$ئەمریکا ڕۆژاڤا بە دەردی ئەفغانستان دەبات$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
دوێنێکە وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو، ڕایگەیاندا کە هەست دەکەین لە باکووری سووریاوە هەڕەشەمان لەسەرە و دەبێ ئەو هەڕەشەیە لە ناوبەرین. بە دیاریکراوی ناوی گوند و ناوچەکانی ڕۆژاڤای هێنا. ئەوەی ترسناک بوو وتی: لەگەڵ ئەمریکاییەکان قسەمان کردووە و ئەمریکیەکانێش لە ترس و دڵەوراوکێکانمان تێدەگەن لەوەی هەڕەشەمان لەسەرە لە شیمالی سووریاوە.
بڕوبیانووەکانی تورکیا لە بە ئەندامبوونی سوید و فینلەند زۆرتر داگیرکردنی ڕۆژاڤای بە دواوەیە وەک لە قسەکانی تری کە دەیڵێ. بۆ ئەمریکا و ئەوروپاش ئاسانترین و بێ خاوەنترین شت مامەلەی سیاسی پێوەبکەن کورد و پرسەکەیەتی.
ئەم لێدوانەی دوێنێکەی چاوشئۆغڵو هاوکاتە لەگەڵ هەواڵی گەرم و گوڕی جوڵەی سەربازی چین دژ بە تایوان و بەشداریکردنی ڕوسیاش لەو بارەیەوە. ئۆکراین وا خەریکە تەواو دەبێ و خودی ئەمریکاش گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە ئۆکراینیەکان دەبێ دەستبەرداری هەرێمی دۆنباس ببن بەتایبەت دوای تەسلیم بوونی بەتالیۆنی ئازۆف کە ناتۆ و ئەمریکا هەموو هیوایەکیان لەسەر هەڵچنی بوو دژ بە ڕوسیا. هەرێمی دۆنباس بەشێک بوو لە خاکی ئۆکرانیا. لە دوای 2014 ەوە نیوە جیایی بوونی خۆیان لە ئۆکراین ڕاگەیاندبوو بەڵام لە ئێستادا بە تەواوی دوو کۆماری سەربەخۆن و لەوانەشە ببن بە بەشێک لە ڕوسیا لە ئاییندەیەکی نزیکدا. لەمەش زیاتر هەردوو پارێزگای خیرسۆن و ماریۆپۆڵێش وا فایلەکانیان پێشکەش بە ڕوسیا دەکەن کە ببن بە بەشێک لە ڕوسیا. لەم دوو سێ ڕۆژەی دواییدا ئەمریکاییەکان ئەمەیان بە زیلینسکی گوتووە کە دەبێ دەستبەرداری هەندێ لە خاکەکەی بێ و پێشیان گووتووە کە بەهیچ شیوەیەک چەکی ئێمە بەکارناهێنیت بۆ لێدان لە ناو خاکی ڕوسیا. بەهەرحاڵ،
لەگەڵ تەواوبوونی ئۆکراین ئاوها و مانەوەی شەڕێکی لابەلا تێیدا و هەڕەشەی بەردەوامی چین لە تایوان و شێوانی دنیا بەهۆی گەمارۆی ئابووری سەر ڕوسیا و ڕەنگدانەوەی سلبیانەی بەسەر خودی ڕۆژاوا و جیهانیشدا ئەو کەش و هەوایە بۆ تورکیا دەهێنێتە پێشەوە کە پەلاماردانی ڕۆژاڤا دەبێتە شتێکی حەتمى. جا ڕوسیا و سووریا و وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت میسر و سعودیە چ وەڵامێکیان دەبێ ئەوە بابەتێکی ترە. بەڵام ئەوەی لەبەردەستدایە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم نەک هەر باکیان پێ نییە کە بەشێکی کوردستان داگیر دەکرێتەوە، بەڵکوو پێشیان خۆشە و پشتیوانیشی دەکەن.
درووستبوونی کیانێکی وەک ڕۆژاڤا کە هەرگیز نابێتە (هەرێم)ی دووەم بۆ تورکیا یەکێکە لە سیاسەتە ستراتیجیەکانی کە نابێ بمێنێ. ستراتیجی چونکە تورکیا ئێستا لەسەر نەهی کردن و فەوتاندنی کورد وەستاوە. هەبوونی قەوارەیەکی وەک ڕۆژاڤا کە نموونەیەکی بەرز و سەرکوتووە لە بەڕێوەبردن و بەرگریکاری و پێکەوەژیان کە مافەکانی ژنان و کەمایەتیەکانی تر، نەک هەر بۆ کورد بەڵکوو بۆ هەموو جیهانیش. یەعنی چ ڕوکنێکی ڕۆژاڤا دەگری هەڕەشەیەکی جدی نەتەوەییی، نیشتمانی، ئابووری، فەرهەنگی و کەلتوری و تەنانەت مۆراڵیشە بۆ سەر تورکیا و ترسەکەی چاوشئۆغڵو زۆر جدیە و ئەو ترسەش بەهایەکی مێژوویی گەورەی هەیە و لە دێرۆکی ئێمەدا وەک شانازیەک دەبێ بنووسرێتەوە کە دووەم بەهێزترین دەوڵەتی ناتۆ لە ڕووی سەربازیەوە زەندەقی چووە لە قەوارەیەکی کوردی بچوک. بۆیە ڕۆژاڤا یەکێک لە باسە گەرمەکانی سەر مێزی ناتۆیە لە بەرانبەر ئەندامێتی سوید و فینلەند لە ناتۆ . تورکیا دەیەوێ بەهەر نرخێک بووە ڕۆژاڤا لەو قەوارە سەربەخۆیی و سەربەستییەی بخا و بۆ ئەمەش ئەوەی لە دەستی دەیکات و ئەمریکاش بێ نرخترین هێزی دنیایە کە ئەوەی لە فەرهەنگیدا نەبێت مانا سیاسی و ئینسانیەکانی وەک ئازادی و مافی میللەتان و مۆراڵی مرۆڤایەتیە.
ڕۆژاڤا ئەو نموونە بەرجەستەیەی مێژووە کە بۆ ئازادی خۆی تەنیا پشتیان بە خۆیان بەست و چاوەڕیی کەسیان نەکرد و تەنیا ئەوەندەیان داواکرد کە ئەو چەک و تەقەمەنیانەی ناتۆ و ئەوروپا بە تورکیایان داوە بەکاری نەهێنێ دژیان. ئەگەرنا تورکیا هەرگیز غیرەتی ئەوەی نییە پەلاماری قەوارەیەکی بەرجەستەی وەک ڕۆژاڤا بدات گەر پشتیوانی و گەلەکۆمەکی ئەمریکا و ئەوروپا و ڕوسیای لەگەڵ نەبێ. [1]