$درووستکردنی کیشوەرێک لە فاشیزم$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
ببینن فاشیزمی لیبراڵ دیموکۆراسی گەیشتۆتە چ ئاستێک!
ڕوسیەکانی ئێستای کەنەدا و ئەڵمانیەکانی ئەو دەمی کەنەدا...
درووستکردنی کیشوەرێک لە فاشیزم دوایین بەرهەمی جەمسەری ڕۆژاوایە. فاشیزم واتە سڕینەوەی گشتگیر و پەلاماردانێکی هەمەلایەنە بۆ سەر قەوارەیەک کە هەموو ئاستە سیاسی و ئایدیۆلۆجی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئایینی و ئینسانیەکانیان بگرێتەوە و لەمەش واوەتر ئەو ڕەوتە لە پەلاماردان بەرجەستە بکرێت لە هەموو جومگەکانی دەوڵەت و وڵاتدا و دواتر شۆڕ ببێتەوە بۆ ناو خەڵک و کۆمەڵگە. فاشیزم بۆ ئەوەی بزژی و هۆکاری مانەوەی خۆی بسەلمێنێ هەر دەورەی گرووپێک، لایەنێک یان دەولەتێک و میللەتێک لە ئێستادا کە ڕوسیایی و میللەتی ڕوسیا قوربانییەکەیەتی. ئەوەی ئێستا لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا دەچێتە پێشەوە دژ بە ورد و درشتی ڕوس و ڕوسیا هیچی کەمتر نییە لە فاشیەتی هیتلەر و مۆسۆلینی. بگرە، ئەو جۆرە فاشیزمە نوێیەی کە بلۆکی سەربازی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا هەستەکەین لە مێژوودا وێنەی نەبووە تاکو ئێستا.
هێرشکردنە سەر هەر دەلاقەیەک کە باسی وشەی ڕوس و ڕوسیای لێوەبێ و سزادانی هەر لایەن و کەس و وڵاتێکیش گەر ئەو دەلاقەیەی دانەخستبێ جگە لە فاشیزم هیچ شتێکی ترنیە. من ناوی دەنیم فاشیزمی لیبراڵ دیموکراسی. ئەم سیستەمە چونکە هەموو شتێکی شمولیە و لە پێناو مادەدا هەرجی بەها مرۆییەکانە خستیە ژێر پاوە ئاوهاش فاشیزمەکەی هەمەگیریە و شتێک نەماوەتەوە مۆرکی فاشیست بوونی خۆی لێ نەدا دژ بە مرۆڤی ڕوسی و وڵاتی ڕوسیا و بلۆکی ڕوسیایی.
لە ماوەی دوو سێ مانگی ڕابردوودا دیتمان بەهۆی کێشەی ئۆکراینەوە هونەر و ئەدەبیات و فکری ڕوسی بە کۆن ونوێیەوە و بە مردوو و زیندوویەوە، تیم و کەسە وەرزشیەکان، تاکی ڕوسی لە غەرب، تەنانەت منداڵانی ڕوس لە قوتابخانە غەربیەکان، سیاسی دەوڵەتی و غەیرە دەولەتی و ئەکتەر و ئەستێرەکانی هۆلیود و نووسەر و ڕۆشنبیرە موعەلەبەکانی غەرب چۆن پەلاماری هەر شتێکی ڕوسی دەدەن و هەموو شتێکی ڕوسی بسڕنەوە و نەیهێڵن. ئۆپێرا ئینفری کە خۆی ژنە ڕەشپێشتێکی ئەمریکیە و ئەستێرەیەکی هۆلیود و ملیۆنێرە دەڵێ پەڕتووکی شەڕ و ئاشتی تۆڵۆستۆیم لە پەڕتووکخابەکەم دەرکرد و فڕیمدا. لە کاتێکدا خۆی ئێستاش لە ئەمریکا هەر بە کۆیلە و نەوەی کۆیلە تەماشا دەکرێ. بەهەرحاڵ،
فاشیزمی لیبراڵ دیموکراسی گەیشتە ئەو ڕادەیەی کە خواردنی ڕوسی قەدەغە بکرێ. مانگی ڕابردوو لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا چێشتخانەیەکی ڕوسیان داخست بە ناوی پراڤدا. ئەوەی سەیرە خاوەنەکەی ڕوسی نییە بەڵکوو جاپانیە. تەنانەت هەولەکان لە سۆشیال میدیادا چرتر کراوەتەوە بەوەی بزانن کێ لە دوکان و بازارە ڕوسیەکان شت دەکڕێت. دیارە ئەمە زۆرتر سیاسەتێکی ڕەسمی لە پشتە وەک لە ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی خۆڕسک.
هەر ئەم کەنەدایە لە دەمانی جەنگی جیهانی دووەمدا هەمان شتیان کرد دژ بە ئەڵمانیە پەنابەرەکان. لە ماوەی سەدە و نیوی ڕابردوودا بەتایبەت لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا ئەڵمانیە پەنابەرەکان وەک ئیتالی و ئێرلەندی و بەریتانی و فەرەنسی و پورتوگالی ڕویان لە وڵاتی کەنەدا کرد. هەر نەتەوەیەک بە زۆری لە شوێنێک جێگیر بوون و ناوی شارۆچکەکەیان بە ناوی دێرینی شارێکی وڵاتی ڕابردووی خۆیانەوە ناو نا. بۆ نموونە لە کەنەدا شار هەیە بە ناوی لەندەن و پاریس و ..هتد. ئەڵمانە ڕەسەنەکانی شارەکەی خۆیان ناو نابوو بەرلین. لە دەمانی جەنگی جیهانی دووەمدا حکومەتی کەنەدی بە زۆر ناوەکەی پێ گۆڕین بە ناویکی تر بە ناوی کچنەر. ئەم هەنگاوەی دەسەڵاتدارێتی کەنەدی لە کاتێکدایە کە ئێستا کەنەدا بۆتە یەکێک لەو وڵاتانەی پشتیوانیەکی زۆری ئیسلامی توندڕە و ئیخوانەکان و بەم دواییانەش پستیوانی کردنی ڕەهای فاشست و نازیەکانی ئۆکرانیا. بە فاشی کردنی کیشوەرێک و جەمسەرێک خەتەرێکی گەورەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی! [1]