$کورد و ناتۆ$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
کورد و ناتۆ NATO
تورکیا دەڵێ چەند داواکاریەکم هەیە تاکو ڕازی بم بەوەی ئەندامێتی فینلەند و سوید قبوڵ لە هاوپەیمانی ناتۆدا. هەموان لە هەوالەکان گوێمان لێ بووە کە کورد/ پ ک ک یەکێکە لەو بابەتانە بەڵام با کەمێک زیاتر ڕۆبچینە نێو بابەتەکەوە و بزانین دەگەین بە چی.
کورد داوایەکی سەرەکی نییە بۆ تورکیا بەڵکوو بیانویەکە و هیچی تر، گەر مەسەلەکە تیرۆر و نەیار و هەڕەشەی کەسان و ڕێکخراوی نەیاری تورکیای ئەردۆغان بێ خۆ ئەمریکا مامۆستاکەی ئەردۆغانی لە لایە و پشتیوانیەکی مادی و سیاسی و پارێزگاریشی لێ دەکات و فشەی بە قسەکانی تورکیا دێت کە جار ناجارێ دەڵێ فەتحوڵڵا گولەنم ڕادەست بکەنەوە. دیارە بیانوو بۆخۆی کەم نییە بەڵام داواکاری سەرەکی لە ژێر ناوی بڕووبیانوودا شت هەڵدەگرێ.
تورکیا باش دەزانێ داڵدەدانی کەسێتی ئەندامانی پ ک ک لەو دوورە ولاتەوە ناتوانێ شتێکی ئەوتۆ بخاتە سەر خەرمانی خەباتی کوردان لە ناوەوەی باکوور، چونکێ خودی وڵاتانی ئەوروپی پ ک ک بە تیرۆرست لە قەلەم دەدەن و ناشهێڵن هیچ جالاکیەکی ئەوتۆیان هەبێ کە مۆرکی سیاسی وەهای پێوەدیار بێت تا تورکیا بخاتە ژێر مەنگەنەوە.
فینلەندا و سوید، لە لایەکی ترەوە، دوو دڵی لەوە ناکەن کە هەرچی (پ ک ک)یان لە لا هەیە ڕادەستی تورکیایان بکەنەوە گەر بێتو ئەوان گرفتی سەرەکی بن. تورکیا دەزانێ ئەمریکا جەندە بە تاسوقەوەیە لەم کاتەدا هەر ولاتێک ببێت بە ئەندام لە ناتۆدا، بە تایبەت ولاتانی سەر دەریای بەڵتیک، بۆیە تورکیا ئاستی داواکاریەکانی بەرز دەگرێ. تورکیا داواکاری گەورەتری لە ناتۆ هەیە و مەسەلەی پ ک ک لە پەراوێزی ئەو داواکاریانەدایە دیارە ئەو پەراویزە زۆر خەتەرە بۆ سەر پ ک ک و لەوانەشە بە ئەرێنی بەسەر مەسەلەی کوردا بشکێتەوە. ئەم خالە بۆ دوایی هەڵدەگرم و ئیستا داواکاریە سەرەکیەکانی تورکیا ئاماژە پیدەدەم:
$یەکەم:$ ڕازی بوونی ئەمریکا بە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی F35ی ئەمریکی پێی. دواتر بێ دەنگی کردن لە کڕینی جەکی گەورەی ڕوسی سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400. دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەم چەکە بە پارە دەست
بەسەرداگیراوەکانی خەڵکی هەرێم لە بانکەکانی تورکیا کڕدرابێ کە نرخەکەی خۆی لە نیو ملیار دۆلار دەدات.
$دووەم:$ داوای لادانی گەمارۆ ئابووری و سەربازیەکانی ئەمریکا و ئەوروپا کە لە سێ و چوار سالی ڕابردووەوە لەسەر چەند کۆمپانیا و بانکی تورکیدا دانراون بەهۆی شکاندنی ئەو گەمارۆیەی لەسەر ئێران دایاننابوو. لە سەروو ئەم داواکریەوە، داوای لابردنی گەمارۆی جەک فرۆشتن دەکات بەتایبەت لە لایەن سویدەوە. پێ نەفرۆشتنی کۆمەڵی چەک و تەقەمەنی دیاریکراو بە تورکیا لە لایەن ولاتانی ئەوروپاوە لە ژیر ناوی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا چەند ساڵێکە چالاکە.
$سێیەم:$ بە شەریکردنێکی سەرەکی تورکیا لە مەسەلەی دەرهێنای گاز و نەوت لە ناو دەریای ناوەڕاستدا کە ئەوروپا و ئەمریکا تا ئیستا ڕازی نین بە شەریکە بەش گەورەی تورکیا تێیدا.
$چوارەم$ دووبارە خستنە لیستی تورکیا بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپادا. ئەم خالە یەکیک دەبێ لە ئەستەمەکان بەڵام لەوانەیە ئەمریکا و ئەوروپا بڵێن باشە بیرێکی لێ دەکەینەوە.
$پێنجەم$ مەسەلەی قوبرس. داوکاردن یاخود هێنانە بەرباسی بەشە داگیرکراوەکەی قوبرس بەوەی دانی پێدابنرێ لە لایەن ڕۆژاواوە.
لەگەڵ ئەوەی لە دوا مەنزڵدا تورکیا هەر مل دەدا بە ئەندامێتی بوونی فینلەند و سوید بەڵام تورکیا گەر لایەنی کەمی ئەم داواکارییانەی دەست بکەوێ ئەوا گەلێک خۆشحاڵ دەبێ. دیارە ئاسانترینیان ڕادەست کردن یاخود قەیدوبەندکردنی زیاتری تەواوی کەسان و ئەندامانی پ ک ک و جوڵەکانیان هەرچەندە، وەک گوتم پێشتر، بە مۆمیا کراون.
کورد لەو نیوەدا..
گەر بێتوو و (پ ک ک)یەکان ڕادەستی تورکیا بکرێنەوە بەتایبەت لەو دوو وڵاتەدا، جگە لەوەی ئەم هەنگاوە خەتەرە بەڵام کورد و کێشەکەی دەباتە قۆناغێکی ترەوە. خودی ئەوەی کە ئیستا کورد لە باس و خواسەکانی ناتۆدا کاغەزێکی فشارە و بگرە بابەتیشە ئەوا بۆخۆی خاڵێکی ئیجابیە. کورد لە باکوور دەتوانن ئەم مەسەلەیە باشتر ببینن گەر بێتوو بە هزرێکی ئارامەوە لێی بڕوانن. ئەو بزووتنەوەی چەکداریەی ئیستا پ ک ک پێوە گیرۆدە بووە سەردەمی بەسەر چووە و شیوازی خەباتکردنی نەتەوەیی لە قۆناغێکی تردایە. دیارە لێرەدا مەبەستم لە سیستەمی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی نییە بە تەنیا گوایە مافە نەتەوەییەکان تەنیا لەویوە بەدەست دێن بەڵکوو مەبەستم لەوەیە کە خەبات بۆ بەدیهاتنی هەر ناسنامەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و چینایەتی، کە خەباتی دیاریکردنی چارەنووسی میللی نەتەوەیەک بەشێکی دانەبراوەیە لە خەباتی چینایەتی، لە ناو خەڵک و ناو شارەکانەوە دەبێ نەک شاخە دوورەکان. [1]