$ڕەخنە لەخۆگرتن$
نووسینی: #حەمەسەعید حەسەن#
$مردووەکان لە ناخماندا دەڕۆن،
هەندێک جار پێڵاوەکانیشمان لەپێ دەکەن$
ڕیستۆس
ئایین زادەی هەلومەرجێکی دیرۆکییە، کەچی چەندان سەدە بەسەر ئاوابوونی خۆری ئەو هەلومەرجەدا تێپەڕیوە و چرای ئایین هەر خامۆش نەبووە. ئایین لای مارکس، تێڕوانینێکی میللییە بۆ گەردوون، کەچی هێشتا تێڕوانینە زانستییەکان، جێیان بەو تێڕوانینە میللییە لێژ نەکردووە. ئیسلامی کۆن، مارەبڕین و تەڵاق و خەتەنە، لە (جوو)ەوە فێر بووە، کەچی ئیسلامی هاوچەرخ، هیچ لە چەپەکانەوە فێر نەبووە. قورئان ڕووی زاری تەنیا لەوانەیە کە بڕوایان بە غەیب هەیە: (الذین یؤمنون بالغیب. البقرة 3) کەچی ژن هەیە، بڕوای بە غەیب نییە و ناچارە لەچکیش بکات. لەلایەکەوە خوا خالقی خۆمان و کردەوەکانیشمانە: (واللە خلقکم وما تعملون. الصافات 96) کەچی لەوڵاترەوە، هەر چی چاکەمان بێتە ڕێ، کاری خودایە، وەلێ تووشی هەر خراپەیەک ببین، سووچ و گوناهی خۆمانە: (فما أصابک من حسنة فمن اللە، وما أصابک من سیئة فمن نفسک. النساء 79)
محەمەد دروودی خوای لێ بێت، نزیکەی بیست ژنێکی هێناوە، لەگەڵ سێزدەیان هاوجێیی کردووە، ڕێک کەوتووە یازدەی هەبووبێت، کە گیانی سپارد، نۆی هەبوو. ئیدی بۆچی ڕەخنە لەو سەرکردانە بگرین کە ژمارەی ژنیان، دوو هێندەی ژمارەی حیزبە ئیسلامییەکانی هەرێمیش نابێت! مێرد تەنانەت کاتێک بە ویستی خۆیشی بزر دەبێت، ژن پێویستە چەند ساڵێک چاوەڕێ بێت، تا مۆڵەتی شووکردنەوە وەردەگرێت، کەچی ژن کە حازریش بێت، پیاو دەتوانێت، کەی ویستی ژنی دیکە بخوازێت!
جارانی زوو تاک ژنومێردایەتی سەرپێچیکردن بوو لە ئایین، ئەو ژنەی نیازی شتی وای هەبووایە، دەبوو بۆ سڕینەوەی ئەو سەرپێچییە، پێشەکی ماوەیەک لەگەڵ کۆمەڵێک پیاودا نووستبا. ئێستا ئەگەر ژنێک لە هەندەران گومانی ئەوەی لێ بکرێت، لەگەڵ غەیری مێردی خۆی نووستوە، دەینێرنەوە بۆ هەرێم، لەوێ دەیدەنە بەر ڕێژنەی گوللە. پێ دەچێت هیچ دەڤەرێک ئەوەندەی هەرێم بۆ قەلاچۆکردنی ژن لەبار نەبێت.
جاران جۆرێکی تربوو، فرەژنی و فرەمێردییش هەبوون. ئەگەر لە خێڵەکەی خۆت، کیژ زیندەبەچال کرابا، سووک و باریک لە خێڵێکی دیکەی کچدۆست، ژنێکت دەڕفاند. ئیسلام دژی زیندەبەچاڵ و زێدە لە ماڵی باوک مانەوەی کچە، جەعفەری سادق پێی وایە: (یەکێک لە نیشانەکانی بەختەوەری، بەشوودانی کچە، پێش ئەوەی بزانێت، سووڕی مانگانە چییە.)
جاران دژی ژنی مەکرباز بووم، بەڵام کە بینیم: (إن اللە خیر الماکرین. أل عمران 54) ڕەخنەم لە خۆم گرت. جاران گاڵتەم بە کەس نەدەکرد، بەڵام کە دیتم (اللە یستهزي بهم. البقرة 15) خووم دایە ئەدەبی گاڵتەجاڕی. جاران فێڵم لە کەس نەدەکرد، بەڵام کە بەوردی سەرنجم دا، (إن المنافقین الذین یخادعون اللە، اللە خادعهم. النساء 141) ئامۆژگارییەکانی مام ڕێویم وەک ئەی ڕەقیب لەبەر کرد.
فەلسەفە لە پەڕتووکدا نییە، لە ڕەوتاری شوێنکەوتووانی فەلسەفەکەدایە. من لە دەقە دێرینەکاندا بۆ وەڵامی پرسیارە نوێیەکانم ناگەڕێم، لە دووتوێی پەڕتووکدا بۆ شەریعەتی خوا ناگەڕێم، ناو دڵی ئینسانی بۆ دەپشکنم. ئیسلام لە هەڵسوکەوتی ڕێبەرەکانیدایە، (القرأن بین دفتي المصحف لا ینطق، وإنما یتکلم بها الرجال. الإمام علي) با هەموو ئەوانەی لە دەقی قورئاندا بۆ ئیسلام دەگەڕێن، بە خۆیاندا بچنەوە.
ئەوانەی دەیانویست بە پاچی جنێو، بەردی بناغەی تەلاری دەسەڵاتی ئیسلام لەق بکەن، تووشی گلان هاتن، گلان شەرم نییە، ئەوە نەنگییە گلاو هەوڵی هەڵسانەوە نەدات. نابووتبوونی بانکی ئیسلام، بە گۆڕانکارییە ڕیشەیییە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەندە، نەک بە لێکدانەوەی بێسەوادانەی دەقی قورئانەوە. ئەوی دەیەوێت کەلەپووری ئیسلام، لە مۆزەخانەی فۆلکلۆردا تەپوتۆزی لێ بنیشێت، با لایەنگری ئەو هەوڵانە بێت، بۆ ڕووخاندنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییە باوەکان لە ئارادان. بەینی خۆمان بێت، مەترسیی ئەوە هەیە، ژێرخانی کۆمەڵی کوردەواری بە تەواوی خاپوور ببێت و سەرخانەکەی، کە ئایین یەکێکە لە بەشە گرنگەکانی، مێشێک میوانی نەبێت.
*
ئەو سەرنج و تێبینییانە کە زیاتر لە وڕێنەی کەسێک دەچن لە گیانەڵڵادا بێت، ڕەشنووسی وتارێکی ڕەحمان قەرەگابەردی بوو، هەفتەنامەی (کلیلی بەهەشت) کە ئۆرگانی باڵی چەپی حیزبی خوای شۆڕشخوازە، پاکنووسەکەی بە ئاگری دۆزەخ سپارد. [1]