکی یەکێتی، چارەسەر نەکردنی نا دادپەروەری و قوڵبونی ناکۆکیەکانێتی لەگەڵ پارتی و گەڵاڵە نەکردنی پڕۆژەیەکی نوێی هاوپەیمانی لەم سەردەمەدا و لەم بارودۆخەدا و لەم قەیرانانەی کوردستان تێی کەوتووە. نەک ئەنجومەنی باڵا کە ئەگەر بە گەلێ هۆکارەوە، هۆکارێکی خودی ئەنجومەنەکەیە کە خراوەتە پەراوێزەوە، لەگەڵ ئەوەشدا.. ئەنجومەنەکە.. تەنیا هۆکاری چارەسەربووە، نەک ئەم دۆخەی یەکێتی و کوردستان تێی کەوتووە.
لەکۆتاییدا دەڵێم: هەر کەسێک زات بکات پێشنیازی خانەنشینی بۆ ئەنجومەنی باڵا بکات.. با ناوی خۆی ئاشکرا بکات (نەک بەناوی سەرۆکی یەکێتیەوە درۆ بکەن) هەتا پێناسەکەی.. لە گیرفانی ئاوساویەوە بۆ باقی عەیب و عارەکانی.. بخەینەڕوو! [1]