$یەکگرتووی ئیسلامیی و کێشەی کورد$
نووسینی: #حوسێن محەمەد عەزیز#
چەن وشەیەک ...
پێم وایە، پێوەندیی ئایینیی نێوان نەتەوەی کورد و هێزە ڕامیاریی و دەسەڵاتدارەکانی، هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی (کوردستان) بە گشتیی و (فەڵەستین) بە تایبەتی، هێندە گرنگ نییە. چونکە گەر کوردیش بایەخی پێ بدا، ئەوا نەتەوەکانی فارس، توورک و عەرەب، بە هیچ شێوەیە، بایەخی پێ نادەن. لەبەرئەوەی ئەوان، لە ئەو ئاستە بەرزە مرۆیی، وێژدانیی، دادپەروەریی و ڕووناکبیرییەدا نین، وەک نەتەوەیەکی خاک داگیرکراو و دابەشکراو، لە کێشە گرنگ و ڕەواکەی نەتەوەی کورد بڕوانن، بەڵکوو ئەوەتەی لەنێوچەکدا دەسەڵاتدارن، لە ڕوانگەی ڕەگەزپەرستیی، شۆڤێنیی، مەزنخوازیی و بیری قرچۆکی نەتەوەپەرستییەوە، لە کێشەی کورد دەڕوانن، لەسەر خاکی مێژوویی خۆمان، بە میوانمان دەزانن!
بەڵام ئایینی ئیسلام، وەک دێوجامەیەکی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاردێنن، هەست و هۆشی، ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردی پێ ڕاودەکەن. هەر هێندەش کوردیان دەوێ، وەک جاشبیرە ئیسلامییەکانی (کوردستان)، داکۆکیی لە نیشتمانی ئەو نەتەوانە و ئایینی ئیسلام بکەن، دژی ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی نەتەوەکەی خۆیان بن. ئەگینا، هەرگیز مافی ئازادیی و سەربەخۆیی، بە نەتەوەی کورد ڕەوانابینن!
لەبەرئەوە دەبێ، سەرکردایەتی پارتەکانی (کوردستان) بە گشتیی و باشووری وڵات بە تایبەتی، گوێ لە بانگەواز و داواکاریی، پارتە ئیسلامییەکانی (کوردستان) نەگرن، جیاوازیی لەنێوان کاری ڕامیاریی و نەتەوەیی، لەگەڵ کاری ئایینیی و خواپەرستیدا بکەن.
$پێوەندیی نێوان توورکیا و ئیسرائیل$
جگە لە ئەوەی (توورکیا)، هەر لە ڕۆژی (14. 2. 1952)ەوە، ئەندامێکی کارای بلۆکی سەربازیی (ناتۆ)یە و ڕیزبەندییەکەشی، لە کۆی ئەندامانی بلۆکەکە، (14)یەمین دەوڵەتە. هەروەها زۆر لە مێژیشە، پێوەندیی بە دەوڵەتی (ئیسرائیل)ەوە هەیە، یەکەمین دەوڵەتی ئیسلامییش بوو، ساڵی (1949)، دانی بەسەربەخۆیی (ئیسرائیل)دا نا.
لەبەرئەوە هەر لە کۆنەوە، (توورکیا) وەک دەوڵەتێکی ئیسلامیی، یەکێ لە دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی دەوڵەتی (ئیسرایل) بووە و ئێستەش، لە هەموو کاتێ پتر، پێوەندییەکی باشی ڕامیاریی، ئابووریی و گەشتوگوزارییان هەیە.
بۆیە (توورکیا) و (ئیسرائیل) لەنێوچەکەدا، وەک دوو دۆستی ستراتیژیی وان، پێوەندییەکی مێژوویی، ئابووریی و ڕامیاریی کۆیاندەکاتەوە. تەنانەت ئەم پێوەندییەش، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی پارتە نەتەوەیی و سیکیۆلارەکانی (توورکیا)دا، هەر هەبووە و ئێستەش هەر بەردەوامە. چونکە (ئۆردووگان) کە بە ڕەچەڵەک جوویەکی (گورجی)یە، لە ساڵی (2008)ەوە، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئابووریی هاوبەشی، لەگەڵ (ئیسڕایل)دا مۆرکردووە. هەروەها (توورکیا)، پێوەندییەکی بازرگانیی گەورەی بەهیزیشی، لەگەڵ (ئیسرائیل)دا هەیه، تەنانەت ساڵی (2020)، بڕەکەی (6.4) ملیار دۆلار بوو. بە ئەو شێوەیەش، ئێستە (توورکیا) لەسەر ئاستی جیهان، بە (6)مین دەوڵەتی هاوبەشی بازرگانیی (ئیسرائیل) دەژمێررێ. لە ڕووی گەشتیارییشەوە، پێوەندیی نێوان هەردوو دەوڵەت، ئاستێکی زۆر بەرزی هەیە.
بۆیە بە پاگەندەی (ئۆردووگان) نابێ، گوایە پشتیوانیی گەلی (فەڵەستین) دەکا. بەڵکوو بە ئەم کارەی، تەنیا هەر دەیەوێ، هەست و سۆزی گەلانی مسوڵمان، بە لای خۆیدا ڕاکێشێ! چونکە نە (توورکیا) و نە (ئۆردووگان)یش، بە هیچ شێوەیە، دۆستێکی ڕاستەقینەی گەلی عەرەبی (فەڵەستین) نین، وەک بانگەشەی بۆ دەکەن. بەڵام لەبەرئەوەی دەوڵەتێکی ئیسلامییە، عەرەب و موسوڵمانەکانی دیکە بە گشتیی، ئیسلامی ڕامیاریی بە تایبەتی، قڕوقەپیان لێ کردووە. [1]