دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیە:
هاووڵاتییانی خۆشەویست، خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستان، ئێستا نزیک لە دوو مانگە لە کوشتنی بەئەنقەستی شێرە کچی شارەکەمان بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم تێپەڕ دەبێ و ناوی #ژینا ئەمینی# بووەتە هێمای شۆڕشێکی بەربڵاو لە ئێران و کوردستان بە ناوی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، هەڵاواردن و کوشتنی سیستماتیکی لاوان و گەنجانمان لەلایەن دەسەڵاتەوە هێندە بەربڵاو بووە کە، ئەمڕۆ خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان ئەو شتانە قەبووڵ ناکەن و تێکڕا دەڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن.
خەڵکی ئێران و بە تایبەتی کوردستان لەو ڕاپەڕینە مەزنەدا تەنیا داوای مافە زەوت کراوەکانیان لەلایەن دەسەڵاتەوە دەکەن، بەڵام لە بەرانبەردا دەسەڵات بە جێگەی ئەوەی دەنگی خەڵکەکەی ببیسی بە توندترین شێوە و دڕندانەترین جۆر ڕووبەڕووی خەڵکی ئێران و کوردستان دەبنەوە و دەیانکوژن.
ئێمە مامۆستایانی ئایینی شاری #سەقز# و دەوروبەر، هەر بەو جۆرەی کە پێشتر لە بەرەی حەق و دادپەروەریدا بووین ئێستاش لە بەرەی خەڵکی خۆماندا دەبین و پشتیوانی لە خەڵکەکەمان دەکەین و داوای ئازادیی بێ مەرجی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لەو ڕاپەڕینە مەزنەدا لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
هەروەها مامۆستایانی ئایینی سەقز لە بەیاننامەکەیاندا پشتیوانیی خۆیانیان بۆ مامۆستایان و وتاربێژانی شارەکانی #سنە# و بەلووچستان دەربڕی و ڕایانگەیاند کە داواکاریی ئێمە، داواکاریی ئەو خەڵکەیە و پشتیوانی لە هەموو بەیاننامەکان دەکەین، کە تا ئێستا لە چوارچێوەی ئەو ڕاپەڕینە مەزنەدا دراوە.
پاشان داوا لە بەرپرسانی پایە بەرزی وڵات دەکەین کە بۆ یەکجاریش بووە دەنگی خەڵک ببیستن و بزانن چییان دەوێ و نابێ بە چەک ڕووبەڕووی ئەو خەڵکە ببنەوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئێمە داوا لە دەسەڵاتی ئێران دەکەین کە هێندە دەستێوەردان لە کاروباری ئایینی ئێمە نەکەن و بێ ڕێزی بە ئایینی سوننە نەکەن. [1]