دوای ئەوەی ڕۆژی 22-12-2022 #سۆران ئیبراهیم#ی هونەرمەندی سینەماکار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاشکرایکرد کە #هێلی لۆڤ# گرفتی بۆ کارەکانی فیلمی پێشمەرگە درووست کردووە و هەرەشەی کوشتنی لە دەرهێنەرێک کردووە، هێلی لۆڤ هاتە دەنگ و ڕوونکردنەوەیەکی دا.
لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە بۆ ڕای گشتی داویەتی، هێلی لۆڤ دەڵێت: بیرۆکەی بەرهەمهێنانی فیلمی پێشمەرگە دوای ئەوە هات کە چەند فیلمێکی بیانی هەوڵیاندا ڕۆڵی پێشمەرگە لاواز بکەن لە ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆرستان، ئەو بیرۆکەیەم لەگەڵ کاک سۆران باس کرد دواتر بڕیارماندا ترایلەرێک بۆ بیرۆکەکەمان ئامادە بکەن بۆئەوەی لەکاتی خستنەڕووی بیرۆکەکە لەگەڵ سپۆنسەرەکان پیشان بدەین.
هەروەها دەڵێت، تەنانەت لە بەرهەمهێنانی ترایلەرەکەش خۆی بەشداری مۆنتاژی کردووە.
بۆ وەڵامی قسەکانی سۆران ئیبراهیم کە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییەکەدا باسی کردووە هێلی لۆڤ بە شەش خاڵ ڕوونکردنەوە دەدات، لە بریتین لەمانە:
1. چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بە ڕاشکاوی ڕای خۆمم بە سۆران ڕاگەیاند کە ئەمە کارکی پرۆفیشناڵ نییە ترایلەری فیلمەکە بڵاوبکرێتەوە، پێشم وت کە ئازادی لە بڵاوکردنەوەی بەڵام وێنەی من بڵاو مەکەرەوە بەڵام هەر کردی.
2. ترایلەرەکە تەنیا خولەکێک و 50 چرکەیە، نازانم کاک سۆران مەبەستیی چییە لە ٪20ی تەواوکردنی یەک حەلقە.
3. کاک سۆران باس لەوە دەکات کە سپۆنسەری بۆ فیلمەکە پەیدا کردووە لەکاتێکدا دوو ساڵە چاوەڕێ دەکەین سپۆنسەرێک پەیدا ببێت نازانم چۆن لەناکاو سپۆنسەر پەیدا بوو، هەرچەند ویستمان نەمانزانی سپۆنسەرەکان کێن.
4. کاک سۆران ئیبراهیم دەیەوێ سۆزی خەڵکانێک بۆلای خۆی ڕابکێشێت بۆیە هەوڵی ئەوە دەدات کە ئەم بابەتە سیاسی بکات.
5. لەبارەی ئەوەی هەڕەشەمان لێکردووە یان پارەمان خواردووە، ئێمە ئەم تۆمەتانە بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکەینەوە و ئەگەر کاک سۆران لەم بارەیەوە بەڵگەیەکی پێیە با پێشکەشی دادگای بکات و ئێمە ملکەچی یاسا دەبین.
6. ئێستاش ئەگەر ڕاست دەکات سپۆنسەری هەیە و بیرۆکە هی خۆیەتی، بۆ ناچێ فیلمەکە بەرهەم بهێنێت، کەس دەستی نەگرتووە بۆچی وێنە و ڤیدیۆی من بڵاودەکاتەوە؟[1]