لە دوای دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان، لە سنووری ئیدارەی ژێر دەستەڵاتی یەکێتی، #بافڵ تاڵەبانی# سەرۆکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# فشاری خستووتە سەر #ئارام محەمەد قادر# وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ئەوەی ئەویش لای خۆیەوە فشار لە ئەنجومەنی وەزیران و خودی سەرۆکی حکومەت بکات بە دەربڕینی ڕەزامەندی بە خەرج کردنی پارەی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە وردی سەرجەم کۆی بڕی پارەی بۆ دەرماڵەی خوێندکاران ئامادەکردووە،. چەند جارێکیش پێش ئەوەی یەکێتی بەتەواوی بایکۆتی حکومەت بکات لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە لایەن وەزیری خوێندنی باڵاوە ئەو بابەتە خراوەتە بەرباس، بەڵام سەرۆکی حکومەت وەڵامێکی ئەرێنی نەبووە بۆ ئەو داواکارییەی وەزیری خوێندنی باڵا.
وەزارەتی خوێندنی باڵا بە نووسراوێکی فەڕمی بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕوونکردووەتەوە کە ساڵی ڕابردوو ئەنجومەنی وەزیران مانگانە بڕی نزیکەی حەوت ملیار و 250 ملیۆن دیناری بۆ پاڵپشتیی دارایی خوێندکاران تەرخان کردووە، بەڵام ئەمساڵ کەمتر لەو بڕەیان پێویستە کە نزیکەی پێنج ملیار دینارە، بۆیە پێویستە وەزارەتی دارایی ڕەزامەندی دەرببڕێت بە خەرجکردنی ئەو پارەیە و دەستبکرێت بە دابەشکردنی پارەی دەرماڵەی خوێندکاران کە بڕەکەی بۆ خوێندکارانی دەرەوە 60 هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی ناوخۆ بڕی 40 هەزار دینارە. [1]