$دێوەزمەی پیتی Z بەسەر ئەڵمانیای دڵی ئەوروپاوە$
#ئیدریس مستەفا#
ئەم تەنگژەیەی ڕوسیا-ئۆکراین لەگەڵ ئەوەی کارەسات و پەیامی خراپی بە دواوەیە بەڵام گەورەترین خزمەتی بە مرۆڤایەتی کرد ئەویش پەردەهەڵماڵین بوو لەسەر درۆ گەورەکانی ڕۆژاوا، ئەو درۆیانەی زۆر کەس نەیاندەبینی. نزیک بۆ سەدەیەک دەچێ ئەوروپا جیهانی کەڕکردبوو بە دروشمەکانی وەک دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەبڕین. ئێمە دیتمان لەم تەنگژەیەی ئۆکرانیادا ئەوروپا نەک هەر پەلاماری قوتی خەڵکی ڕوسیایاندا لە ژێر ناوی گەمارۆی ئابووری بە بیانووی پەلاماری سەربازی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکراین بەڵکوو وەک گەلەگورگێکی برسی کەوتنە گیانی مرۆڤی ڕوسی و گەلی ڕوسی بە زیندوو و مردووەکانیشیانەوە هەر لە ئەدەب و وەرزش و مۆسیقا و هونەرەوە تا دەگات بە قەدەغەکردنی زمانەکەشیان.
دوێنێکە ئەڵمانیا، هەر دوو ولایەتی گەورەی ئەڵمانیا باڤاریا و لەوەر ساکسۆنی، بڕیاری قەدەغەکردنی پیتی (Z) یاندا لەوەی کەس لە هیچ شوێنێکی گشتی بۆی نییە نە باسی بکات و نە بینووسێت؛ لەمەش زیاتر، هەر کەس سەرپێچی ئەو بڕیارە بکات ئەوا زیندانی دەکرێت بۆ ماوەی سێ ساڵ یاخود سزایەکی ماڵی زۆر دەدرێت بە بیانووی ئەوەی ئەم پیتە دەبێتە پشتیوانی پەلامارە سەربازیەکەی ڕوسیا. ئەمە جگە لە هەنگاوێکی فاشیانە واتە ترسنۆکانە هیچ شتێکی تر نیە. یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی فاشیزم وەک تێگەیشتن بودەڵیە لە بەرانبەر و دەوربەر، وەک هەنگاویش یەکەمین شت بیکات پەلاماردانی وشە و نووسین و پەڕتووک و قەڵەمە هەر وەک چۆن هیتلەریزم لە جەنگی دووهەمی گێتیدا کردی لە ژێر ناوی دژە جوودا هێرشیان دەکردە سەر خوێندنەوە و پەڕتووکەکان.
ئەمە گەورترین عەیب و عارە کە لە مێژووی ئەڵمانیای دڵی ئەوروپادا دەنووسرێتەوە. ئەم بڕیارە بێ هزریەی ئەڵمانیا دوای ئەوە دێت کە ئەڵمانیا خەریکە ڕۆدەچێتە نێو گەمە سەربازیەکەی ناتۆوە. لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەڵمانیا بڕیاری کڕینی چەکی قورسی داوە و بڕە پارەیەکی دەیان و سەدان بلیۆن دۆلاری تەرخان کردووە کە بیکاتە قوڕگی کارگەی چەک و تەقەمەنیە سەربازیەکانی ئەمریکاوە و ئەمریکاش ئەمەی دەویست. ئەوەی جێگەی سەرنج و بەزەییش بوو (وەزیری بەرگری ئەڵمانیا پێرێکە دەیگوت چەکی گەورەی وەها دەکڕین کە بتوانێ کڵاوەی ئەتۆمی لێ ببەسترێ ئەو کڵاوە ئەتۆمیانەی ئەمریکا لە دەمانی جەنگی ساردەوە لە ئەڵمانیا جێگری کردوون دژ بە یەکێتی سۆڤیەتی جاران.) دیارە ئەڵمانیا لەم تەنگژەیەدا بە عاقڵانە هاتە پێشەوە بەڵام واخەریکە بەرەو بێ هزری دەچن و بیر لەوە دەکەنەوە لەپاڵ بەهێزیە ئابووریەکەیدا ببن بە جەمسەرێکی سەربازی گەورەی ئەوروپاش. ئەوەی سەیرە حکومەتی ئەڵمانیای ئێستا بیر لەوە ناکاتەوە کە ئەو هەنگاوە سەربازیانە چ ئەنجامی خراپی بە دواوەیەوە کە ڕاستەوخۆ کاریگەری خراپ لەسەر ژیانی هاووڵاتی ئەڵمانی دادەنێ ئینجا هەموو ئەوروپاش.
بەهەرحاڵ، دیارە ئەو پیتی Z بوو بە حەبێکی ژەهراوی و حموکەتی ئێستای ئەڵمانیا وەک خۆی خواردوویەتی دەیەوێ دەرخواردی خەڵکەکەشی بدات.
پیتی Z بە زمانی ڕوسی کورتکراوەی سەرکەوتنە و ڕوسیا لەم شەرەی ئۆکرایندا ئەو پیتەی لەسەر کەرەستە جەنگیەکانی خۆی نووسیوە وەک جیاکردنەوەیەک لە هەر شتێکی تری جەنگی ئۆکراین. [1]