$کێ دیکتاتۆری حەقیقیە؟!$
لەنێوان ڕوسیا و چین و غەرب
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
لە لای زۆرێک، بێگومان، وەڵامەکە ئەوەیە کە چین و ڕوسیا دیکتاتۆرن؛ بەڵام چۆن و بۆچی؟ وە ئایا پێوەرەکانی دیکتاتۆربوونی ڕوسیا و چین کامانەن و ئەو دیموکراسی و مافی مرۆڤ و بیری ئازاد و عەدالەتخوازیەی غەرب چین کە هەیەتی و ئەوانی تر نیانە؟ فەرموون با قسەیەکی لێ بکەین.
غەرب، ڕۆژاوا The West، ئەوروپا و ئەمریکا هەرچەندە لە ناوەوەی خۆیاندا کۆمەڵێ کێشە و گرفتی سەرەکیان هەیە بەڵام لە بەرانبەر جیهانی دەرەوەی خۆیاندا یەک کوتلەیەکن، کوتلەیەکی دیکتاتۆری شمولی کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە. لێرەدا دوو شت دەبێ لە یەک جیابکەینەوە ئەویش شارستانیەتی غەربی و سیاسەتی دەوڵەتانی غەربی. ئەم دوو شتە لە یەک جیاوازن و نابێ تێکەڵ بە یەک بکرێن و ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە خاڵی دووەمیانە، واتە سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژاوایی.
واتە جیاوازی دیکتاتۆری بوونی غەربی لەگەڵ چینی و ڕوسی یاخود بڵێم لەگەڵ کوتلەی شەرقی، ڕۆژهەڵاتی The East، تەنیا جیاوازیەکی شکڵ و شێوازیە و هەرسێکیان لە جەوهەردا هەمان پرەنسیپ و هەمان مۆراڵ و عەقڵیەتی دکتاتۆری پەیڕەو دەکات دژ بە بەرانبەرەکانی خۆی.
جا بە پێچەوانەی هەموو ئەو بینین و دید و تێگەشتنانەی کە گوایە غەرب وڵاتگەلی دیموکراسی و ئازادی بیروڕا و وڵاتی قانونە، غەرب کوتلەیەکی دیکتاتۆری ئەم سەردەمەی ئێمەیە بەڵام زۆربە ئەو ڕوح و جەستە دکتاتۆریەی نابینین.
خۆشبەختانە، کێشەی ڕوسیا- یۆکرەین ئەو پەردەیەی بە تەواوی لەسەر سیمای جادوگەرێتی ڕۆژاوا هەڵماڵی. کورد دەڵێ دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە، ئاوهاش غەرب تاکو ئاگرەکە نەهاتە بەردەم ماڵی خۆیان پیشانیان چەندە دکتاتۆر و شمولین. وەک خۆم بۆ چرکەیەک باوەڕم بە هیچ یەکێک لەو چەمکانە نەبووە کە وڵاتگەلی ڕۆژاوایی خۆیانی پێووە بادەدەن وەک دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا و هەڵبژاردن و ...هتد. بەڵام ئەم هەڵوێستەیان دژ بە ڕوسیا هەرچی شمولیەتی ژێر بەڕەیان هەبوو هێنایانە سەر بەڕە.
پێش ئەوەی باسی شمولی بوونی غەرب بکەین با ئەو تۆمەت و گازاندە و گلەییانەی بخەینە ڕوو کە غەرب لە وڵاتە شەرقیەکانی دەگرن بە تایبەت چین و ڕوسیا گوایە مافی مرۆڤی تیانیە و دیموکراسی نین و ...هتد.
با لە چینەوە دەست پێ بکەین: لە وڵاتی چین سێ سەد و دوو زمان و لەهجەی جیاواز هەن و هەر هەمووشیان مافی قسەکردن و پراکتیزەکردنیان هەیە و زۆربەیان مافی نووسین و خوێندنەوەیان هەیە. کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی ناو چاینا مافی قسەکردن و خوێندن و ڕاگەیاندن و نوێنەری سیاسی خۆیانیان هەیە لەگەڵ پارچەی دانیشتوانی جوگرافی خۆیان. (ئەم زانیاریانە من لێرەدا نایان نووسمەوە و هەموو لە گوگڵدا هەن). ئازادی بەرهەمهێنان و کاروکاسبی و نیشتەجێ بوون وەک هەر وڵاتێکی تری ڕۆژاوایە. سیستەمی هەڵبژاردن چ لە ناو پارتی سیاسی حاکمدا یان هەیکەلەی دەسەڵاتدارێتیدا و حوکمی یاسا و داد و دادگاکان هیچ شتێکیان لە ئەوروپا و ئەمریکا کەمتر نیە. تاک حزبی بوون یان فرە پارتی بوون هیچ لە ژیانی جەوهەری سیاسی ناگۆڕێ، تەنیا جیاوازیەک کە هەبێ ئەوەیە لە ڕۆژهەڵات دەم و چاوەکانی سەرۆکایەتی وڵات درەنگتر دەگۆڕدرێن وەک لە غەرب کە ئەم جیاوازیە شکڵیە نەک جەوهەری بە بەراورد بە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکانی غەرب. لە ڕۆژاوا سیستەم هەمان سیستەمە، واتە سیستەمی سەرمایەداری، بەس کارمەندەکان و بەڕێوەبەرە سیاسیەکان بە ناوی پارتی سیاسی و پۆستی سەرۆک کۆماری یان سەرۆک وەزیرانیەوە خۆیان نمایش دەکەن. ئایا هیچ جیاوازیەک هەیە لەنێوان بایدن و ترامپ و ئۆباما و جۆرج بۆش و بیڵ کلینتن و بۆریس جۆنسن و دەیڤد کامیرۆن و تۆنی بلێر و تاتچەر. هەموویان بەشدار و تاوانبارن لە وێرانکاری دنیا و کوشتنی سەدان و هەزاران مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا و دەستتێوەردانیان لە گشت وڵاتانی جیهان.
لە دوای جەنگی جیهانیەوە هیچ سەرۆکیکی چینی بڕیاری شەڕی دژی وڵاتێکی تر نەداوە یاخود دەستیان وەرنەداوەتە ناو کێشە سیاسیەکانی وڵاتانی تر. ئەو گەشە ئابووری وبەرهەمهێنانەی لە وڵاتی چین فەراهەم کراوە بۆ بزنس و کاسبکار و هاووڵاتی ئاسایی لە وڵاتانی غەربی لە ژێر هەڕەشەدایە و ڕۆژ بە ڕۆژیش دەستکەوتەکانی خەڵک بەرەو کەم بوونەوە دەچێت. لە ماوەی بیست ساڵدا نزیک بە نیو ملیار هاووڵاتی چاینی بوون بە چینی مام ناوەند، middle class، ئەم ڕێژەیە لە گەشەی ئابووری کە دوور لە هەر داگیرکاریەکی فیزیکی وڵاتانی تر بووە، ئەوا لە مێژووی هیچ وڵاتێکی ڕۆژاواییدا تۆمار نەکراوە. بۆ نموونە کاتێک ئەمریکا باڵا دەستی بەسەر نەوتی جیهانی و سامانە سرووشتیەکانی تری دنیادا نەما ژیانی خەونی ئەمریکاییAmerican dream لە بار چوو. ئەم حاڵەتە بۆ ئەوروپاش هەر وایە.
سەبارەت بە ڕوسیا، کۆماری ڕوسیای فیدراڵی وڵاتێکە لە بیست و دوو وڵاتی نەتەوەجیاواز و زمان جیاواز پێکهاتووەو هەر نەتەوە نوێنەری ڕەسمی خۆی هەیە لە دۆمای ڕوسی، واتە پەڕڵەمانی ڕوسی. ئەندامانی ئەو پەڕڵەمانە بۆیان هەیە ڕاوبۆچوونی خۆیان لەسەر هەر بابەتێک بدەن. لە ناو ڕوسیا چەند پارتێکی سیاسی جیاواز و ئۆپۆزسیۆن و ڕەخنەگر لە دەسەڵات هەیە و بگرە خۆپیشاندانیش دەکەن و دێنە سەرجادەش. ئەوەی کە میدیای غەرەبی دەڵێ گوایە کەس ناتوانێ فزەبکات ئەوە درۆیەکی گەورەیە. پەڕڵەمان و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی وڵات بە هەڵبژاردن دێنە سەر حوکم. جا ڕێژەی ئینسافی ئەو سیستەمی هەڵبژاردنە چەندە ئەوە بابەتێکی ترە و لە هەمان دەسەلاتدارێتی وەک ئەڵمانیا دەچێ کە چۆن ئەنگێلا مێرکڵ نزیکە بیست ساڵ لە حوکم بوو، لە چاینا و ڕوسیاش هەر وایە بەڵام بە ئارایشتێکی تر و بە ڕێژەیەکی جیاوازترەوە. دیسانەوە دەمەوێ ئەوە بڵێمەوە کە سیستەمی سیاسی ڕوسیا و چین و غەرب لە کرۆکدا هەمان سیستەمن بەڵام بە زاهیر هەندێ شت جیاوازی هەیە. ئالەکسی ناڤانلی کە سیاسیەکی ڕوسیە و چەندان جار لە لایەن پۆلیسەوە گیراوە و دەستبەسەر کراوە، ڕۆژاوا دەیانەوێ وانیشانی بدەن کە ئەوەتا ڕوسیا دکتاتۆرە و ڕێگە بە ئازادی سیاسی نادات، ئەوە جگە لە فێڵێکی غەرب هیچی تر نییە چونکە ناڤانلی بوکەڵەیەکی دەستی غەربیە و دەیانەوێ بیکەن بە قەزیە بەڵام تاکو ئێستا نەیانتوانیوە. ڕۆژاوا بوکەڵەی تری هەبوون و دوایی تڕۆ بوون، وەک بوکەڵەکەی ڤەنزوێلا، خوان گایدۆ، کە بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە کردیان بە گژ سەرۆکی ئێستای ڤەنزوێلادا. لەوەدەچێ زیلینسیکی یۆکرەینیش بە هەمان دەرد بچێ.
لە ڕوسیادا، زیاتر لە هەشتا نەتەوە هەن و ناسنامەی نەتەوەییان لە ژێر هیچ فشارێکی سەرکوتکەگەری وەک تورکیادا نیە. ئەوە درووستە کێشەی هەندێ هەرێمی وەک چەچنیای بۆ هاتە پێش بەڵام ئەوەش ئەمریکا و غەربی لە پشت بوو بەوەی گرووپ و هێزی ئیسلامیان لە کۆمارە کۆنەکانی یەکێتی سوڤیەتی جاران درووست کرد و هانی ڕوسیایاندا.
ئەم قسانەی لێرەدا دەیانڵێم دەربارەی ڕوسیا و چین بەو مانایە نییە کە هیچ خەوشێکیان نیە. بە پێچەوانەوە ئەمانیش وەک هەر وڵاتێکی تری سەرمایەداری یەک دنیا خەوشی سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی و سیاسیان هەیە بەڵام تا ئەو ڕادەیەی بەو پێوەرانە بگەڕێتەوە کە غەرب دایدەنێ بۆ هەڵسەنگاندنی وڵاتان ئەوا ڕوسیا و چین هیچیان کەمتر نییە لە غەرب.
$بلۆکی غەرب: دکتاتۆری سزا ئابووریەکان$
ئەو ڕەگەزانەی غەربی پێ دەناسرێتەوە و خۆیشی خۆی پێوە با دەدات لە هەموو جیهاندا وەک مافی مرۆڤ و دیموکراسی و هەڵبژاردن و ئازادی بیروڕا و ڕاگەیاندن گەر لە هەر وڵاتێکی تردا بوونی هەبێ و ئەڵقە لە مستی ئەمان نەبێ ئەوا بێ یەک دوو دەکرێتە نیشانە و بە چەندان شێوە تۆمەتباری دەکەن هەر لە ئاسیای دوور و ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەارستەوە تا دەگات بە ئەفریقیا و کیشوەری ئەمریکای لاتین.
لە بواری ئازادی بیروڕادا، بلۆکی غەربی دیکتاتۆری وەک خۆیان نیە. جولیان ئاسانج نموونەیەکی بەڵگەنەویستی ئەم قسەیەی ئێمەیە. جولیان ئەسانج ڕۆژنامەنووسێک بوو تەنیا ئەو دۆکیومینت و فایلانەی بڵاوکردەوە کە دەبێ خەڵک بیانبینن چونکە مافی خەڵکە بزانێ وڵاتەکانیان چی کردووە لەو شەڕەی کە خەڵک پشتیوانی کردن بە گیان و گیرفانیان. کەچی لە بری ئەوەی خۆیان سزابدرێن کە چ درۆیەکیان لەگەڵ خەڵکەکەی خۆیان و جیهاندا کرد کەچی جولیان ئەسانجیان زیندانی کردووە بەوەی کە نهێنی وڵات ئاشکرا دەکات لە کاتێکدا بە پێی ئەو دەستور و قانونانەی لە بەندەکانی تایبەت بە ڕاگەیانداندا هەیە لە وڵاتانی غەربی، دەبێ میدیاکاران دەستیان بە هەر زانیاریەک ڕابگات سەبارەت بە مەسەلە چارەنووس سازەکانی وڵات لەوانە شەڕ و تێچوونەکان و ڕووداوەکانی ناوەوە و دەرەوەی.
بەهۆی ئەو باکگراوندە مێژووییە ئیمپریالیستی و توانا پیشەسازی و داهێنانە تەکنۆلۆجیەی هەیانە بلۆکی ڕۆژاوا بووە بە دەوڵەمەندترین کوتلەی ئابووری لە جیهاندا، بەڵام ئەم دەوڵەمەندیەیان هەمیشە بۆ مەرامی خراپ بەکارهێناوە چ لە یارمەتیدانی هێز و گرووپ و دەسەڵاتدارە سەرکوتکەرەکان و چ لە بەکارهێنانی وەک چەکێک. گەمارۆی ئابووری بۆتە ستراتیجیەتی سیاسی غەرب کە نامەردانە و نائینسانیانە بەکاری دەهێنن دژ بە هەر کەس و لایەن و قەوارەیەک. گەمارۆی ئابووری ژەهراویترین چەکە کە غەرب بەکاری دەهێنێت دژ بە میللەتان. لە ژێر ناوی سزای سەرۆکێک یان دەوڵەتێک، کە هیچ زیان بە سەردارانی وڵاتەکە ناگەیەنێ، سزای میللەتێک دەدەن و ئامانجەکەشی وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی وڵاتەکەیە تاکو ئاسان بۆیان بلوێت کێ دەهێننە سەر دەسەڵات و چۆن ملکەچی خۆیانی دەکەن. سزا ئابورریەکانی سەر ئێراق و ڤەنزوێلا و ئێران و ..هتد ئەو ئەنجامە نائینسانییەی لێی کەوتۆتەوە کە خەڵک بە برسێتی و بێکاری و نەبونیەوە پێوەی دەتلێنەوە، ماهیەتی دوژمنکارانەی ڕۆژاوا پیشان دەدات بەرانبەر بە مرۆڤایەتی.
لە پەیوەند بە کێشەی ڕوسیا-یۆکرەینەوە ڕۆژاوا لەهەر کات زیاتر سیاسەتی دووفاقەیی و دوژمنکارانەی خۆی سەلماندەوە بە دەیان قات. هەرخۆیان پەلاماری ئێراقیان دا لە ژێر ناوی ئازادکردنی ئێراق، ئەفغانستانیان وێرانکرد لە ژێر ناوی ڕاوەدوونانی تیرۆریزم، لیبیایان بۆمباراکرد تا ڕادەی کوشتنی سەرۆکەکەی و دواتر پێکەنین بۆ کوشتنەکەی وەک پێکەنینەکەی هیلاری کلیۆنتۆن بە دیار بینینی تەرمەکەی قەزافیەوە، ....هتد. بەڵام بۆ یۆکرەین کە وڵاتێکی ئەوروپیە و دراوسێی هەرە نزیکی جوگرافیانە کاتێک لە لایەن ڕوسیاوە پەلامار دەدرێ بە داگیرکاری ناوزەدی دەکەن. لەمەش واوەتر ئەوەی لە دەستیان هات کردوویانە تاکو ئێستا. هەر لە گەمارۆی ئابووریەوە بە هەموو ئاست و جۆرەکانیەوە تا دەگات بە کۆمەکی چەک و تەقەمەنی هەرە قورس و پارە و پولێکی بێ شومار بۆ هێزی سەربازی ئۆکرەین و تەنانەت کڕینی چەکدار لە وڵاتانی تر و ناوخۆی خۆیانەوە بۆ شەڕ دژ بە ڕوسیا کە لە ڕاستیدا ئەوە جگە لە وێرانکردنی یۆکرەین هیچ شتێکی تری بە دواوە نییە و نابێ چونکە هاوسەنگی هیزەکان قسە دەکات نەک دروشمی نیشتمان پەروەری و نەتەوەچێتی.
ئەم گەمارۆی ئابووریە، بەتایبەت لە بواری سیستەمی بانکیدا کە بە سویفت دەناسرێ، وەزیری مالی فەرەنسا ناوی چەکی ئەتۆمی ماڵی دژ بە ڕوسیا. بلۆکی غەربی بەمەوەشەوە نەوەستان، هەستان بە دەرکردن و سزادانی کەسانی زیندووی و مردووی فەرهەنگی و هونەری ڕوسی لەوانە دۆستۆڤسکی. هەر کەسێکی ڕوسی لە ئەوروپا گەر بێتوو ئیدانەی ڕوسیا نەکات ئەوا یان دەردەکرێ یاخود سزا دەدرێ وەک چۆن سزای خاوەنی یانەی تۆپی پێی چڵسی، ڕۆمان ئەبرامۆڤیج، دا. دوێنێکە حکومەتی ئەڵمانیا داوایان لە میوزسیۆنی گەورەی ڕوسی و ئۆرکسترای مۆسیقا لە میونیخی ئەڵمانیا، ڤالەری گەرگیێڤ، کرد کە دەبێ ئیدانەی ئەو شەڕە بکات ئەگەرنا دەردەکرێ، ئەویش خاڵی دوەمیانی هەڵبژارد و گەڕایەوە بۆ ڕوسیا. لە زانکۆکانی غەرب بڕیاندا ئەدەبی ڕوسی نەخوێنن. دۆستۆڤیسکی کە سەدە و نیوێکە مردووە کەچی کەوتە بەر سزای غەرب. لەمانەش واوەتر، وەرزش کە هەردەم بانگەشەی ئەوەی بۆ کراوە کە سەربەخۆیە لە هەموو شتێک و نابێ تێکەڵاوی سیاسەت بکرێ کەچی ڕوسیا لە جامی جیهانی تۆپی پێ دوورخستەوە و یانەکانیشیان مەحرومکردن لە هەر بەشداریەکی دەورە ئەوروپیەکاندا. تەنیا ئەم خاڵە بەسە بۆ ئەوەی درۆ و فروفیشاڵانەی غەرب بەتاڵ بکەیتەوە سەبارەی بەو چەمکانەی مێشکی هەموو دنیایان پێ کەڕ کردووە. هەروەها یوتیوب و گوگڵ و فەیسبووک و ئەنیستا گرام و هتد بڕیاریان داوە ڕوسیا بێ بەش بکەن لەهەر شتێک.
ئەمانە هەمووی ئەو کەرەستە ئیمپریالیستیانەن کە بلۆکی غەرب دژی هەر وڵاتێک بەکاری دەهێنن گەر بە دڵیان نەبوو. هەموو ئەم کەرەستانەیان بە ناوی پێشکەوتن و بریقەداری غەربەوە خستە بەردەم دنیا کەچی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سیاسەتەکانی خۆیاندا وەک چەکێک بەکاری دەهێنن.
بۆیە دەڵێم ترسنۆکانە چونکە هەردەم ترسنۆکەکان و نامەردەکان بە گیرفان و سامانەکەیانەوە دەخوڕن. ئەوەتا ئۆکرەین وا بە تەواوی وێران دەبێ کەچی بۆ چرکەیەک ئامادەییان پیشان نەدا لە مەیداندا لەگەڵ یۆکرەینەکاندا بن. ترسنۆکەکان پەلاماری لاواز و بچوکەکان دەدەن وەک چۆن پەلاماری ئێراق و ئەفغناستان و لیبیا و سڕبیایان دا کەچی بۆ ڕوسیا کە دەزانن وڵاتێکی بەهێزە تاکو ئێستا نەیانوێراوە و ناشوێرن یەک سەربازی خۆیان بنێرن جگە لە هاندانی یۆکرەینیەکان بۆ شەڕێکی خۆتڕین. کورد دەڵێ کە زۆر هات قەوالە بەتاڵە. کاتێک ناتۆ خۆی ناوێرێ بەرەو ڕووی ڕوسیا ببێتەوە بەگژداچوونەوەی ڕوسیا لە لایەن یۆکرەینەکانەوە جگە لە خۆکوشتن و وێرانبوون و سووتانی زیاتری وڵاتەکەیان هیچی تر نیە.
خاڵێکی تر کە گرنگە ئاماژەی پی بدەم ئەوەیە کاتێک غەرب قسەدەکەن بە ناوی هەموو جیهانەوە قسە دەکەن. بۆ نموونە دەڵێن جیهان هەموو دژی ئەو شتەیە، بەڵام ڕوونە ئەو جیهانەی ئەوان مەبەست ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدایە کە دانیشتوانی هەموویان ناگاتە دانیشتوانی وڵاتێکی وەک چین یان هندستان. ئەم وتاری قسەکردنە بەناو جیهانەوە لە چەند ڕوویەکەوە گرفتی هەیە. بۆ نموونە ئەوان غەرب بە هەموو جیهان دادەنێن کە ئەمەش نەخۆشییەکی سیاسی و لاوازی فکری و خۆ بە زل زانینە چونکە هەڕەشەکردن لە وڵاتانی تر بە پارە و سزای ئابووری لەوەی کە دەبیێ لەگەڵیان بن لە دەنگدان دژی ڕوسیا یان هەر وڵاتێکی تر و ترسی ئەو وڵاتانەش لێیان بە هەموو جیهان لە قەڵەم دەدەن. پاشان، ئەوە ئێمەین کە لەم قوتبی دنیای ڕۆژاوا یاخود ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی تەک غەربەوە پێمان وایە ئێمە و ئەوان گشت جیهانین بەڵام لە ڕاستیدا ئێمە یەک لەسەر سێ یان چواری جیهانین. کێشەیەکی تر لەم چەمکی بە ناو جیهانی قسەکردنەوە ئەوەیە کە ڕوحی ئیمپریالیستی بەسەر جیهاندا پیشان بدەی جا چ لە ڕێگەی ترساندنی ئەوانی ترەوە بێت یاخود لە ڕێگەی قۆرخکردنی سیاسەتی ماڵی و دراوی جیهانیەوە بێت کە دەرفەتێکی مێژوویی ئەو دەستکەوتەی پێ بەخشین و لەوەدەچێ لە دەستیشی بدەن وەک چۆن هاتۆتە نێو دەستیان.
لێرەدا یەک خاڵی جەوهەری تر دێتە پێشێ: پەنابردن بۆ ئەم هەموو سزایانە لە وردەوە بۆ درشتی بە ئاشکرا ئەوە نیشان دەدات کە ئامانج تەنیا پۆتین و چینی دەسەڵاتداری سیاسی ئێستای ڕوسیا نییە بەڵکوو ئامانج خەڵکی ڕوسیایە بە مێژووەکەی و ئەدەبەکی و هونەرەکەی و تەنانەت وەرزشەکەشی. ئەم خاڵە جەوهەریە ئەوە نیشان دەدات کە بلۆکی غەرب دژی خەڵک ئەو وڵاتەن، چەندە دژی ئینسانی ڕوسین بە هەموو مانایەکیەوە و هەر پڕوپاگەندەیەکی کە دەیکەن دەربارەی مافی مرۆڤ جگە لە درۆیەکی شاخدار هیچی تر نیە. [1]