$دۆستایەتی ئەمریکا بۆ ڕێکخراوە تیرۆرستیەکان بەردەوامە!$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
پێرێکە ئەمریکا بە ڕەسمی ڕایگەیاند کە پێنچ گرووپی چەکداری کە پێشتر بە تیرۆرسی لە قەلەمی داون چیتر لە لیستی تیرۆرەکەیدا نەیانهێڵێ و ئەم جارە بە ڕەسمی دەستیان بەسەردابهێنێ. دوان لەو پێنچ ڕێکخراوانە جەماعەی ئیسلامی لە میسر و مەجلسی شورای موجاهیدین لە فەلەستین. بۆ من هیچ شتێکی غەریب و سەیر نابینم و زۆر بە ئاسایی وەری دەگرم کە ئەمریکا کارێکی وادەکات چونکە هەموو ڕێکخراوە تیرۆرستیەکانی جیهان بە تایبەت ئیسلامیەکانی وەک سەلەفیەکان و ئیخوانیەکان ئەمریکا لە پشتیانەوە وەستاوە بەڵام ئەوەی جیگەی سەرنجی منە کە بۆ لەم کاتەدا ئەم هەنگاوە هەڵدێنێ.
لە ڕووی تراجیدیا-کۆمیدیەوە ئەو بڕیارە هەندێ شتی تیایە جێگەی پێخەنینە بە سیاسەتە خەڵەفاویەکانی بایدن و ئەمریکا، چونکە: ڕێکخراوی (ئیتای هەرێمی باسکی ئیسپانی و فەرەنسی) کە لە لیستەکەدایە چوار ساڵە بەیاننامەی هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاندووە، ڕێکخراوی (ئاوم شینیریکیۆ)ی یابانی لە ساڵی 2018ەوە نەماون چونکە یابان هەموو سەرکردەکانی لە سێدارەدان و بنبڕی کردن. سێهەمیان کە جووڵانەوەی کاهانایە، جووڵانەوەیەکی توندرەوی یەهودیە و ساڵی 1968 لە ناو خودی ئەمریکا و بە یارمەتی و پشتیوانی ئەمریکا دامەزرا بۆ داکۆکی کردن لە جووەکانی ئەمریکا لەو هێرش و نارەواییانەی دەکرێتە سەر جووەکانی ئەمریکا لەلایەن ئەوانی ترەوە. دواتر ئەم ڕێکخراوە چووە ئیسرائیل و لە وی بەشداری کنێستی کرد و کورسیی هەڵبژاردنیشی بردەوە بەڵام لەبەر وتارە ڕاسیستی و توندرەوەییەکەی یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و یابان و کەنەدا بە تیرۆرست لە قەلەمیاندا.
ئەوەی دەمێنێتەوە سەبارەت بە دوو ڕێکخراوە ئیسلامیەکەیە. دیارە ناوی شەش کەس یاخود سەرکردەکانیان لە لیستی تیرۆردا نەهێشت چونکە هەموویان مردوون. بەیاننامەی ئەمریکا وادەڵێ. لەگەڵ ئەم ڕابواردنە بە ڕای جیهانی و خۆشیان دەڵێن سەرباری لادانی ناوی ئەم ڕێکخراوە تیرۆرستیانە لە لیستی تیرۆر، ئەمریکا هەر بەردەوام دەبێت لە ڕیشەکێشکردنی تیرۆر. ئەمە جگە لە ئیهانەکردن و گاڵتەجاڕی کردن بە خۆیان و جیهان ساسیەتێکی بۆگەن تری لە پشیتەوە وەستاوە ئەگەرنا سێ ڕێکخراو و شەش کەس نەمابن تۆ بێی بیانکەیت بە مەسەلەیەکی گەورە و بەیاننامەی تایبەتیان لەسەر دەردەکەی.
$نیڵسۆن ماندێلا لەم بارەیەوە$
خاڵێکی تر لەم بارەیەوە گرنگە ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە کە ئەمریکا پێشتر ئەم هەڵوێستە تراجدیا کۆمیدیای نواندووە، بۆ نموونە، نیلسۆن ماندێلا کە پێشتر بە تیرۆرست لە قەلەم دەدرا لە لایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە و دواتر هەموویان داوا لێبوردنیان لێکرد و بانگهێشتی پەڕڵەمان و کۆنگرێسی خۆیانیان کرد و چەندان جار سەرۆکەکانیان لە مەراسیمی نێودەولەتی خۆیان و دپلۆماسیدا وەک سەرکردە پێووازیان لە ماندێلا کردووە و لە بە خاک سپاردنەکەشیدا هەموان دەست لەسەر سنگ بۆی وەستابوون، کەچی نیلسۆن ماندێلا لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا هەر نەسڕایەوە. جەنەراڵ کۆڵن پاوەڵ وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەریکا کە خۆی ڕەشپیستێکی ئەمریکی بوو لە یادێکی نیڵسۆن ماندێلادا زۆر ستایشی کرد و هەروەها کە چۆن ماندێلای هاتووە بۆ ئەمریکا و چۆن ڕێزی لێگیراوە و قورسایی خۆی هەبووە لە سیاسەتی ئەمریکادا، بەڵام کاتێک جورناڵیستەکە پێی گوت جەنەراڵی بەڕێز ئایا تۆ دەزانی کە نیڵسۆن ماندێلا هێشتا دوای مردنیشی هەر لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا نسڕاوەتەوە؟ کەچی بە سەرسوڕمانێکەوە وتی بەراستی ئاگام لەو مەسەلەیە نیە.
ئێران و میسر دوو وڵاتن کە ئەمریکا دەیەوێ بیانکاتە ئامانج. بۆ ئێران خێری تێدایە و بۆ میسریش شەڕ. جەماعەی ئیسلامی لە میسر ئەوەی لە دەستیان هات لە کوشت و بڕی خەڵکی مەدەنی و حکومی کردیان و دواتر وتیان واز لە توندرەوی دێنین گەر بێتوو ئەندامەکانمان لە زیندان بەرەڵا بکەن. مەجلیسی شورای ئیسلامی کە جالاکیەکانی لە فەلەتسین و بیابانی سینای میسریە، پاشکۆی ڕێکخراوی ئەلقاعیدەی ئوسامە بن لادن بوو، دواتر سالێ 2014 بەیعەتی خۆیدا بە داعش و لەو کاتەوە بەردەوامە لە کارە کوشت و بڕ و هێرشەکانی. تەنانەت ساڵی 2013 کە باراک ئۆباما سەردانی ئیسرائیلی کرد لەو کاتەدا کە ەئو لەوێ بوو دوو کاتیۆشایان نا بە ئیسرائیلەوە.
ئێستاکانێ کە میسر خەریکە سەربەخۆیی خۆی ڕادەگەێنێ لە پاشکۆیەتی بۆ ئەمریکا بەتایبەت لە شەڕی ڕوسیا-ئۆکراین زۆرتر لایەنگری خۆی بۆ ڕوسیا نیشانداوە، ئەمریکا دەیەوێ بەم هەنگاوە قونجڕکێک لە عوبدلفەتاح ئەلسیسی بگرێ و پێی بڵێ ئاگاداربە دوایی وەک ئەنوەر سادات بە ئیسلامیەکان تیرۆرت دەکەم.
ئەم شێر و ڕێویەی ئەمریکا بۆ ئەوەشە کە ڕێگە خۆش بکات لە دوو سبەی لە ڕێکەوتنی لەگەڵ ئێراندا ڕێکخراوی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لیستی تیرۆر دەربکات. ئەم خشکەییە کۆماریەکانی ئەمریکای دەهری کردووە و یەکسەر دەستی بایدن و ئیدارەکەیان کەشف کرد و کەوتوونەتە تانەوتەشەر لێی و بڕیاری ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی توندیان داوە لەگەڵ بایدن سەبارەت بە کۆی سیاسەتەکانی تری ئەمریکا کە لە کۆنگرێسدا دەبێ بچێتە پێشەوە.
دوایین خاڵ کە دەمێنتەوە ئەوەیە: ئەوانەی کە پێیان وایە دیموکراتەکان لە کۆماریەکان باشترن یاخود ڕێژەیەک پێشکەوتووترن ئەوا دەرکەوت لە دەمانی بایدن و دیموکراتەکاندا ئەمریکا بوو بە هۆکاری ئەوەی کۆنەپەرسترین هێزی دینی مێژوو کە تاڵیبانە دەسەلاتی دەوڵەتێکی گەورەی وەک ئەفغانستانی ڕادەست بکرێت و بگەرێتەوە سەر دەسەڵات. دووهەمیان، لە دایکبوونی فاشیزمێکی نوێی غەربی کە لە مێژوودا هیچ فاشیەتێکی لەو جۆرە نەهاتۆتە دەر بەوشێوە شمولییە نەرمیە بەناو ئازادیە. ئۆکراین ئەو بابەتەیە کە ڕسوایی و دژە ئینسانی و مۆراڵی و هونەری و ئەدەبی و وەرزشی و ئازادی لیبراڵ دیموکراسی بۆ ئێستا و مێژوو سەلماند. [1]