یەع لەو ئاڵایەی گەنجانی دڵسۆزی کورد لە سایەیدا برسی و بێ کار و دەرکراو لە نیشتمان و خنکاو لە دەریاکان و گیراو لە زیندانییەکانن.
یەع لەو ئاڵایەی
ئەبو چیچۆ و دز و سیخوڕ و موفتەخۆران و پیاوکوژان لە سایەیدا خەڵات دەکرێن. خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەریش ئەوپەڕی سوکایەتیان پێدەکرێت.
ئاڵا کڵاوێکە ئەو ڕژێمە دز و گەندڵانە دەیخەنە سەری فەقیر حاڵەکان، ئەو پارچە پەڕۆیە ئەو کاتە دەبێتە شتێکی پڕ بەها و خۆشەویست کە ڕژێمێک و دەسەڵاتێکی پاک و گەل دۆست و نیشتمان پەرست لە ئارادا بوو.
ئەمن چ لە ئاڵایەک بکەم منداڵە ورتکەکانی بنەماڵە حاکمەکان لە سایەیدا ملیاردێرن، خەڵکیش بە گشتی و قوربانیدەران بۆ نیشتمان هەتا مووچەکەشیان بە جوانی پێ نادرێ؟!
من چی لەو ئاڵایە بکەم، کە منێکی ژیان بەخشیو بە نیشتمان، نەتوانم بە ئازادی بێمەوە، هەتا بۆ کۆچکردنی دایکم، کەچی کابرایەکی خوێڕی پیسی حەشەرەی وەک ئەبو چیچۆ و لەویش قێزەونتر بە دۆڵ و زوڕنا پێشوازییان لێ بکرێت؟!
چی لەو ئاڵایە بکەم لە سایەیدا خاینان دەستی موخابەراتەکانی دوژمن ڕادەکێشن بۆ نیشتمان بۆ کوشتنی خەباتگێڕانی کوردستان؟!
من چی لەو ئاڵایە نەفرەتییە بکەم، کە لە سایەیدا خاین و دزە نەخوێندەوارەکان بۆ قازانجی شەخسیان خەریکە هەمووی تەعریب دەکەن و بە تەواوی دیمۆگرافیای کوردستان دەشێوێنن؟!
چی لەو ئاڵایە بکەم خەڵک لە سایەی حوکمی بەناو کوردیدا، هیچ ڕوحێکی ئینتیما و کوردستانی بوونی ئەوتۆیان تێدا نەماوە، کە لە سەردەمی داگیرکەراندا لە چڵەپۆ پەیدا بوو؟!
ئەوانەی پێیان وایە ئاڵا هیچ پیرۆزی و خۆشەویستی خۆی لە دەست نادا، با گەندەڵانی کوردایەتی بە خراپترین شێوەش بەکاری بێنن، خۆزگە وابایە، من دەڵێم هەر شتێک ناوی زڕێنرا و خراپ بەکارهێنرا لەبەرچاوی خەڵک دەکەوێت هەتا لە قورئانیش دا هاتبێت لای موسڵمانان، بۆ نموونە هیچ موسڵمانێکی کورد زاتی ئەوە دەکات ناو لە منداڵێکی بنێ ئەنفال؟! با وشەکە ناوی سوورەتێکی قورئانیش بێت. ئاڵاش وایە، دەسەڵات و ڕژێم و حوکم نرخ دەبەخشێتە ئەو ئاڵایە، بە دادگەری و یەکسانی و ئەستۆپاکی. [1]
#محەمەد هەریری#
#17-12-2022#