$من چۆن ڕۆژاوا دەبینم$
#ئیدریس مستەفا#
تا ئێستا لە دوو دۆستەوە پەیامی ئەوەم بۆ هاتووە کە من خۆم لە ڕۆژاوا دەژیم کەچی زۆر قسەیان پێدەڵێم یاخود ڕەخنەیان لێدەگرم. لە ڕاستیدا، من زۆرتر لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ڕۆژاوا قسەدەکەم. ژیان کردن لە ڕۆژاوا بە ئاستە بژێویە ئابووری و ئارامیە کۆمەڵایەتی و ئازادیە شەخسیەکان بە بەراورد بە زۆر وڵاتانی دنیا باشترە هەرچەندە بێ ئیشکردنی بەردەوام ئەستەمە مرۆڤ لە غەرب بە ئاسانی بژی. قسەم لەسەر ئەوە نییە کە خەڵک هەیە فێڵ دەکات و درۆ دەکات و خەریکی ساختەچێتیە بەڵام گەر بتەوێ بە ڕەنجی شانی خۆت بژی ئەوا ڕۆژاواش وەک هەر وڵاتێکی تر سەختە؛ دیارە ئەو سەختیە هەندێ دەسکەوتی باشت بۆ بەدەست دەهێنی و ئیتر گەر کەسێکی خۆپەرست و ناعەدالەتخواز بی ئەوا باسی ڕۆژاوا ناکەی و یاخود ستایشی دەکەی؛ بەڵام ئەستەمە بۆ کەسێک گەر تۆزێک ویژدانی مرۆیی و بیر و مۆراڵی خۆی بەکاربهێنێ ناتوانێ بێدەنگ بێ لە ئاست ئەو هەموو نادادی و سیاسەتە دوو ڕوییەی بلۆکی غەرب هەیەتی بەرانبەر بە جیهان بەتایبەت میللەتانی بەشخوراو و داگیرکراو و ژێردەستە. ڕاستیەکی ڕەها هەیە کە هەموان دەبێ بیزانن: ئەو ئاستە لە ئابووریە باشەی لە ڕۆژاوا هەیە بە پلەی یەکەم دەرئەنجامی ئەو دەورە کۆڵۆنیاڵی و هەژمونە جیهانیەیە کە لە سەدەی ڕابردووە تاکو ئێستا خەریکی تاڵان و بڕۆیی وڵاتان و میللەتانن بە هەزاران شێوە و جۆر.
ئەو پاشخانە ڕۆشنبیری و بیریاری و زانستیەی ڕۆژاوای کردووە بە بلۆکێکی جیهانی کە هەموو جیهان پێی سەرسام بن، لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەیاندا ئاسمان و ڕێسمانە. غەرب گەر بۆ ناوەوەی خۆیان گوڵ بن، کە وانیە، ئەوا بۆ دەرەوەی خۆیان جگە لە ژەهر ڕێژکردن هیچی تریان بۆ دنیا پێ نەبووە. بگرە ئەو پێشکەوتنە زانستیە تەکنۆلۆجیایەی کە پێشکەشی دنیایان کردووە جگە لە نەهامەتی و دەردەسەری و کۆنەپەرستی و ڕەگەزپەرستی و کوشت و کوشتار و شەڕی ناوخۆیی و برسێتی و گرانی و گەندەڵی شتێکی تری بەرهەم نەهێناوە. ئەو سیستەمی پەڕڵەمانی و دیموکراسییەی کە باسی دەکەن گەورەترین درۆی مێژووییە، چونکە ئەوەی بوونی نییە تێیدا ئامادەیی نیشاندانی ئیرادەی سەربەخۆی مرۆڤ و پراکتیزەکردنی ئازادیە و تەنیا تایبەتە بە دەسەڵاتی چینێک لە کۆمەڵگە.
بەهەرحاڵ،
چەند جاری گووتوومە دەیڵێمەوە لە مێژووی سەد ساڵەی ڕۆژاوادا پشتیوانی و کۆمەکیان بە هیچ جووڵانەوەیەکی ئازادیخوازی نەتەوەیی و نیشتمانی و بزاڤی ڕۆشنبیری نەکردووە لە کاتێکدا بە ملیۆنان و بلیۆنان دۆلاریان خەرج کردووە بۆ جووڵانەوە ئایینیە کۆنەپەرستی و نەتەوەییە توندڕەو و فاشیست و نازیەکان و دکتاتۆرەکان کردووە و لەمەش خراپتر دەستیان هەبووە لە وەلاخستن و زیندانی کردن و بە دەستەوەدان و کوشتن و تیرۆرکردن و زیندانی کردنی چەندان کەسایەتی گرنگی سیاسی و نیشتمانی و ئازادیخوازی میللی و ڕۆشنبیری ناڕازی...هتد
ئەمانە ئەو شتانەن کە بۆچی من ڕەخنەگری سەرسەخت و تاسەر ئێسقانم لەسەر بلۆکی ڕۆژاوا و پێشم وایە لە ململانێی ڕوسیا-ئۆکرایندا ئەم جەمسەرە بەرەو خراپترین ڕۆژگارەکانی خۆی هەنگاو دەنێ کە جگە لە شەرمێک و ڕسواییەکی مێژوویی هیچی تری بۆ نامێنێتەوە. [1]