$دڵخۆشییەکانی ئەردۆگان، لە پەراوێزی بە ئەندامبوونی سوید و فینلاند لەناتۆدا$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
$یەکەم:$
ناتۆ ڕێکخراوێکە لە ناو خۆیدا پرە لە ناکۆکی و دژایەتی لەگەڵ یەکتری پەلاماری ڕوسیا بۆ سەر یوکراین کەمێک گردوکۆی کردوونەتەوە. ئەوەی ناتۆی ڕاگرتووە و دەسەلاتی هەیە تێیدا ئەنگلۆساکسۆنیەکانی وەک بەریتانیا و ئەمریکا و کەنەدایە، یەکێتی ئەوروپا کە گۆڕەپانی سەرەکی بوونی سەربازی و فیزیکی ناتۆیە ئەویش هیچ کات یەکگرتوو نەبووە بەو مانایەی ببنە یەک جەمسەری تەواوی بەهێز. یەکێتی ئەوروپا سێ وڵاتی گەورەن ئەڵمانیا و فەرنسا و بەریتانیا. بەریتانیاش یەکێتی ئەوروپای بەجێهێشت، فەرەنساش خەریکە هەمان ڕێچکەی بەریتانای دەگرێت، لە Brexit ەوە بۆ Frexit. ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا پێڕێ وتی دڵنیام گەر ئەو پرسیارە بخەینە بەردەم خەڵک کە ئایا دەیانەوێ لە یەکێتی ئەوروپا دەربچین یەکسەر وەڵامی خەڵک وەک وەڵامی بەریتانیەکان دەبێت. شەش حەوت ساڵ پێشیش Grexit هەبوو. بەهەرحاڵ، یەکێتی ئەوروپا یەکێتیەکی فشەڵەو ناتۆش گەر فشاری ئەمریکای لە پشتەوەی نەبێت ئەوا شتێک نامێنێ بەوناوە. ناکۆکیەکانی نێوان ناتۆ هێندە توندن خەریکە دەگاتە تەقینەوەی شەڕی نێوان ئەندامەکانی وەک تورکیا و یۆنان. دڵداری تورکیا لەگەڵ چەکیS-400ی ڕوسی، نەمساو ئیتالیا و هەنگاریای تا ئیستاش مشتەری گازونەوتی ڕوسین. مانگی ڕابردوو ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ڕایگەیاند کە کۆمپانیا ئەڵمانیەکان و بەریتانیاییەکان بەدزیەوە گازونەوتی ڕوسی دەکڕن.
$دووەم:$
سوید و فینلەند دوو دەوڵەتی پەراوێزخراوی ئەوروپان و لەهاوکێشەی سیاسی ئەوروپاو جیهاندا ئەوەندە قورساییان نیە، ویستیان بەم هەنگاوە خۆیان دەربخەن و بێنە نێوسیاسەتی نێودەوڵەتیەوەو بازاڕی چەک و تەقەمەنی و هێزو بازووی سەربازیان نیشانی خەڵکی خۆیان بدەن و ئەو قەیرانە ئابووریە گشتگیرەش کە بەرۆکی هەموویانی گرتووە بەم سیناریۆیە بشارنەوە. بە ئەندام بوونیشیان لەناتۆ تورکیا گەورەی کرد، دەنا بۆ خودی ڕوسیا کە سنووری سەدان کیلۆمەتر نێوانیانە ترسێکی ئەوتۆی نەدەبوو، تەنیا ئەوەندە گرنگە بۆ ڕوسیا کەخەتی سووری ڕوسیا ئەوەیە کە نابێت بنکەی موشەکی و سەربازی ستراتیجی ناتۆ لەوێ هەبێ ئەگەرنا ئەوا ڕوبەڕوی هێرشی ڕوسیا دەبێتەوە. تەنانەت خودی ئەندام بوونەکە لە کاتێکدایە کە لەو دانیشتنەی ناتۆ لە ماوەی سێ چوار ڕۆژی ڕابوردوودا کە لە ئەلمانیا بەڕێوە چوو، ئەندامێتی ئەوانی قبوڵ کرد، لەوێدا ناتۆ دەستبەرداری یوکراین بوون بەوەی کە وتیان زیلینسکی ئازادە لەوەی بەگفتوگۆ کێشەکانی لەگەڵ ڕوسیا چارەسەر بکات.
$سێیەم:$
هیچ وڵاتێک وەک تورکیا سیاسەتی کەرەدێزەیی پراکتیک ناکات چونکە گەر شتێکیان بوێت زۆر بە زەقی و زۆرە ملێیانە داوای دەکەن لەکاتێکدا ئەوە لەسەر ئاستی جیهان قبوڵکراونیەو لە هەموو شتەکانێشیاندا سەرکەوتوو نەبوون. بۆ نموونە تورکیا ویستی دژی چین بوەستێتەوە بۆ داکۆکی لە تورکە ئوزگویرەکان بەڵام کە چین مەسەلەی کوردی لێ زیندوو کردەوەو هەندێ بەرهەمهێنانیشی خستە بەردەم ئەردۆگان ئەوەبوو سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئوزگویرەکانی تەسەلیم بەچین کردەوە کەفەرمانی لە سیدارەدانی هەبوو لەچین. لە داواکردنەوەی فەتحوڵاگولەن لە ئەمریکاو لە بەرنەدانی قەشەکەی هاوڕێی دۆناڵد ترامپ یاخود گوێ نەگرتنی لەوەی هێرشی گشگیر بکاتە سەر ڕۆژائاڤا، ئەوەبوو ترامپ نامەیەکی بۆ نووسی و وتی ئەوەندە دەبەنگ مەبەو گوێ بگرە.
کەچی دوای ئەوەهات بۆ ئەمررکاو جورناڵستێکی ئەمریکی لێی پرسی ئەو وای پێگوتووی چۆن هاتی بۆلای، وتی هاتووم نامەکەی بۆ بهێنمەوە. ئەمانەوچەندین نموونەی تر. لەمەسەلەی ئەندامبوونی سویدو فینلەنداشدا تەنیا ویستی هەرایەک بنێتەوە ئەگەرنا ئەمریکا پێشوەختە قبوڵی کردبوون گەر ئەردۆگان ڕازی بوایە یان نا ئەوە هەردەبوو.
ئەردۆگان دلخۆشە بەوەی ناوی 73 کەسی داوە بەسویدو فینلەندو ئەوانیش بەڵێنیان پێداوە ئەو ناوانە تەسەلیم بەتورکیا بکەن، ئەمەش هێشتا هەر قسەی تورکیایە و هیچ بەڵگەیەکی فەڕمی لەوبارەیەوە واژۆنەکراوە. دیارە هەربەتەنیا کورد نین کە ئەردۆگان داوایان دەکاتەوە، بەڵکوو ئەوەی لەکن ئەردۆگان گرنگە ئەو تورکانەن ڕایان کردووە لەحوکم و دەسەڵاتی ئەردۆگان. هەموو قسەوباسەکانی سوید و فینلەند هێشتا گشتین وەک چۆن بە هەمیشە وتیانە کە دژی تیرۆرن و لە ساڵی 1984یشەوە سوید پ ک ک بە تیرۆرست لە قەلەمداوە وەک وڵاتە ئەوروپاییەکانی تر. سوید پەیماننامەی لەگەڵ ڕۆژاڤادا هەیە کە تا ساڵی 2023 یارمەتی کورد دەدات و پێیوانیە قەسد و یەپەگە تیرۆرست بن وەک تورکیا دەڵێت. دیارە لەوە ئاسانتر نییە کورد تەسەلیم بەتورکیا بکرێتەوە چونکە بێ خاوەنن بەڵام تورکیا دەیەوێ ئەو بابەتە هەمیشە بمێنی وەک بیانویەک بۆداواکاری زیاتر وەک لادانی گەمارۆی فرۆشتنی چەکی سویدی پێی.
$چوارەم:$
ئەگەرنا، سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر دەسەلاتی ئەردۆگان فەتحوڵا گولەنی مامۆستای خۆیەتی کە لە ئەمریکایەو ئەردۆگان چەندانجار داوای کردۆتەوە بەڵام ئەمریکاییەکان فشەیان بە داواکەی هاتووە. کەنەدا یەکێکی ترە لەو وڵاتانەی تورکی هەلاتوی دەستی ئەردۆگانی زۆرتیدایەوبگرە هەندێکیان خۆیان بەکورد لە قەڵەمداوە. بەریتانیا بە مەزارگەی ئەو ئیخوانیانە دادەنرێت کە لەمیسر هەڵاتن و دواتر لەدەستی ئەردۆگان ڕوویان لە بەریتانیا کرد. فەرەنسا لەگەڵ ئەوەی دژە پ ک ک و کوردی باکوورە، بەڵام زۆر لەسەرکردەو ئەندامانی پەکەکە لەوێن. ئایا ئەوهەراوهۆریایە لەسەرسوید کردی بۆ لەسەر ئەمریکاو کەنەداو بەریتانیا نایکات. خۆ هەموویان ئەندامی ناتۆن ؟.
$پێنجەم:$
هەم سویدوفینلەند و هەم تورکیا خۆشحاڵ بوون بەو پڕۆسەی ئەندامێتیە و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریکاوبەریتانیا؛ بەڵام لەوە دەچێ گرنگی سوید و فینلەند هەر زووکاڵ بووبێتەوە بەتایبەت کەروسیا هێڵی سووری لەسەر ئەوخاڵانە دانا کەدەبێ ئەندامێتی بوونیان قەیدوبەندی تیدا بێت ئەگەرنا ئەوا بێ دەنگ نابین. ڕۆژاوا دەزانن کە ڕوسیا هێڵی سوور بەجدی دادەنێ و نایەنەوێ تووشی بەرەیەکی تربن. ئەوان خەریکە لە یوکراین دەردەچن، چونکە ڕایانگەیاند کە چین هەڕەشەو زۆرانبازی ئاییندەیە بۆسەریەکێتی وئەوروپاوناتۆ.
لە دواییدا، ئەو سویدەی کە چەندان دەیەیە سیمای ئاشتەوایی دەنواند، پیشانیدا کە سیاسەتەکەی هەر ڕێک لەونۆبڵە دەچێت کەبنەڕەتەکەی داهێنانی تی ئێن تی و تەقەمەنی بوو، کەچی گۆڕیان بە نۆبڵی ئاشتی و زانست و ئەدەب و هونەرومافی مرۆڤ. [1]