$لەنێوان ئومێد و بێ ئومێدیدا،
ئایا دەسەڵاتدارێتی هەرێم دەمێنێتەوە؟$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
ئەمە پرسیارێکە و لەم ماوانەی دواییدا بووە بە جێگەی مشتومڕێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیش کە خەڵکێکی زۆر خۆشحاڵن بە نەمانی ئەو هەرێمە و دەسەڵاتەکەی و هیوایان بڕیوەتە هەر دەلاقەیەک کە بتوانێ ئەم دەسەڵاتە ڕابماڵێ جا ئەنجامەکەی چی دەبێ گرنگ نیە. ئەمە داواکاریەکی جەماوەری بەرفراوانە و جا چەندە درووستە یان نا، چەندە سیاسیە یان نا، باشە یان خراپ ئەوە بابەتێکی ترە.
$یەکەم:$ سێ دەیەی ڕابردوو، ئەو بارودۆخە هەرێمی و ئێڕاقی و ناوچەیی و جیهانییەی هاتۆتە پێش ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەم دەسەڵاتدارێتیەی هەرێم وەک خۆی دەمێنێتەوە. ئەو خاسیەتانەی لەو هێزە کوردییە دەسەڵاتدارانەی وەک یەکێتی و پارتیدا هەیە زۆر یەکانگیرە لەگەڵ ستراتیجیەتی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و ناوچەکە و ڕۆژاواشدا. ئەو یەکانگیریە لەوەدایە کە ئەو هێزانە دەسەلاتدارێتیەکیان دەوێت خاڵی بێ لە هەر بەرنامە و ئامانجێکی نەتەوەیی و نیشتمانی چونکە کاتێک ئەم دوو شتە بوونی نەبوو ئەو دەسەلاتە دەبێ بە کۆمپانیایەیکی بازرگانی مافیایی. دەسەلاتێکی لەو جۆرە زۆر بە ئاسانی دەتوانرێ کۆنترۆڵ بکرێ و وەک مەقاشێک چۆنت دەتەوێ بیجوڵێنە. ئەم جۆرە لە دەسەڵاتدارێتی مۆدێلێکی سیاسیە و لە دایک بووی سیاسەتی جیهانی غەربیە لە دوای سالانی 90 ەوە درووست بووە و بە خۆشحاڵیشەوە لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە قبوڵ کراوە. ئەو وڵاتانە دەزانن مەسەلەیەک هەیە بە ناوی مەسەلەی کوردەوە و کۆنترۆڵ کردنی ئەم مەسەلەیە پێویستیەکی مێژووییە و دەستەمۆکردنی خەڵکەکەشی تەنیا بە دەسەلاتدارێتیەکی کوردی لەو شێوەیە دەکرێ کە ئێستا جڵەوی هەرێمی کوردستانیان بە دەستەوە گرتووە. خەونی مرۆی کوردی و هیوای ژیانێکی شایستە و نیشتمانێک بۆ مرۆی کورد تێیدا بحەسێتەوە لە لایەن ئەو دەسەڵاتدارێتیەوە زۆر باش لەبار براوەو لێرەوەیە کە زۆرێک لە خەڵکانی سیاسی و سادەش پێیان وایە مانەوە و نەمانی دەسەڵاتدارێتی هەرێم ڕاستەوخۆ بەندە بە هاوکێشە سیاسیەکان و قەوارە دەوڵەتییەکانی ناوچەکە بە تایبەت هەر یەکەیان بنکەی سیخوڕی و بارەگای سەربازیان هەیە لە ناو خاکی هەرێمدا. ئەم ڕەوشە نائومێدیەکی ئێجگار گەورەی لەنێو خەڵکی کوردستاندا درووستکردووە کە ئومێدی گۆڕینی ئەو دەسەڵاتە تاڕادەیەک ئەستەم بێت و دەسەڵاتدارانی هەرێمیش ئەمە باش دەزانن بۆیە زۆر زیاتر لە بەڕەکەی خۆیان قاچیان لێ ڕاکێشاوە و لە تەڕ و وشک دەخۆن و دەبەن.
$بەڵام، بۆ خاڵی دووەم:$
تەنیا هێزێک بتوانێ ڕایبماڵێ هێزی خەڵک و ناوەوەی هەرێمە. لەگەڵ ئەوەی ئەو حزبە کوردیانە مرۆڤی کوردیان خەساندووە و بێ کەڵکترین کۆمەڵگەیان درووست کردووە، هێزی توڕە و ڕق و ناڕازی خەڵک هەمیشە لەسەر پێیە بۆ پەلامادرانی ئەو دەسەڵاتە. ئەوانەی بێ ئومێدن یاخود دەیانەوێ بێ ئومێدی بلاوبکەنەوە جا هۆکارەکەی هەرچییەک بێت ڕۆژگارێک دەیبینن ئاگری ژێر ئەو پشکۆیە چۆن هەڵدەگیرسێ. من و هەر چاودێرێکی تریش دەزانین کە وەزعی ئاوها دەبێ حزبی سیاسی و ڕێکخراوی جەماوەری توندوتۆڵی لە پشتەوە بێ بەڵام لەگەڵ هەر شڵەزانێکی ناوچەیی و جیهانیدا هێزی نارازی خەڵک خۆڕسکیانە سەر و سیما دەگرێ. مێژوو پڕیەتی لە ئەزموون و وانەی ئاوها. ئومێد تەنیا شتێکە لە دڵی مرۆڤدا نامرێ هەرچەندە ڕەشبینی بگاتە چڵەپۆپە. ئەو ناڕەزایی و توڕەیی و نادادی و بێ وەزعیەی چەند ساڵە خەڵک پەنگی پێ دەخواتەوە ژانی ئومیدێکی پێیە. ئومێدی گۆڕانی ئەو بارودۆخە. [1]