$بەرەو سیستەمێکی نوێی دارایی جیهانی$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
لە تەک دەرکەوتنی سیستەمی نوێی جیهانیدا کە لە 24ی مانگی ڕابردووەوە هاتە سەر شانۆی سیاسەتی جیهانی، دوێنێکە 23ی مانگ سیستەمێکی نوێی ماڵی جیهانی هاتە نێو بازاڕی دراوی جیهانیەوە. دوێنێکە حکومەتی ڕوسیا بڕیاریدا نەوت و گاز بە ڕۆبڵی ڕوسی بفرۆشێ لە بری دۆلاری ئەمریکی. ئەم بڕیارە تەنیا ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە ڕوسیا بە وڵاتانی نادۆست یاخود ناحەز بە ڕوسیا ناوی بردن وەک ئەوروپا بە نموونە. ئەو وڵاتانەی کە هاوڕێی ڕوسیان ئەوا ئازادن بە چ دراوێک پارە دەدەن وەک چین و هند بە نموونە. دیارە وڵاتێکی وەک هند ڕوسیا بە هەرزانتر نەوت و گازی پێ دەفرۆشێ لەبەر چەند هۆیەک کە لێرەدا بواری باسکردنی نیە.
بەهەرحاڵ، ئەو هەنگاوەی ڕوسیا، هێنانی ڕۆبڵ بۆ ناو سیستەمی ماڵی جیهانی، بە یەکەمین هەنگاو دادەنریت لە مێژووی بازاری دراوی جیهانیدا کە لە دوای ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە هەبێ و یەکەمین گورز کە بیخوات دۆلاری ئەمریکی ئینجا دراوی یۆریە. ئابووری ناسەکان دەڵێن ئەوروپا و ئەمریکا خۆیان بۆ هەنگاوی لەم جۆرە نەک هەر ئامادە کردبوو بەڵکوو هەر بە خەیاڵیشیاندا نەهاتووە کە ڕوسیا بە پلانێکی ئاوها وەڵام بە گەمارۆ ئابووریەکانیان بداتەوە؛ هەر بۆیە ئەمڕۆکە ڕاوێژکاری ئەڵمانی لەگەڵ پۆتین بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ یەکدیدا کرد و ئەڵمانیا ئەم هەنگاوەی ڕوسیای بە پێشێلکردنی ڕێکەوتنامە ئابووری و بازرگانیەکانی نیوانیان ناوزەد کرد. ئەڵمانیا لە کاتێکدا ئەمە دەڵێت کە هیچ یەکێک لەو گەمارۆ ئابوورییانەی سەر ڕوسیا نەک هەر پێشێلکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیانە بەڵکوو دژ بەو قانونە نێودەوڵەتیە بازرگانیەکانە کە خودی ئەوروپا داڕێژەری سەرەکی بووە لە نووسینەوەی.
ئەمڕۆکە ڕۆبڵی ڕوسی لە تەک دراوە جیهانییەکانی تردا ژمارەی بەرزبوونەوەی دەخوێندەوە. ئەم هەنگاوەی ڕوسیا لە مێژە دەبوو بنرێت بەڵام تەمەڵی و چاوەڕوان نەکردنی ڕوسیا بەو گەلەکۆمەکێ ئابووریە گشتگیریەی ڕۆژاوا وای لێکرد کە بە چەکی ڕۆبڵەوە بێتە پێشەوە و لەوەش ناچێ پاشەکشە بکات لەم هەنگاوە چونکە هەر وەک چۆن یوانی چینی لەم ساڵانەی دواییدا بۆتە ڕەقەم لە تەک دۆلار و یورۆ و پاوەندی ئوستەرلینی بەریتانیدا ئاوهاش ڕۆبڵیش دەبێتە دراوێکی تری خاوەن ڕەقەم.
مانگی ڕابردوو قسە و باسێکی زۆر گەرم دەستی پێکرد و ئێستەش وا لە بواری لێکۆڵینەوە و هەنگاوی جدیدایە ئەویش کردنەوەی بازاڕێکی گەورەی دراوی ئاسیاییە بە هاوبەشی چین و ڕوسیا. ئەم هەنگاوەی ڕوسیا و هەنگاوەکەی سعوودیەش ئەو بابەتە دەهێنێتە سەر خەزێنەی دراوی جیهانی. هەفتەی ڕابردوو سعودیە ڕایگەیاند کە لەمەودوا ئامادەیە نەوت بفرۆشێ و پارەکەشی بە یوانی چاینی وەربگرێ. دیارە بە دوای سعودیەدا وڵاتانی تری وەک بەحرەین و ئیمارات و لەوانەیە میسریش هەمان هەنگاو هەڵبگرێ.
ئەمانە و زۆر شتی تریش، بۆ نموونە ئاڵتونی دەیان و سەدان تەنی ڕوسی کە لە خەزێنەی دەوڵەتی ڕوسیادا هەڵگیراوە بۆ هەر پشتیوانیەکی گەورەی ئاوها، دۆلاری ئەمریکی دەخەنە بەردەم لەرزەیەکی جدیەوە کە نرخی دۆلار ئەو ئاستە قورساییە جیهانییەی جارانی نەمێنێ و لە دوور مەوداشدا لەوانەیە بەرەو داڕمانێکی بێ وێنە ببێ لەوەی کە چیتر وەک تاکە دراوی گێتی نەمێنێ بە تایبەت گەر بێتوو ڕوسیا لە کێشەی ئۆکرانیادا بە سەرکەوتوویی لێی بێتە دەرەوە. ئەم ئەگەرە ڕوروداوەکانی ڕۆژان و مانگەکانی داهاتوو ئەنجامەکەیمان پێ دەڵێ.
خاڵێکی زۆر گرنگ کە دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە کە نەوت و گازی ڕوسیی لەم گەلەکۆمەکێ ئابووریەی غەربدا تاکو ئێستا بە قازانج هاتۆتە دەرەوە. چۆن؟ تاکو ئەم ساتەی من ئەم وتارە دەنووسم نەوت و گازی ڕوسی وەک جاران بەرەو ئەوروپا دەچێ و هەر لەم دوو سێ ڕۆژەی ڕابردوودا ئەڵمانیا و هۆلەندا و بگرە فەرەنساش بە ڕەسمی داواکەی ئەمریکایان ڕەتکردەوە کە واز لە کڕینی گازی ڕوسی بهێنن؛ هەروەها سویفت کۆدی بانکی هەر وەک جاران کاری خۆی دەکات؛ جا ئەوەی لەم نێوەدا درووست بوو بەرزبوونەی نرخی گاز و نەوتی جیهانی بوو لەوانەی ڕوسی. واتە ڕوسیا گەر پێش 24ی مانگی ڕابردوو، ڕۆژەی دەستپێکردنی پەلامارە سەربازیەکەی بوو بۆ سەر ئۆکرانیا، نرخی چەند مەترێک چووارگۆشەی گازی بە 100 دۆلار فرۆشتبێ ئەوا ئێستا 124 دۆلارە، واتە نەوت و گازی ڕوسی لەو گەمارۆ ئابووریەدا قازانجی کرد و ئەوەی زەرەری کرد وڵاتانی ئەوروپا و هاووڵاتیانی ئەوروپی بوون و بەنزینخانەکانیان گەواهی ئەم قسەیەی من دەدەن.
پرسیارێکی گرنگ کە دێتە پێشێ ئایا ئەوروپا دەتوانن بازاڕی تر بدۆزنەوە بۆ جێگرتنەوەی گاز و نەوتی ڕوسی؟ لەگەڵ ئەوەی هەندێ وڵات خاوەن گازی سرووشتی باس دەکرێن وەک قەتەر و جەزائیر و تەنانەت خودی ئەمریکاش، بەڵام هیچیان ناتوانن جێگەی گاز و نەوتی ڕوسی بگرنەوە چ وەک ڕێژە و چ وەک نرخ و چ وەک ئاسانی هاتنە بەردەست و چ وەک ژینگەپارێزی. ئەم پرسیارە وردەکاری زۆری دەوێ و گەر بوار بوو ئەوا لە وتارێکی تردا باسی دەکەم بۆچی هیچ وڵاتێک ناتوانێ جێگەی گاز و نەوتی ڕوسی بۆ ئەوروپا بگرێتەوە. [1]