ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، کە کاندیدە بۆ وەرگرتنی بەرپرسی لقی 12ی پارتی، ئاماژە بەوە دەکات لە کۆی 26ی لقی پارتی تەنیا 11 بەرپرسی لق لە جێگەی خۆیان دەمێننەوە، دەشڵێت هەموو ئەندامان و کادیرانی پارتی لەژێر بڕیارەکانی #مەسعود بارزانی#ن ئەو هەرچیمان پێبڵێت ئەوە جێبەجێدەکەین.
#فازیل بەشارەتی#، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی پارتی کە لە ئێستادا کاندیدە بۆ وەرگرتنی بەرپرسی لقی 12ی ئەو حزبە ڕایگەیاند: لە دوای کۆتایی هاتنی کۆنگرەی 14ی پارتی، چەندین بڕیار و ڕاسپاردە دەرچوون کە دەبێت سەرجەمیان جێبەجێ بکرێن، یەکێک لەو بڕیارانە گۆڕینی بەرپرسانی حزبی و حکومییە، لەو چوارچێوەیەشدا لە کۆی 26 بەرپرسی لق تەنیا 11 بەرپرسیان لە جێگەی خۆیان دەمێننەوە. ئەوانی دیکە دەبێت بگۆڕدرێن، بڕیارێکیش هەیە کە من بەربژێرکراوم بۆ وەرگرتنی بەرپرسی لقی 12ی پارتی.
فازیل بەشارەتی وتیشی (منیش و هەموو ئەندامان و کادیرانی پارتی لەژێر فەرمانی) بڕیارەکانی سەرۆک بارزانین، ئەو هەر فەرمانێکمان بۆ دەربکات ئێمە ئەوە جێبەجێ دەکەین، بۆیە بڕیاری کۆتایی لای ئەوە. ماوەیەکیشە دەستکراوە بە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی.
لەبارەی پەیوەندییەکانی ئێستای یەکێتی و پارتی (فازیل بەشارەتی) ئەوەی خستەڕوو، پەیوەندی پارتی و یەکێتی بابەتێک نییە بتوانین پشتگوێی بخەین چونکە دەبێت بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزین، بۆیە هەر حزبێک بەڕاستی نەیەتە پێشەوە کاری پێکەوەیی و بیر لەبەرژەوەندییەیکانی کورد نەکاتەوە ئەوە خیانەت بەرانبەر بە میللەت دەکات. [1]