$دەسەڵاتدارێتی باشوور یاری بە ئاگر دەکات$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
لە هیچ دەورەیەکدا وەک ئێستا هاوکێشەکانی دونیا ئەوەندە بە یەکەوە نەبستراون. بە ڕادەیەکە گەر ئاگرێک لە هەر کونجێکەوە بکەوێتەوە ئەوا هەموو تەونەکە دەگرێتەوە. دیارە بچوکترین یاریکەر دەتوانێ خۆی بپارێزێ یاخود بە زەرەرێکی کەمەوە بێتە دەر گەر بێتوو ژیرانە لە سیاسەتی ئەو هاوکێشانە تێبگەن. ئەوەی لەو نێوەدا کە نەک هەر تێناگات بەڵکوو بە دەستی خۆی خۆی توڕ دەتە ناو ئاگرەکەوە بێ ئەوەی کەس پاڵی پێوە بنێ.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە سیاسەتی باشووری کوردستانی لە دەستدایە یاری بە ئاگرێک دەکات کە نەک هەر خۆی بەڵکوو وڵاتێک لەگەڵ خۆیدا بە تەڕ و وشکەوە بەرەو سووتان دەبات. دیارە من هیچ خەمی ئەو دەسەڵاتە و حزبەکانی نیم و بگرە ڕۆیشتنیان زەڕوڕەتێکی مێژووییە بە مەرجێ بەدیلێکی باش هەبێ لە جێگەیان و دەسەڵاتی خەڵک لە شێوەی کانتۆن و مەجالیس و شوراییدا لە دیدی منەوە باشترین ئەڵتەرناتیڤە. بەهەرحاڵ ئەمە باسێکی ترە و ناچمە وێزەی باسێکی ئاوها لێرەدا، بەڵام ئەوەی من لێی دەترسم ئەو هەنگاوەی پارتی وڵات و خەڵەکەکەی بەرەو ئاسۆیەکی ڕەش دەبات.
ڕوسیا هەڕەشە لە هەر وڵاتێک دەکات گەر بێتوو تەعویزی گاز و نەوتەکەی بۆ بکەنەوە لە ئەوروپا. بۆ نموونە قەتەر کە میوانێکی ئازیزی پەیمانی ناتۆیە ناوێرێ ئەو هەنگاوە بنێ کەچی هەرێمی کوردستان دەیەوێ ببێ بە سووری بەر لەشکر بێ ئەوەی هیچ پایەیەکی نێودەڵەتی سیاسی و ئابووری ڕەسمی هەبێ. هەموو ئەوروپا بە تایبەت بەریتانیا لەبەردەم خەتەری گەورەی چەکە ئەتۆمیەکانی ڕوسیادان کەچی هەرێمی کوردستان دەیەوێ ببێتە یاریدەدەر بۆیان و بەشداری پڕکردنەوەی گازی ڕوسی بکات. ڕوسیا بە ئاشکرا دەلێ بەریتانیا دوژمنی سەرەکی ئێمەیە لە کیشوەری ئەوروپا، بەریتانیا زانیتی ئەم قسەیە چی دەگەێنێ بۆیە ڕۆژێ دوای ئەوە پشی پشیان بۆ ڕوسیا کرد و ڕەتی کردەوە کە ئەوان جوڵەری سەرەکی بن لەو قەیرانەدا.
بەرەی ڕوسیا بڕیاری پێشوەختەی خۆیان هەیە و بەرەی ڕۆژاواش ئەمە دەزانن. بڕیاری پێشوەختەش واتە شەڕی مان و نەمان. پێریکە پۆتین وتی دنیا بێ ڕوسیا نابێت. وەزیری بەرگریەکەی پرسیاری لیدەکەن ئایا چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنن؟ وتی لە ئێستادا نا. چین لەو لاوە هەرەشەی مان و نەمان لە تایوان دەکات و ئەمریکا بە هەدەفی سەرەکی دەگرێ گەر بێتوو بێنە دەنگ لەسەر تایوان. ئەم قسانە پیشانی دەدات کە بەرەی ڕۆژهەڵات بەرەیەکە خۆی پڕ چەک کردووە و بە تەما هەیە جیهان لەگەڵ خۆیدا هەڵگەڕێنێتەوە و کەچی دەسەڵاتدارێتی هەرێم دەیانەوێ بچنە پاڵ بەرەی ڕۆژاواوە لە کاتێکدا ڕۆژاوا نە لە ڕابردوودا و نە لە ئێستادا هیچ حسابێکیان نەک هەر بۆ کورد کردووە بەڵکوو کوردیشیان بە دەیان و سەدان جار بە شوو داوە. بگرە پارچە پارچە بوونی کوردستان نەخشەی ئەوان بووە نەک تورکیا و ئێران و عەرەب. باشترین بەڵگە بۆ ئەمە ئەوەیە کە وڵات نییە لە ناوچەکە ئەوروپا، فەرەنسا و بەریتانیا، درووستیان نەکردبێ هەر هیچ نەبێ دەستیان هەبوو لە درووستکردنیدا لەوانە تورکیا و ئێران.
سووتاندنی قەندیل گەمەیەکی ئاگراوی تری دەسەڵاتدارێتی هەرێمە کە خۆیان باش دەزانن چ هەڵەیەکی گەورە دەکەن و ئەنجامەکەشی چۆن بە خراپ بەسەریاندا دەکەوێتەوە؛ چونکە، لە کێشمەکێشی ڕوسیا و غەربدا کوردانی باکوور و ڕۆژاڤا دەچنە پاڵ بەرەی ڕوسیا. پێدەچێ تورکیا لە کاتی هەڵایسانی جەنگدا بچێتە بەرەی ئەمریکا و ئەوروپاوە بە تایبەت دوێنێکە ئەمریکا پشی پشی بۆ کرد و لەوەدەچێ بایدن ڕۆژاوا بفرۆشی بە تورکیا.
لێرەدایە کە کوردانی باکوور و ڕۆژاڤا بە لای ڕوسیادا هەڵدەکشێنەوە و لەو نێوەدا پارتی یاری بە ئاگرێکی ناوخۆیی دەکات کە چارەنووسی بەرەو نادیار دەبات بەتایبەت لە ناوخۆی هەریمدا ئەو و حزبەکانی تر نەک هیچ پایەیەکی جەماوەریان نەماوە بەڵکوو ئێستا بوونەتە ئامانجی نیشانپێکی خەڵکی کوردستان و لەهەر لەرزینێکی نێو دەولەتی و ناوچەییدا ئەم جارە بەر ڕق و توڕەیی خەڵک دەکەون زۆر بە خراپی. بۆردومانەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر و ڕقی بەشێکی زۆر لە شیعەکانی ئێڕاق دەرگایەکی ئاگراوی تر بە ڕووی پارتیدا دەکەنەوە و بارودۆخەکە ئێجگار شلۆق دەبێ. چونکە، ئەو هەنگاوەی پارتی لەوەی بیەوێ بێ پرسی بەغدا ڕێکەوتنی گاز و نەوت لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا بکات ئەوا تەنگژەیەکی تری سیاسی لە ناو ئێڕاقدا بۆ خۆی درووست دەکات نموونەکەیمان بینی کە مانگی ڕابردوو لە بەغدا چۆن پەلاماری بارەگاکەیان درا و نەشیانتوانی فزە بکەن بەرانبەریان.
ئەوەی لای من سەیرە ئەوەیە کە لە مێژوویی هیچ دەسەڵاتێکدا نەبووە وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە کە ڕاوێژکارە سیاسیەکان لە سەرکردە و بەرپرسەکان ناسیاسی تر و ناحەکیمانەتر و بێ هزرتر بن. گەر ڕاوێژکاری ژیر و خەڵکانی حەکیم لە دەوری دەسەڵاتێک هەبن ئەو وڵاتە شتێکی بەسەر یەکەوە هەر دەمێنێ هەرچەندە دەسەڵاتەکە و ڕابەرەکانی تاکڕەو و سەرکوتکەربن. [1]